English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ئەنجوومەنی وەزیران چەند پرسێكی گرنگی تاوتووێکرد 
2021-12-01 [12:38 PM]

ZNA - ھەولێر


ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە (١ی کانوونی یەکەم/ دیسەمبەری ٢٠٢١)، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، کۆبوونەوەی ھەفتانەی خۆی ئەنجامدا.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری ئەو پێشمەرگە قارەمانانە کرد، کە لە چەند رۆژی رابردوودا لە دەڤەری گەرمیان، لە ھێرشی تیرۆریستانی داعش شەھیدبوون.

سەرۆکی حکومەت گوتیشی: لە گەڵ ھێزەکانی حکومەتی فیدراڵی و ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە پەیوەندی بەردەوام داین بۆ رێگڕیکردن و نەھێشتنی ئەو مەترسییانە بۆ سەر ھێزی پێشمەرگە و داواش لە حکومەتی فیدراڵی کرا، بۆ برەودان بە ھەماھەنگیی سەربازیی و ئاسایش لەم بوارە تا رووبەڕووی ئەم ھێرشە تیرۆریستانە ببینەوە، کە مەترسیەکی گەورەیە لە سەر ھەموولایەک.

پاشان شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگە، تیشکی خستە سەر سەردانیان بۆ سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە دەڤەری گەرمیان و ئەو ناوچانەی رووبەڕووی ھێرشی تیرۆریستانی داعش بوونەوە، وەزیری پێشمەرگە ئاماژەی بەوەدا، ئەو ناوچانە بۆشایی ئەمنیان تێدایە، لەم رووەوە چەند داواکاریی وپێشنیارێکی پێشکەش کرد بۆ تۆکمەکردنی زیاتری سەنگەرەکانی پێشمەرگە و دابینکردنی پێداویستییەکان.

ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە جێبەجێکردنی پێشنیارەکانی وەزیری پێشمەرگە و چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان و گرفتەکانی پێشمەرگە کردەوە، سەرەڕای گرتنەبەری رێکاری پێویست لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگە بە ھەماھەنگیی زیاتر لە گەڵ ھێزە فیدراڵییەکان و ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، بۆ کەمکردنەوە و سنوودارکردنی دەرفەتەکانی گەشەکردنی داعش لەو ناوچانە، کە تەنیا مەترسی نین بۆ ھەرێم و عێراق، بەڵکو سەرچاوەی مەترسین بۆ ناوچەکە و جیھان بە گشتی.

بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە پێشنیاری دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی سەر ئاستی کۆلیژ و بەشەکانی زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکان لە دەرچووانی ساڵی خوێندنی ٢٠١٦-٢٠١٧ لە سەر میلاکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، کە لەلایەن ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی خرایەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاریدا کە لە  سەرەتای ساڵی نوێی ٢٠٢٢ دابمەزرێن.

پاشان کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، راپۆرتێکی دەربارەی دەستی کاری بیانی لە ھەرێمی کوردستان و دەرفەتەکانی جێگرتنەوەیان بەدەستی کاری خۆماڵی و پەرەپێدانی ناوەندەکانی وەزارەت لە بواری راھێنانی پیشەیی و ھەوڵەکانی وەزارەت لە بواری گەڵاڵەکردنی دوا رەشنووسی پڕۆژە یاسای نوێی کار و پڕۆژە یاسای نوێی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی و بارودۆخی چاکسازییەکان لە ھەرێمی کوردستان.

ئەنجومەنی وەزیران، جەختی لە گرنگیی زیاتر رەخساندنی ھەلی کار کردەوە، لە کەرتی تایبەت و دابینکردن و رێکخستنەوەی گشت مافە یاساییەکانی کرێکار و کارمەندانی کەرتی تایبەت بە شێوەیەک کە مافی خانەنشینی و بیمە و دڵنیاییان پارێزراو بێت، ھەروەک لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان جەختی لە سەر کراوەتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا، بە راسپاردنی لیژنەیەکی تایبەتمەند لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بە سەرپەرشتی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەم بابەتە، کە جێگەی بایەخی حکومەتە و جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەی ئێستا بەرکارن، کە ھاوکارن لەمبارەیەوە، ھەروەھا پەلەکردن لە گەڵاڵەکردنی پڕۆژەیاسای کار و خانەنشین و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی نوێ، کە کاری باشی لەسەرکراوە بەجۆرێک مافی کرێکاری تێدا پارێزراوبێت و ھاندەربێت بۆ ئارەزووی کارکردن لە کەرتی تایبەت و رەخساندنی ھەلی کاری زیاتر و رێکخستنەوەی دەستی کاری بیانی، لە چوارچێوەی ئەو یاسا نوێیانەدا.

لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پێشنیازێکی سەبارەت بە درێژکردنەوەی ماوەی دیاریکراو بۆ پرۆسەی قەرەبووکردنەوەی ئەو جووتیارانەی خاوەنی گرێبەستی کشتوکاڵین یان بڕیاری دابەشکردنی زەوییان ھەبووە و زەوییان کەوتووەتە ناو سنووری شارەوانییەوە خستەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران، سەرەڕای جەختکردنەوە لە قەرەبووکردنەوەی یاسایی ھاووڵاتیان، پێشنیازی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی  پەسەندکرد، بۆ پێدانی دەرفەتێکی تر بۆ ماوەی سێ مانگ بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەکە و قەرەبووکردنەوەی خاوەن مافەکان.
 





ئەم هەواڵە 673جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad