English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
 بچینەوە بەغدا؟
2016-04-03 [10:46 AM]


 بچینەوە بەغدا؟
ئاریـــان فــــه‌ره‌ج

ئەوانەی رژێمی سەدامیان سەرنگوون كرد، بە درەنگەوە تێگەیشتن كە بەڵای عێراق تەنیا دیكتاتۆرێك نەبوو تا بە لەنێوبردنی، چ بەڵای نەمێنێ، تەنیا مەركەزییەت و تاكحزبی و عەسكەرتارییەت و حوكمی ئاگر و ئاسن نەبوو، تا بە دیموكراسی و فیدرالیزم و شەراكەت و فرەیی و حوكمی مەدەنی و باڵادەستیی دەستوور و یاسا، لە وڵاتێكی بێ ئۆقرەی پڕئاشووبەوە ببێتە شامی شەریف.

هەمووان بە درەنگەوە تێگەیشتن كە بەڵا و دەردی عێراق، خودی عێراق خۆیەتی، نەخۆشییەكەی عێراق ناوی (عێراق)ە كە وڵاتێكی بەزۆر و بە تۆپزی دروستكراو و پێكەلكێنراوە كە هەتا بمێنێ دەرد و بەڵا دەردەدات و هەرگیز ئۆقرەناگرێ. 

وڵاتێكە پێكهاتەكانی نە دەتوانن شەریك بن و پێكەوەهەڵكەن و نە دەشتوانن پاشكۆیەتی یەكدی قبووڵكەن. وڵاتێكی بێ هاووڵاتی و بێ ناسنامەی هاوبەشە. 


هەرچی شیعە و سوننەكەیەتی وەلائیان بۆ عروبە و مەزهەب و، هەرچی كوردەكەیەتی وەلائی بۆ كوردایەتی و سەربەخۆیی سەد هێندەی وەلائیانە بۆ وڵاتێك كە ناوی عێراقە. هەموان بەدرەنگەوە لەو راستییە سادەیە گەیشتن، كە ئەم وڵاتە تەنیا زەبروزەنگ بە یەكگرتوویی دەیهێڵێتەوە و بە لاچوونی زەبروزەنگ، لەبەریەك هەڵدەوەشێ. مێژوو و كولتوور و رووداوەكانی سەد ساڵی رابردووی ئەم وڵاتە خوێناوییە نە بۆ شەراكەت دەگونجێ و نە بۆ دیموكراسی و نە بۆ حوكمی مەدەنیانەی پێشكەوتوو. لەم كوردستانەی خۆمانا، رەوتێك زوو دركی بەم راستییە كرد و، تێگەیشت مانەوە و ئومێدهەڵچنین لەسەر عێراق، مایەپووچی و بێجەدواییە، زوو تێگەیشت كە دواجار ئەم وڵاتەبەزۆر بە وڵات كراوە هەڵدەوەشێ و دەبێ گەلی كوردستان تا ئەوكاتە مشوورێكی خۆی خواردبێ و سەرگەردان نەبێ. 


ئەم رەوتە سەربەخۆییخوازە، ئەگەرچی هیچ هەنگاوێكی پەلە و ناوەختی نەنا، بەڵام هەر زوو دەستی كرد بە پرۆسەی نیشتمانسازی و رێگەی خۆجیاكردنەوە و بیناكردنی ژیرخان و بیركردنەوەی ئایندەیی. 


هاوشان رەوتێكی دیكە پێیوابوو ئێمە دووركەوینەوە لە عێراق گورگ دەمانخوا، تەنانەت دەیویست ئەم حەقیقەتەی كە عێراق دوور لە ویستی كورد و بە تەبیعەتی حاڵ هەڵدەوەشێ و نامێنێ، بە خەتای خۆمانی بزانێ و، ئیدیعای ئەوەی دەكرد كە ئەوە ئێمەی كوردین نێوان لەگەڵ بەغدا تێكدەدەین و ململانێی شەخسیمان لەگەڵ فڵان و فیسار هەیە و جوداخوازی دەكەین و نەوت تەسلیم ناكەین و زێدەڕۆیی دەكەین.


ئێستا و دوای دوایین رووداوەكانی بەغدا و، ژێرپێنانی شەراكەت و تەوافوق و پێكهاتنە سیاسییەكان لەلایەن خودی دەسەڵاتدارانی بەغداوە، دوای ئەوەی راستییەكان ئیدی حاشاهەڵنەگر و وەك خۆری رووناكن. هەردوو رەوتەكەی كوردستان بەهەمان دید دەڕواننە راستییەكان. 


ئێستا ئیدی كەس نەما دڵنیاییەكەی حەوت ساڵ لەمەوبەری سەرۆك بارزانی لا دروست نەبووبێ، كە پێشبینی كردبوو عێراق بەرە و پێشێلكردنی دەستوور و هەموو ئەو بنەما و پرنسیپانە مل دەنێ كە دوای رووخانی سەددام لەسەری بنیاتنرایەوە و، بەوەش خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە.


ئێستا ئیدی بۆ هەموو لایەك روونبۆوە كە ئەوە بارزانی نەبوو ململانێی شەخسیی لەگەڵ مالكی هەبوو، بەڵكو ئەوە خودی عێراق خۆیەتی كە ململانێیەكی سەختی لەگەڵ وجودی خۆی هەیە و، ماكی هەڵوەشان و هەڵوەرینی خۆی لەهەناوی خۆیدا هەڵگرتووە.





ئەم هەواڵە 2590جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
زۆر خراپ دەکەوێتە خوارەوە
لە قافا گیرا
سامسۆنگ گاڵتە بە ئەپڵ دەکات
ژیانی خۆی کردە قوربانی سەرشێتیەک
خراپی لێ قەوما
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad