English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
دوای داعش، تیرۆر سەرھەڵدەداتەوە؟!
2016-04-11 [12:49 PM]

نووسین: ئازا حەسیب قەرەداخی


ھێشتا، کە شەڕی جیھانی ئازاد بەگشتی و ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی، لەگەڵ داعش بەردەوامە، ئەم پرسیارە ئیلحاحمان لێ دەکات: ئایا پاش تێکشکاندنی داعش لە عێراق و شام، ئەگەری سەرھەڵدانەوەی گرووپی تیرۆریست و توندڕۆی ھاوشێوەی داعش چەندە و چۆنە؟!

(مەسرور بارزانی) راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لە دیدارێکیدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی Viceی ئەمەریکیدا دەڵێ: ئەگەر کێشەکانی ناوچەکە لە رەگوڕیشەوە چارەسەر نەکرێن، لەوانەیە لە ئایندەدا گرووپی ھاوشێوەی داعش دەربکەوێتەوە.

ئەم پێشبینییە، لەسەر بناغەی تێڕوانین و حیسابکردن بۆ ھۆکارەکانی سەرھەڵدانی کولتوور و رەفتاری توندوتیژی لەم ناوچەیەدا دامەزراوە. ھۆکارەکانیش کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و ئایینی- مەزھەبین.

لە عێراقدا دوای رووخاندنی رژێمی بەعس، سوننەکان خۆیان خستە پەراوێزی پرۆسەی سیاسییەوە و لاتەریک وەستان و نیازیان بوو بە بەرخودانی میللی "حکوومەت و دەسەڵاتی داگیرکاریی ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی"!! بڕووخێنن و جارێکی دیکە ھەژموونی سیاسی سوننە بونیات بنێنەوە. ئەم شەڕە بووە زەمینەی لەبار بۆ ھاتنی رێکخراوی ئەلقاعیدە و تەحویل بوونی ناوچە سوننەنشینەکان بۆ موڵگەی تیرۆریستان کە دواجار ئەوەندەی لە سوننەکانیان کوشت زۆر زیاتر بوو لەوانەی لە شیعەیان کوشت. بۆیە عەشایەری سوننە لەگەڵ ئەمریکییەکان و حکوومەتی عێراق ھێزی سەحوەیان پێکھێنا و قاعیدەیان لەناوبرد.

بەڵام چەوسانەوەی شیعە بۆ سوننە و پەراویزخستن و غەدری زۆر لێیان لەلایەن حکوومەتەکەی مالیکییەوە وای کرد رێکخراوی داعش لەناویاندا پەیدا بێت. کەواتە تا حکوومەتێک لە بەغدا بێت "شەراکەت" قبووڵ نەکات و پێی وابێ مادەم شیعە زۆرینەیە و دەبێ حوکمڕان بێ و بەشی ئەوانی دیکە بدات وەکو "بەشدار"، ھۆکار و زەمینەی دروستبوونەوەی توندوتیژی و تیرۆر ھەردەمێنێ.

تا حکوومەتێک لە بەغدادا بێت لە بری لەشکرێکی نیشتمانی،حەشدی شەعبی لەو ناوچانەی لەدەست داعش ئازاد دەکرێن، باڵادەست بکات و ئەوانیش خەڵکەکەی لەسەر ناسنامە و نەتەوە بکوژن و بچەوسێننەوە و راگوێزن، ئەوا ھۆکار و بیانووی سەرھەڵدانەوەی داعشێک و قاعیدەیەکی دیکە ھەردەمێنێ.

کە بە پێی داتاکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، رێژەی ھەژاریی لە عێراقدا " بە بێ ھەرێمی کوردستان" تا کۆتایی ساڵی پار ٣٠%ی تێپەڕاندبێ.

کە رێژەی بێکاریی"بە بێ ھەرێمی کوردستان" تا کۆتایی پار، ٢٥%ی تێپەڕاندبێ. کە لە وڵاتانی عەرەبیدا ٣٣ ملیۆن کەس لە خوارووی ھێڵی ھەژارییەوە بن.

کە کوشتن و سەربڕین و راگواستن لەسەر ناسنامە و ناو و مەزھەب پەیڕەوێکی رۆژانە بێ. واتە لە عێراق و ناوچەکەماندا کەرەستەی خاوی کارکردنی کارگەی بەرھەمھێنانی تیرۆر و توندوتیژی ھەر دەمێنێ.

لە ھەرێمی کوردستانیشدا، سەرەڕای ئەوەی کە بەڵگەکان دەیسەلمێنن تیرۆر بەرھەمێکی کوردستانی نییە و لە دەرەوە بەگشتی و بە تایبەتیش لەو وڵاتانەوە بۆمان رەوانە دەکرێن کە نیشتمانی کوردستانیان داگیرکردووە، بەڵام بە شێوەیەکی رێژەیی کۆمەڵگای ئێمەش بێ بەش نییە لە بەگەڕخستنی ئەو کارگە مەترسیدارە.
کاتێک حزب و کەسانی ئیسلامەوی دەست لەگەڵ ئەجندای گوماناوی دژی کوردستانیی تێکەڵ دەکەن، واتە دەبنە داینەمۆی جموجوڵی توندڕۆیی دژی میللەتەکەمان.

کاتێک بانگخوازێک دەڵێ وەرگرتنی ئیقامە لە ئەوروپا و وڵاتانی کافر حەرام و کوفرە. لەسەر ئەو بنەمایەی کە گوایە پێغەمبەر (د.خ) فەرموویەتی: نابێ موسڵمان دراوسێی نەسارە و یەھود، واتە کافران بێ و دەبێ ماڵی موسڵمان ئەوەندە دوور بێ لەوانەوە کە رووناکی ئاگریان نەبینێ، ئەوە ئەم بانگخوازە کولتوور و ھوشیاری دژی ھەموو غەیرە موسڵمانان بڵاودەکاتەوە و دەبێتە ھەڕەشە لەسەر بنەماکانی پێکەوەژیانی ئاشتەوایی کە کۆمەڵگای کوردستانی پێناسراوە و بۆتە شانازی بۆی لە ناوچەکە و جیھاندا.

کاتێک "مەلا کرێکار" ھاوار دەکات؛ پێویست ناکات ھەموو جارێ بۆ کوشتنی پارتییەک یان یەکێتییەک بگەڕێنەوە بۆ من فەتواتان بدەمێ، بیانکوژن و ئەجرەکەی مسۆگەر بکەن، کەواتە فەتوای کوشتن کراوەیە. خۆ ئەگەر مەلا کرێکار بڵێ ئەوە چەند ساڵ پێشتر وتوومە، دەبێ وەڵام بدرێتەوە کە ئیبن تەیمیە و سەید قوتب و ئەوانی دیکەیش بە ھەزار ساڵ و چەندین ساڵ پێشتر فەتوایان داوە یان لێکدانەوەیان کردووە، بەڵام ئێستا دەقاودەق بەکاردەھێنرێنەوە بۆ شەرعییەت دان بە کوشتن و سەربڕین.

کاتێک نەورۆز بە جەژنی کافران دادەنرێ و ھاوار بۆ موسڵمانان دەکرێ بەشداری لە ئاھەنگەکانی نەورۆزدا نەکەن، کەواتە مافی ئەوەیشیان دەدرێتێ کە تێکی بدەن و ئەوانەی بەشداری تێدا دەکەن تەکفیر بکەن.

کاتێک مەلایەک بڵێ لەبەرکردنی پانتۆڵ لەلایەن ئافرەتەوە کوفر و حەرامە، واتە ھانی کولتوور و رەفتاری توندوتیژ دەدات بەرامبەر ژنان.

کاتێک مەلایەک زانکۆکانی کوردستان بە " رووتکۆ" وەسف دەکات واتە ھانی کولتووری نەخوێندنی ئافرەتان و داخستنی زانکۆکان بە رووی ئافرەتاندا دەدات و لەناو زانکۆشدا کوڕان بە گژ کچاندا دەکات چونکە ئەوە کچەکانن رووت بوونەتەوە.
تا ئەم ھۆکارانە و سەدانی تریش لە ئارادابن، واتە کارگەی دروستکردنی فیکر و رەفتاری توندوتیژی و تیرۆر ھەر دەمێنێ. شەڕکردن لەگەڵ تیرۆر و توندڕۆیی تەنیا سەربازی و ئەمنی نییە. بەڵکو شەڕێکی کولتووری و ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و پەروەردەییشە. جا کە ئێمە خەریکی بیناکردنی کوردستانێکی سەربەخۆین، کەواتە دەبێ سیاسەت و بەرنامەی شەڕی توندڕۆییمان لەو ھەموو بوارانەدا ھەبێ.

واتە لە ریشەوە ھۆکارەکانی دروست بوونی تیرۆر ھەڵکێشن. لە سەرچاوەکانیانەوە فیکری توندڕۆیی لەناوببەین. پێکەوەژیان بە گیان بپارێزین. ژنانمان بکەینە بەشێکی راستەقینە و کاریگەر لە مەنزومەی حوکمڕانی و یاسادانان و پێشمەرگە و بەرگری و چەندین ھەنگاوی دیکە بۆ بنەبڕکردنی سەرچاوەکانی گەندەڵی ئیداری و ئابووری بنێین. سیاسەتێکی روونمان ھەبێ بۆ گەشەکردنی ھەمەلایەنە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و بەرەنگاربوونەوەی ئەگەرەکانی زیاتر بوونی رێژەی ھەژاری و بیکاری و بەلاڕێدا بردنی پرۆسەی خوێندن و پەروەردە.





ئەم هەواڵە 3085جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ببینە ھاندەرانی بەرازیل چۆن بەرد بارانی ھەڵبژاردەکەیان دەکەن
وانەی وەرزش لە ژاپۆن
به‌ ڤيديۆ.. جيهانى ئه‌مڕۆمان چى به‌سه‌ردا هاتووه‌
سەیرترین رووداوەکانى ھاتووچۆ
كوشتنی به‌رێوه‌به‌ری پاسه‌پۆرتی پارێزگای بابل
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad