ZNA – هەولێر
رێبەری رەوتی سەدر دەڵێت، کەسانێک دەیانەوێت ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بگۆڕن بۆ ئەوەی بتوانن رکابەریی گەورەترین فراکسیۆن بکەن بەمەبەستی رێگرتن لە پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە.
موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە هەژماری خۆیدا لە تویتەر رایگەیاند: "ئێمە بەوپەڕی شانازیی و سەربەرزییەوە دەڵێین، کاری کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بە هەموو وردەکارییەکەوە بێگەرد و ورد و پیشەگەرانەیە، بۆیە دەستوەردان لە کاری کۆمیسیۆن رەتدەکەینەوە، هاوکات جەختدەکەینەوە لە سەلامەتیی کارمەندانی کۆمیسیۆن".
سەدر گوتیشی: "هەموو گوشارە سیاسی و ئەمنییەکان کە دەخرێنەسەر کۆمیسیۆن لە یەکەم رۆژی کارکردنییەوە تاوەکو ئەمڕۆ رەتدەکەینەوە، بە شکۆ و رێزەوە پاڵپشتیی لە هەڵوێستە پیشەیی و بێگەردەکانی کۆمیسیۆن دەکەم، بۆیە سوپاسی هەموو ئەندامانی کۆمیسیۆن دەکەم، بەتایبەت برامان دادوەر جەلیل عەدنان خەلەف، سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق".
رێبەری رەوتی سەدر لە تویتەکەیدا هۆشداریش دەدات کە: "نابێ دەستوەردان لە کاری دادوەری و دادگە بکرێت لە پرسی پەسندکردنی ئەنجامەکان کە کەسانێک دەیانەوێ بیانگۆڕن بۆ ئەوەی بتوانن رکابەریی گەورەترین فراکسیۆن بکەن بەمەبەستی رێگرتن لە حکومەتی زۆرینە کە نیگەرانبوون لە ئاماژەکانی دەرکەوتنی".
ئەم هەواڵە 658جار خوێندراوەتەوە |