ZNA ــ هەولێر یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت گەشبینە بەوەی تا کۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ بەرگریی گشتی لە دژی پەتای کۆرۆنا، لە نێو خەڵکەکەیدا دروستبێت، ئەمە وێڕای ئەوەی کە بەشێک لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە لە دابینکردن و دابەشکردنی ڤاکسینی دژی پەتاکە رووبەڕووی کێشەبوونەتەوە.
کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا پێشتر رایگەیاندبوو کە مەبەستیانە تا کۆتایی وەرزی هاوین لانی کەم 70٪ـی دانیشتووانە پێگەیشتووەکانی یەکێتیی ئەوروپا بکوتێت، بەڵام ئێستا بە پشت بەستن بەو ژمارە زۆرە ڤاکسینەی کە چاوەڕێ دەکرێت لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا بەرهەمبهێنرێن، تا کۆتایی مانگی حوزەیران بەو ئامانجە دەگات.
لەبارەی کوتانی 70٪ـی دانیشتووان یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت، بەدیهێنانی ئەو ئامانجە تاوەکو کۆتایی مانگی حوزەیران گونجاوە، چونکە هەر لە ئێستاوە نزیکەی 107 ملیۆن ڤاکسینیان دابەشکردووە و بڕیارە تا 360 ملیۆن ڤاکسینی دیکەش لە سێ مانگی داهاتوودا دابەشبکات.
ستێفان دو کیرسمەیکەر، گوتەبێژی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا، دەڵێت بە دابەشکردنی ئەو بڕە ڤاکسینە "دەکەوینە دۆخێکەوە کە بەرگریی بەکۆمەڵی پێویستمان دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە."
بەڵام ئەو بەرپرسەی یەكێتیی ئەوروپا جەختیشی لەوە کردەوە کە بەدەستهێنانی ئەو ئامانجە بەندە لەسەر درەنگ نەکەوتنی وەرگرتنی ڤاکسینەکان و دابەشکردنیان لەلایەن 27 وڵاتە ئەندامەکەیەوە.
بە لەبەرچاوگرتنی کاروانی یەکەمی ڤاکسینەکان کە ژمارەیان نزیکەی 107 ملیۆن بوو، هەروەها بە زیادکردنی ئەو ڤاکسینانەی کە بڕیارە لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا بگەیێنرێتە ئەوروپا کە ژمارەیان نزیکەی 300 تا 360 ملیۆن ڤاکسین دەبێت، پێشبینیدەکرێت 70٪ـی دانیشتووانی ئەوروپا بکوترێن و بەرگریی گشتی دروستببێت.
بەپێی ئاماری بلومبێرگ تاوەکو ئێستا لە سەرانسەری جیهان نزیکەی 690 ملیۆن ڤاکسین دابەشکراوە، لە یەکێتیی ئەوروپاش زیاتر لە 82 ملیۆن ڤاکسین دابەشکراوە و رۆژانە ملیۆنێک و 657 هەزار کەس لە ئەوروپا ڤاکسین وەردەگرن.
ئەم هەواڵە 154جار خوێندراوەتەوە |