English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
دەقی وتاری مەسرور بارزانی لە مەراسیمی دانانی بەردی بناغەی سایلۆی دھۆک
2021-09-20 [02:43 AM]

ZNA-ھەولێر



مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە مەراسیمی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران (سایلۆ)ی لە پارێزگای دھۆک دانا و وتارێکی پێشکەش کرد.

پڕۆژەکە بریتییە لە دروستکردنی سایلۆیەکی سەردەمیانە و ئەمبارکردن و بەھەمھێنانی خۆراک و بە بازاڕکردنی دانەوێڵە و دروستکردنی بەرھەمە خۆراکییەکان لە رێی تەکنۆلۆجیای نوێوە و تێچووی پڕۆژەکە ١٢١ ملیۆن دۆلارە.

دەقی وتاری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان

بەناوی خوای گەورە و میھرەبان

   ئامادەبووانی ھێژا، زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونتان، خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ بۆ دانانی بەردی بناغەی پرۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران لە پارێزگای دھۆک لێرەین، کە وەک پرۆژەیەکی ستراتیژی لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆرمان بەو جۆرە پرۆژانە داوە.

ئەمە سێیەم پرۆژەیە دوای ئەوەی ھەولێر و سلێمانی، ئەوڕۆش لە پارێزگای دھۆک لە قەزای سمێل، ئەو پرۆژەیە دادەمەزرێت، ھیوادارم ئەو پرۆژە و ھەموو پرۆژەکانی دیکەش، زیاتر کاریگەریی بکەنە باشترکردنی ژێرخانێکی ئابووری بەھێز بۆ کوردستان و خزمەتی خەڵکی ئێمە بکات.

من دەستخۆشی لە ھەردوو کۆمپانیای خۆشناو و قەیوان دەکەم بۆ ئامادەبوونیان بۆ جێبەجێکردنی ئەو پرۆژە ستراتیژییە، ھەروەھا ھەردوو پرۆژەکەی دیکەش لە ھەولێر و سلێمانی، ھیوادارم ھەر سەرکەوتووبن.

ئەو جۆرە پرۆژانە بۆ ئێمە گرنگن چونکە دەبنە بەھێزکردنی بنەمای ئابووری کوردستان و بەرەو قۆناغێکی پێشکەوتووتر بچێت، لەلایەکی دیکەوە ئاسایشی خۆراکی وڵات دابین دەکات و بێ منەت دەبین لە ھێنانی ئەو جۆرە بەرھەمانە لە دەرەوە، لە لایەکی دیکەشەوە، جووتیاری ئێمە دڵنیا دەکات، کە بەرھەمەکانیان لەلایەن دەسەڵاتەوە وەردەگیرێت و چیدیکە خەمی ئەوە نەخۆن ئەگەر بەرھەم ھەبێت چی لە بەرھەمەکەی بکات، ئەم جۆرە کارگەیە کە لە سایلۆ، کۆگا و ئاش پێکدێت و بەرھەمی خۆراکی دروست دەکات کە لە دانەوێڵە بەرھەم دەھێنرێت.

ئەو پرۆژەیە چەندین دەرفەتی کار بۆ ھاووڵاتیانی ئێمە دەڕەخسێنێت. یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگا سوودی لێوەر بگرن، بۆ ئەوەی شارەزایی خۆیان لێرە بەکاربھێنن بۆ زیاترکردنی بەرھەمی ناوخۆیی.

لەسەر حکومەتە کە پشتیوانی ئەو جۆرە ھەنگاوانە بین و پشتیوانی کەرتی تایبەت بین، ھەروەھا ئەگەر کەرتی گشتیش وەکو حکومەت بە شێوەیەکی تێکەڵ بتوانین درێژە بەو جۆرە کارە ھاوبەشانە بدەین، دەتوانین ئاییندەیەکی زۆر باشتری ئابووری بۆ خۆمان مسۆگەر بکەین.

بیر لەوە بکەنەوە ئەگەر جووتیارێک خەمی ئەوەی نەبێت بەرھەمی خۆی چی لێدەکات، ئەوە زۆر ھاریکار دەبێت، لەلایەن دیکەشەوە ئەگەر لایەنێک ھەبێت ئەو بەرھەمە لە جووتیارانمان وەربگرێت، ئەوەش دیسان دەرفەتی کار دەڕەخسێنێت، بۆ ئەوەی ئەو بەرھەمەی لە جووتیاران وەردەگرن، پرۆسیێس بکرێت و بکرێتە خۆراک و بگەڕێندرێتەوە بازاڕەکان.

کشتوکاڵ، یان چاندن، یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی ئابووری ھەر وڵاتێک، جیاوازی چاندن لەگەڵ سەرچاوەی دیکەی داھات ئەوەیە کە چاندن ھیچ کاتێک کۆتایی نایەت، ھەر ساڵێک دەتوانرێت دووبارە ببێتەوە، ئەگەر سوود لە تەکنۆ‌لۆجیای نوێ وەربگیرێت بەرھەمەکان ساڵ بە ساڵ زیاتر دەبێت.





ئەم هەواڵە 493جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad