ZNA - ههولێر
وەزیری سیاحە و گەشتیاریی سووریا ڕێککەوتنی دەستپێکردنەوەی گەشتی زیارەتکارانی ئێرانیی بۆ شوێنە پیرۆزەکانی سووریا لەگەڵ سکرتێری ڕێکخراوی حەج و زیارەتی ئێران واژوو کرد.
ئاژانسی هەواڵی ئیسنای ئێرانی ڕایگەیاند عەلیڕەزا ڕەشیدیان سکرتێری ڕێکخراوی حەج و زیارت لە کۆتاییی سەردانی چوار ڕۆژەی خۆی بۆ سووریا و پاش دانوستانی چڕ لەگەڵ وەزیری گەشتیاری سووریا ڕێککەوتنێکی واژوو کرد، بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە زیارەتکارە ئێرانییەکان دەتوانن دیسان بۆ شوێنە پیرۆزەکانی سووریا گەشت بکەن.
ڕەشیدیان کە هاوکات یاریدەدەی وەزیری ڕۆشنبیری (فەرهەنگ و ئیرشاد ئیسلامی)ی ئێرانیشە ڕوونی کردەوە، بۆ گەشتی ئاسمانیی زیارەتکاران بە ڕەچاوکردنی پڕۆتۆکۆلەکانی کەرتی تەندروستی ئامادەکاریی پێویست بۆ زیارەتکاران دەکرێت.
وەزیری گەشتیاری سووریاش ڕایگەیاند دەستپێکردنەوەی سەردانی گەشتیارانی زیارەتکار بۆ سووریا ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ هاوکاری و پێوەندیی زیاتری نێوان ئێران و سووریا و دەوڵەتی دیمەشقیش 13 هەزار قەرەوێڵەی ئامادە کردووە بۆ پێشوازیکردن لە زیارەتکاران و ئەگەر پێویستیش بکات زۆربەی ئوتێلەکانی دیمەشق ئامادەی پێشوازی کردنن لە زیارەتکارانی ئێرانی.
کوردپرێس
ئەم هەواڵە 295جار خوێندراوەتەوە |