English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
بەشداربوونی کاندیدەکانی کورد لە حکومەتەکەی عەبادی و خیانەتی نیشتیمانی
2016-04-06 [01:06 AM]



دلاوەر شێخ محمد


دوابەدوای ھەموو ئەو کەلێن و ناکۆکی و گەندەڵییەی لە نێو حکومەتی بەغدا ھەبوو ، لە ژێر فشاری سەدرییەکان و خۆپیشاندەران عەبادی ناچاربوو پەنجەرەیەک بدۆزێتەوە کە تێیدا ھەناسەیەک ھەڵبمژێ و شەقام ھێوربکاتەوە ، بە ڕاگەیاندنی پرۆسەیەک بەناوی چاکسازی و لە نێو ئەم پرۆسەیەشدا گۆڕانکاری لە وەزیرەکان ، بەڵام ئەمە نابێتە جێی رەزامەندی شەقام و لایەنەکان ، چونکە نەبەشێک لە عەرەبی شیعە و نە عەرەبی سوننە و نە کورد و لایەنەکانی تریش ڕازین .
لە رۆژی پیًنج شەممە رێککەوتی  ٣١/٣  عەبادی چووە بەردەم پەرلەمان و لیستی کاندیدەکانی وەزیرە تەکنۆکراتەکانی خستە بەردەم پەرلەمان ، ھەر دوا بەدوای ئەم ھەنگاوە موقتەدا سەدر بۆ خۆپیشاندەران دواو و وتی :( سەرکەوتووبووین و ئامانجی خۆمان پێکا ....!) لە دواتر لە رۆژی ھەینی٤ /١ خۆپیشاندەران ئاھەنگی سەرکەوتنیان گێڕا ، لێرەدا نیشانەی پرسیار ھەیە لە نێوان ( موقتەدا سەدر و عەبادی)دا ، چونکە بەم کارە کە ھێشتا ھیچ نەبووە باس لە سەرکەوتن و ئاھەنگێڕان دەکرێ ...! ئەویش ئەوەیە ئەم دووانە توانیان تۆپە تەقیوەکەی گۆڕەپانی بەغدا بخەنە نێو گۆڕەپانی (پەرلەمان و لایەنەکان) ، ئێمەی کوردیش دڵنیاین کە پەرلەمان ناتوانێ بەم تۆپە تەقیوە یارییەکی باش بکا ، بەڵام لە ئەگەری دەنگ پێدانی کاندیدەکان سەرکەوتنەکە بۆ موقتەداسەدر و عەبادی دەگێڕنەوە و لە دەنگ پێنەدانیشیان دەڵێن ئەوەتا لایەنەکان رێکنەکەوتوون لەسەر چاکسازی واتە حکومەت ھەنگاوی نا ، بەڵام لایەنەکان ئامادە نەبوون ...!
کورد لەم نێوەندەدا خراپتر لە چەند ساڵی رابردوو پەراوێزخرا و پۆستە وزارییەکانی خۆیان پێ نەدراوەتەوە لە بەرامبەردا بەناوی تەکنۆکرات (٣) کەسیان کاندید کردووە بۆ ھەرسێ وەزارەتی (نەوت و ئاوەدانکردنەوە و کۆچ و کۆچبەران ....) لیستە کوردییەکان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان لەگەڵ ھەر یەکە لە سەرۆککۆمار و جێگری سەرۆکی پەرلەمان چەند کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و گەیشتن بەوەی کە بە ھیچ کاندیدێک رازی نین لە دەرەوەی لیستە کوردییەکان و لایەنەکان و رێککەوتنی سیاسی بێت .
لە کوردستانیش ھاوڵاتی و شەقامی کوردی و لایەن و کەسایەتییەکان لێدوان و تێبینیان زۆر بووە لەسەر ئەم بەناو حکومەتی تەکنۆکراتەکەی عەبادی ، ئەحمد کانی ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند :( ھەر کەسێک  لەدەرەوەی لیستە کوردییەکان بەشداربێ لە حکومەتەکەی عەبادی ، ئەوا دەچێتە خانەی خیانەتی نیشتیمانی) ، لێرەوە کاندیدەکان دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەک کە لە نێوان پۆست و پلە و کوردبوونیان کامیان ھەڵدوبژێرن ، بۆیە ھەر زوو کاندیدی وەزارەتی نەوت نزار محەمەد سەلیم رایگەیاند ( من کشامەوە لەو پۆستە ، چونکە ریککەوتنی سیاسی لەسەر نییە ) ، بەڵام ھۆشیار رسول کاندیدی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە رایگەیاند ( من نەوەک کورد و نەوەک کەسێکی حزبی بەشداری ناکەم ، بەڵکو وەکو کەسێکی تەکنۆکرات لەسەر ئاستی عێراق بەشداری دەکەم و دەمەوێ ئەو رێچکەیە بشکێنم کە وەرگرتنی پۆست لە ڕێی حزبەوە کاندید بکرێ .).
سەرۆکی پەرلەمانیش رایگەیاند ( ھێشتا زووە باس لە کشانەوەی کورد بکرێ لە پرۆسەی سیاسی عێراق ) ، دیارە ھێشتا ئومێدێک ماوە لە لایەن ئەندامانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق .
عەممار حەکیم سەرۆکی ئەنجومەنی  باڵای ئیسلامی حکومەتی بەغدا بە حکومەتێکی شکستخواردوو ناو دەبات و دەڵێ :( حکومەتێکی شکستخواردوومان ناوێت و دوورخستنەوەی ھەر  لایەن و پێکھاتەیەک لە پرۆسەی سیاسی دەبێتە ھۆی دابەشبوونی عێراق) وتیشی ( ئەگەر مەبەستی عەبادی گۆرانکاری گشتی و حکومەتێکی تەکنۆکرات و بێ لایەن بێ ئەوا دەبێ سەرۆکوەزیرانیش بێ لایەن بێ و عەبادیش بگۆڕدرێت ...)ئەمەی لە وتاری خۆی پێشکەشکرد کە لە ١٢دوانزەیەمین کۆنگرەی ئەنجومەنەکە دیسان بەسەرۆکی ئەو ئەنجومەنە ھەڵبژێردرایەوە .
محەمەد بازیانی سەرۆکی بزوتنەوەی چاکسازی و گەشە رایگەیاندووە ( راگەیاندنی حکومەتی تەکنۆکرات و پرس نەکردن بە کورد ئاماژەیەکە بۆ سەربەخۆیی کوردستان ) ، سەرکردایەتی کورد زۆر دەمێکە لەو ئاماژەیە گەیشتووە و باکی نییە لە پۆست و پلە و دەستی حکومەتی بەغدا ، بەتایبەت سەرۆک بارزانی ، چونکە ئومێدی ئێمە گەڕاندنەوەی ناوچەکانی دەرەوەی ھەرێم و ریفراندۆم و بوون بە دەوڵەتە نەک پۆست و پلەکانی حکومەتی بەغدا .
محمود عوسمان سیاسەتمەداری کورد رایگەیاند ( باشترین ھەلە بۆ کورد دوای حکومەتەکەی عەبادی بڕیاری ریفراندۆم بخاتە بواری جێ بەجێ کرن ، چونکە کورد لە بەغدا رۆژ لە دوای رۆژ لاوازتر دەبێت .)
ئەمریکاش ھەر زوو عەبادی لەوە ئاگادار کردۆتەوە کە پەراوێز خستنی کورد لە حکومەتی عێراق کارێکی ترسناکە و کاردانەوەی تری بەدوادا دێت ، وتنی کاردانەوەی تر دیسانەوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەگەر کورد لە پرۆسەی سیاسی عێراق بکشێتەوە ئەوا ھیچ پەیوەندییەک نامێنێ لە نیوان بەغدا و ھەولێر و بەمەش زیاتر کورد لە بەغدا دوور دەکەوێتەوە و بەدوای راستە ڕێی خۆیدا دەڕوات کە سەربەخۆییە .

 





ئەم هەواڵە 14509جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ببینە ھاندەرانی بەرازیل چۆن بەرد بارانی ھەڵبژاردەکەیان دەکەن
وانەی وەرزش لە ژاپۆن
به‌ ڤيديۆ.. جيهانى ئه‌مڕۆمان چى به‌سه‌ردا هاتووه‌
سەیرترین رووداوەکانى ھاتووچۆ
كوشتنی به‌رێوه‌به‌ری پاسه‌پۆرتی پارێزگای بابل
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad