ZNA - ههولێر
رێکخراوێکی نێودەوڵەتی مرۆیی ئاشكرای كرد، دوابەدوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، نزیکەی 300 ههزار ئەفغانی بە ئافرەت و منداڵیشەوە بۆ ئێران هەڵهاتوون.
ئەنجومەنی پەنابەرانی نەرویجی ئەم ژمارانەی بڵاوکردەوە و وتی ژمارەکان بەردەوام لە زیادبووندان، لەکاتێکدا " ڕۆژانە چوار ههزار بۆ پێنج ههزار هاوڵاتی ئەفغانی لەڕێی خاڵە سنوورییە نافەرمییەکانەوە بۆ ئێران دەپەڕنەوە.
وتیشی لقی ئەرکەکانی ئەنجومەنی پەنابەرانی نەرویجی لە ئێران پشتیوانی لەو خێزانانە و سەدان هەزار ئەفغانی دیکە دەکات کە ماوەی چەند ساڵێکە لە ئێران ماونەتەوە، هاوکات ئێران خۆی ڕووبەڕووی قەیرانێکی ئابووری گەورە بۆتەوە.
سکرتێری گشتی ئەنجومەنی پەنابەرانی نەرویج ئیان ئیگلاند وتی " ناکرێت پێشبینی ئەوە بکەیت ئێران بتوانێت ئەو ژمارە زۆرە لە ئەفغانیەکان وەربگرێت، بەبێ یارمەتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پێویستە بەزووترین کات یارمەتیە مرۆییەکان لەناوخۆی ئەفغانستان و وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان، وەکو ئێران، زیادبکرێن، بەرلەوەی وەرزی کوشندەی زستان دەستپێبکات."
گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات دەیان هەزاران هاوڵاتی ئەفغانی ناچارکرد لەڕێی هەوڵەکانی ئەمەریکاوە بگوازرێنەوە بۆ وڵاتێکی دیکە.
بەرپرسانی ئاسایش و حکومەتی پێشووی ئەفغانستان و ئەوانەی کە لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا یارمەتی هێزە نێودەوڵەتیەکانیانداوە، لەنێو ئەو کەسانەدا بوون لە ترسی تۆڵەی تاڵیبان لە وڵاتەکە گواسترانەوە.
ئەم هەواڵە 682جار خوێندراوەتەوە |