English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
حکوومەتێکی تەکنۆی بێ کراتی لە بەغدا
2016-04-03 [10:46 AM]


حکوومەتێکی تەکنۆی بێ کراتی لە بەغدا
غازی حەسەن

وشەکە لەبنەڕەتدا یۆنانییە لەدوو بەش (تەکنو) بەواتای هونەری ‌و پیشەیی ‌و شارەزا دێت‌ و بەشەکەی دیکەش واتای دەسەڵات ‌و حوکم دەگرێتەوە. حەیدەر عەبادی لەنێو گێژاو‌ و قەیرانە زۆرەکانی بەغدا بڕیاری پێکهێنانی حکوومەتێکی تەکنۆکراتی دا، ئەو حکوومەتەی دەبێت ببێتە رزگارکەری عێراق لەقەیران‌ و گێژاو و کێشەکانی، بەڵام پێناچێت کاری حوکمداری لەعێراقدا هێندە سووک‌ و ئاسان بێت.


چونکە هەر حکوومەتێک بە بەکارهێنانی هێزی سوپا ‌و ئاسایش‌ و پۆلیس بەرێوەچوو، لەشەقام‌ و کۆڵانەکاندا هێزی چەکدار هەبوو، شوێنی کۆبوونەوەی پێکهێنانی خودی حکوومەتەکە بەهێزی چەکدار گەماردۆدرا، زیندان پڕبن لەزیندانی‌ و گەندەڵکارەکان بڕیاردەر‌ و ئازادبن، چەندین هێزی میلیشیایی کرابنە، هێزی یاسایی ‌و پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لەمووی سەری سەرۆکوەزیران پتر بێت ‌و کێشەی سیاسی لەزیادبوون‌ بێت‌ و وڵاتەکە بەرەو دابەشبوونی بەکردەوە هەنگاو ببنێت، دەبێت ئەو حکوومەتە تەکنۆکراتە چی بگەیەنێت؟.


کاتێک وەزارەتێک هەموو بگۆڕێت، چۆن سەرۆکوەزیران دەمێنێتەوە؟ کاتێک حکوومەتێک تەکنۆکرات بێت، بۆچی کۆبوونەوە ‌و بڕیار‌ و راسپاردە لەحزبە شیعییەکان ‌و مەرجەعی شیعی وەردەگیرێت؟ ئەگەر حکوومەتێکی تەکنۆکرات بێت، بۆچی خودی عەبادی هانی رەوتی سەدر دەدات، خەڵک بهێنێتە سەرشەقام‌ و هەڕەشە لەناوچەی سەوز دەکرێت؟ حکوومەتی تەکنۆکرات دەبێت کەسانی پسپۆر و شارەزابن لەبوارەکانی خۆیاندا، کەسانێک بن بڕوایان بەکاری سیاسی دوور لەتوندوتیژی‌ و حزبایەتی هەبێت، بەڵام خۆی لەبنەڕەتدا هەنگاوەکانی عەبادی بۆ شاردنەوەی چەند فەشەلێکی گەورە ‌و چەند ئامانجێکی مەترسیدارە. لەوانە (شاردنەوەی فەشەلی شەڕی داعش) و( فەشەلی چارەسەری گەندەڵی ‌و لاوازی لە لێپێچینەوەی نوری مالکی لەمەلەفی موسل)‌ و (فەشەلی چاکسازی بنەڕەتی لەبەغدا). هەروەها ئامانجێکی ترسناکی دیکەی عەبادی، دوورخستنەوەی کورد بەپلەی یەکەم‌ و پشتگوێخستنی رۆلی سوننەیە لەحکوومەتدا، بەواتایەکی دیکە ئەم حکوومەتە تەکنۆکراتە بەرەو حکوومێکی تاکلایەنەی بێ رکابەری سیاسی‌ و پێکهاتەکان دەچێت. 


دووریش نییە ئەمە درێژەپێدەر ‌و تەواوکەری سیاسەتی سزادانی دارایی ‌و پاڵدانی کورد بێت بەرەو جیابوونەوە، لەکاتێکدا کورد بیر لەمافی(ریفراندۆم) دەکاتەوە. سەرباریش، دروستکردنی شێوە حوکمێکی هاوشێوەی ئێرانە.


ئەوەی لەبەغدا دەگوزەرێت، لەحکوومەتێکی (تەکنۆ)ی بێ (کراتی) دەچێت. واتە کارێکی قورسە دەسەڵاتێکی (تەکنۆکراتی) لەبەغدا بێتەدی، لەکاڤێکدا وڵاتەکە بەشێکی لەژێر دەستی داعشە، باری ئابووری بەرەو تەپینە، وڵاتەکە یەکەمی بێ رکابەری گەندەڵکارییە، گومانلێکراو ‌و بکوژەکان ئازادن، میلیشیای وەکو حەشدی شەعبی ‌و عەسایبی ئەهلی حەق ‌و حزبوڵڵا و سەرایەی سەلام‌ و بەدر ‌و هیدیکەش، بەفەرمی لەلایەن خودی عەبادییەوە پڕچەک دەکرێن‌ و مووچەی فەرمیان پێدەدرێت‌ و رێنوێنی دەکرێن بۆ تۆڵەسەندنەوە، هیچ گومانێك نامێنێت کەبانگەشەی حکوومەتی تەکنۆکراتی تەنیا کۆمیدیایەکە‌ی سیاسییە‌. قسەکانی عەبادی بۆ ریکلام‌ و فریودان کارێکی جوانن، بەڵام حکوومەتی تەکنۆکرات بۆ کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی کراوە، بۆ وڵاتێکی ئارام‌ و گەشەکردووی دەستووری‌ دەگونجێت، نەک مەرجەعیەتی ئایینی‌ و مەزهەبی جڵەوی حوکمی لەدەستدا بێت، نەک دانوستان لەگەڵ گرووپە حزبییەکانی مەزهەبەکی خۆی بکات ‌و ئەوانی دیکەش بەلاوە بنێت‌ و شەڕی تایفی هەبێت. کورد لەمبارەوە قسەی خۆی کردووە، هەر کاتێک هاوسەنگیی سیاسی ‌و یەکسانی‌ و ئیلتیزامکردن بەدەستوور لەبەغدا نەهێلدرێت، عێراق دەکەوێتە مەترسی‌ و چارەنووسی نادیار دەبێت.


بەغدا حکوومی (کراتی) تێدا ناچەسپێت، کە کەسانی کراس سپی ‌و تەکنۆچی بێدەسەڵات لەژێر فکری سڕینەوەی پێکهاتەکانی دیکە ‌و دەسەڵاتی رەهای میلیشیا‌ و دەستتێوەردانی هەرێمایەتی بەرێوەی ببه‌ن.





ئەم هەواڵە 2713جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
زۆر خراپ دەکەوێتە خوارەوە
لە قافا گیرا
سامسۆنگ گاڵتە بە ئەپڵ دەکات
ژیانی خۆی کردە قوربانی سەرشێتیەک
خراپی لێ قەوما
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad