|
ZNA:هەولێر محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە بەڵێنی دا بە پێدانی ملیارێك و 500 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا.
لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکی ژینگەیی تایبەتیدا و لە سەروبەندی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی لووتکەی "رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی سەوز" لە ریازی پایتەختی سعودیە، محەممەد بن سەلمان بەڵێنیدا بە پێشکێشکردنی نزیکەی 1.5 ملیار دۆلار وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی لێکەوتە کارەساتبارەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.
محەممەد بن سەلمان دامەزراندنی سندوقی وەبەرهێنانی تایبەت بە کەشوهەوای رایگەیاند، کە تێیدا پارە دادەنرێت بۆ دۆزینەوەی تەکنەلۆژیای تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا بەتایبەتی تەکنەلۆژیای ناسراو بە "ئابووری سووڕاوەی کاربۆن"، کە دواجار دەبێتەهۆی بەرهەمهێنانی وزەی پاک.
بە گوتەی محەممەد بن سەلمان کۆی سامانی سندوقەکە 10.4 ملیار دۆلار دەبێت و سعودیە لە 15٪ی ئەو بڕە پارەیە دابیندەکات، کە دەکاتە 1.5 ملیار دۆلار. راشیگەیاند، ئەو بڕە پارەیە وزەی پاک بۆ سەرووی 750 ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهان دابیندەکات.
دوو رۆژ لەمەوبەر و لە "دەستپێشخەری ژینگەی سەوز"ی حکومەتی سعودیە، محەمەد بن سەلمان رایگەیاند سعودیە تاوەکو ساڵی 2030 دەردانی گازە کاربۆنییەکان ساڵانە بە بڕی 278 ملیۆن تۆن کەمدەکاتەوە و بۆ ساڵی 2060 دەردانی گازە ژەهراوییەکان دەگەیێنێتە سفر.
ئەم هەواڵە 1231جار خوێندراوەتەوە |