English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
کۆڵبەرانی کورد و ستەمی دوو هێندەی دەوڵەت لە سەریان
2016-03-31 [12:08 PM]

نووسینی: موحسین ڕەزەوی


 

ئەم رۆژانە لانیکەمی حەقدەستی کرێکارێک لە مانگدا بە812 هەزار تمەن دیاری کراوە. ئەوەش ئەم بڕە پوڵە نییە کە بە سەرنجدان بە دۆخی ئاوسانی ئابووریی چوار - پێنج ساڵی بە دوای یەکدا، بکرێ پێی بژی. هەڵبەت ژیانی راستەقینەی کرێکاران کەمێک لە 812 هەزار تمەنی دەوڵەتییش خراپترە. ئەم لانیکەمە حەقدەستانە بۆ ئەو کرێکارانەیە کە لە لایەن خاوەنکارانەوە کاریان پێ دراوەو دەکرێ بڵێین کاریان هەیە.  بەڵام هەموومان دەزانین بەشێک لە کرێکارانی ئێرانی لە دۆخێکی جۆرێک بێکاری دان کە پێیان دەگوترێ کرێکاری رۆژکار. کرێکارانی رۆژکار بە پێی رەواڵ لە شوێنێکی دیاریکراوی شاردا کۆ دەبنەوەو ئەگەر خاوەنکارێکی یەک رۆژە و هێندێک جار چەند کاتژمێری‌یان لێ پەیدا بێ، وەها لە دەوری خاوەنکار دەهاڵێن وەک بڵێی خوا فریشتەیەکی بۆ ناردبن. 
یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەندی ١ی  ئەسڵی ٤٣، لە بابەت پێویستیەکانی هەر هاوڵاتیەکی ئێرانی دەڵێ: خانوو، جلوبەرگ، خۆراک، دەرمان، پاکوخاوێنی، فێرکردن و بارهێنان و پێویستیەکانی پێکهێنانی بنەماڵە بە مافی هەر هاوڵاتیەکی ئێرانی دەزاندرێ. 
ئەگەر کرێکارانی رۆژکاریش وەبەرچاو نەگرین کە دەرفەتی دابین کردنی مافەکانی بە هیچ شێوەیەک لە ئارادا نییە، ئاخۆ ئەو کرێکارانەی کە کاریان هەیە، بە ۸۱۲ هەزار تمەن دەتوانن ژیانی خۆیان هەڵسووڕێنن؟؟
بە 812 هەزار تمەن کام یەک لەو مەرجە بنەڕەتیانەی لە ئەسڵی ٤٣دا هاتوون، دابین دەبن؟؟
لە کام گەورەشاری ئێراندا بەو بڕە پووڵە دەکرێ  قوژبنێک بە کرێ بگیرێ؟ خۆ ئەگەر ئەو پوڵەش بۆ کرێ خانوو بە بەس بزانین، ئەدی خۆراک و جلوبەرگ و دەرمان و فێرکردن و بارهێنان و پێویستی و تێچووی رۆژانەی دیکە بە کام سەرچاوەی داهات جێبەجێ بکرێن؟ 
ئەوەش لە حاڵێک دایە بەندی ٢ی مادەی ٤٣، دەوڵەتی راسپاردوە کە بۆ ئەو کەسانەی توانایی کاریان هەیە بەڵام کاریان دەست نەکەوتوە، لە رێگای ئاسانکاری و دانی قەرزی بێ سو بە سەندیکاکان، یارمەتییان بدا تا کار بۆخۆیان بدۆزنەوە. با لەوەش گەڕێین کە بانکەکان هیچ پێیان خۆش نییە بەڵێننامە لە گەڵ کرێکارانی بێکار ببەستن یان قەرزیان بدەنێ. ئاخۆ دەوڵەت لەم بارەوە ئەرکی خۆی بە جێ هێناوە؟
بەڵام لە کوردستانی ئێران لە گەڵ کێشەیەکی زۆر گەورەتری کرێکاران بە تایبەت ئەو کرێکارانەی کە پێیان دەگوترێ "کۆڵبەر"، بەرەوڕووین. نەبوونی باڵانس لە گەشەکردنی وڵات و کۆبوونەوەی ئابووری لە ناوەند و بێبەش بوونی پەڕاوێز، ئەم لانیکەم دەرفەتانەش کە بۆ کرێکارێکی ناوەند هەیە، لە کرێکارێکی کوردستانی ئەستاندوە. جگە لە کرێکارانی وەرزی کە  بۆ ماوەی مانگێک لە ساڵدا بە شێوەی پچڕ پچڕ لە بەشی کشتوکاڵی سوننەتی کاریان دەست دەست دەکەوێ، ئەوانی دیکە ئەو کرێکارانەن کە بارگە و بنەیان دەپێچنەوەو رێگای کوورەخانەکان لە شارەکانی ناوەند دەگرنە بەر. لە گەڵ پێشکەوتنی کوورەخانەکان کە بە کاربردنی هێزی ئینسانی چیدیکە بۆ خاوەن کوورەخانەکان دەریناهێنێ، بەشێکی دیکە لە هێزی بێکار پەیوەست بە کۆمەڵگای کوردستان بوون کە بۆ دەرهێنانی بژیو ئامادەن خۆ بە ئاو و ئاور دادەن. 
کۆڵبەری دۆخێکی بە ژانە. رۆژانە سەدان کەس بە پێیان و بە رێچکە و رێبازە شاخاویەکانی سنووردا بار لە کۆڵ دەنێن و چەندان کیلۆمیتر مەترسیی تێپەڕین لەو کوێستانانەو رووبەڕووبوونەوە لە گەڵ کەمینی هێزە چەکدارەکانی سەر سنوور بە گیان دەکڕن و هەوڵ دەدەن نەکەونە بەر تیری راستەوخۆی ئەم هێزانە (ئەوانەش کە وەبەر فیشەک دەکەون، هیچ بەرپرسایەتیەکی بۆ ئەو هێزانە نییە و ئەوانیش ئیدیعا دەکەن کە فیشەکی مەشقی‌یان پێوە ناون) و خوێنیان بە فیڕۆ نەچێ. 
لێرە نەک هەر باسی لانیکەمی حەقدەست و مەرجەکانی خزمەتگوزاری و بیمەی دەرمانی و شتی وا لە ئارادا نییە، تەنانەت ئەو کرێکارە بەخت ڕەشانە لە روانگەی دەوڵەتدا مافیای کەلوپەلی قاچاخن کە رۆڵێکی گەورەیان لە تێکدانی ئابووریی وڵاتدا هەیە!! 
رەنگە ئەمەش لە لاوازیی و ناکارایی دەوڵەت بێ بۆ پێشگیری لەو باندە مافیاییە زەبەلاحە خۆییانەی کە قاچاخی کەلوپەل دەکەن و دەوڵەت  شەرم دەکا بەرەنگاریان بێتەوە. بۆیەش ناچارە هەموو رقی خۆی بە سەر کۆڵبەرانی بێچارەدا بڕێژێ. بە جۆرێک کە ساڵانە سەدان کەس دەبن بە قوربانیی دەسڕێژ و تەقەی راستەوخۆی هێزە سنوورپارێزەکان. زانیاریەکان باس لەوە دەکەن کە ئەمساڵ زیاتر لە ١٣٠ کەس بەو جۆرە گیانیان لێ ئەستێندراوە.





ئەم هەواڵە 15091جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ببینە ھاندەرانی بەرازیل چۆن بەرد بارانی ھەڵبژاردەکەیان دەکەن
وانەی وەرزش لە ژاپۆن
به‌ ڤيديۆ.. جيهانى ئه‌مڕۆمان چى به‌سه‌ردا هاتووه‌
سەیرترین رووداوەکانى ھاتووچۆ
كوشتنی به‌رێوه‌به‌ری پاسه‌پۆرتی پارێزگای بابل
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad