|
ZNA:هەولێر ئابووریی جیهان کەوتووەتە ژێر کاریگەریی نەرێنی سەرهەڵدانەوەی تووندی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە رۆژئاوا و دوێنێ بۆرسە گەورەکانی ئەمریکا و ئەوروپا و ژاپۆن بە دابەزینی نرخی کانزا سەرەکییەکان داخران.
نرخی نەوتیش کەوتە ژێر کاریگەریی هەواڵەکانی ئەگەری قەدەخەی هاتووچۆی نیمچەیی لە ئەمریکا و بەشی زۆری وڵاتانی ئەوروپا.
نەوتی برێنتی بەریتانی کە پێوەری دەستنیشانکردنی نرخەکانی دیکەی نەوتە بە رێژەی 2.9٪ دابەزی و بە 78.89 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک فرۆشرا، نەوتی دەبلیو تی ئای، وێست تێکساس ئینتەرمیدیەت-ی ئەمریکی بە 76.10 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک فرۆشراوە.
رۆژی هەینی، 19-11-2021، بۆرسەی ئێس ئاند پی 500 بە رێژەی لە 1٪ دابەزی کە دەکاتە 6.58 خاڵ و کۆی گشتیی خاڵەکانی لە 4697.96 گیرسانەوە.
بۆرسەی داوجۆنز تایبەت بە ئابووری پیشەسازییەکان بە رێژەی 0.7٪ دابەزیوە کە دەکاتە 268.97 خاڵ و کۆی گشتیی خاڵەکان گەیشتنە 35601.98 خاڵ، ئەوەش دووەم دابەزینی گەورەیەتی کە دوو هەفتە یەک لەدوای یەکدا روودەدات، ناسداک-ی ژاپۆنیش بە رێژەی 0.4٪ دابەزی و کۆی گشتیی خاڵەکانی بۆ16057.44 دابەزاند.
شارەزایانی ئابووری سەبارەت بە کاریگەریی سەرهەڵدانی شەپۆلی نوێی کۆرۆنا لەسەر ئابووریی جیهان دەڵێن، سەرباری ئەو گەشەکردنە کاتییەی کە بەر بازاڕەکانی جیهان کەوت، ئێستا نیگەرانیی گەورە لەنێو خەڵکدا لە ئاست داهاتوو دروستبووە.
ئەو شارەزایانە دەشڵێن، پرسیاری سەرەکیی نێو خەڵک ئەوەیە ئایا پەتای کۆرۆنا تاوەکو کەی بەردەوام دەبێت لە کاریگەرییەکانی و چی بەسەر داهاتووی گەلانی جیهان دەهێنێت.
ئەم هەواڵە 1273جار خوێندراوەتەوە |