|
دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەیان لەگەڵ موقتەدا سەدر، سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی رایانگەیاند، دەبێت هێزە بیانییەکان بەپێی خشتەی دانراو لە عێراق بچنە دەرەوە.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە ژمارەیەک لایەنی شیعی عێراقی لەخۆدەگرێت، لەدوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەیان لەگەڵ موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و بەردەوامبوونی هەنگاوە یاسایی و جەماوەرییەکانی چوارچێوەکە لە ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەرامبەر ئەنجامی هەڵبژاردن دووپات دەکاتەوە.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە بڵاوکراوەیەکدا روونیکردووەتەوە، سەرکردەکانی لەگەڵ موقتەدا سەدر لە ماڵی هادی عامری لە بەغدا کۆبوونەتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە چەند خاڵێک کراوەتەوە. لە بڵاوکراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، "سەرکردەکانمان لەگەڵ بەڕێز موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر بۆ گفتوگۆ لەبارەی بابەتە هەڵپەسێردراوەکان و دوا پێشهاتەکانی دۆخی ئێستا کۆبوونەوە".
هەروەها لەو بڵاوکراوەیەدا باس لەوەش کراوە، "کۆبوونەوەکە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی یەکێتی و برایەتیی نەوەکانی یەک نیشتمان بوو، لەپێناو بەرژەوەندیی گەلی عێراق".
چوارچێوەی هاوئاهەنگی، چەند خاڵێکی لە بڵاوکراوەکەدا خستووەتە روو، لەوانەش، هەنگاونانی پێویست بۆ دژایەتیکردنی گەندەڵی و لێپێچینەوە لە گەندەڵکاران و راگرتنی بەفیڕۆدانی ماڵی گشتی.
هەروەها دووپاتکرایەوە لە چوونەدەرەوەی هێزە بیانییەکان بەپێی خشتەی پێشتر دانراو و جەختکردنەوە لە میکانیزمەکانی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا.
لە خاڵیکی دیکەدا، بڵاوکراوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا دووپاتکرایەوە لە پاراستنی حەشدی شەعبی و رێکخستنەکانی و پتەوکردنی رۆڵی لە پاراستنی ئاسایشی عێراق.
ئەمە جیا لە بەتاوان ناساندنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی [لەگەڵ ئیسرائیل] و هەموو ئەوەی پەیوەندی بەو کارەوە هەیە، لەگەڵ کارکردنی هاوبەش بۆ پاراستنی بنەماکانی گەلی عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی بەلاڕێداچوونی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی.
وەکو بڵاوکراوەکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، دەستنیشانی کردووە، گفتوگۆ کراوە لەبارەی کارکردن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئابووریی ناوچە بێبەشەکان و دوورخستنەوەی ململانێی سیاسی لە هەموو پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و لابردنی بێبەشکردن لەسەر ئەو ناوچانە.
ئەمە جیا لەوەی کە بڵاوکراوەکە دەڵێت، هەردوولا رێککەوتن لەسەر بەردەوامبوونی گفتوگۆ و دانوستاندن لەپێناو گەیشتن بە چارەسەری راستەقینە بۆ نەهێشتنی ئەو درزەی لە دۆخی سیاسیدا دروستبووە.
لە کۆتاییشدا، بڵاوکراوەکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئاماژەی بەوە کردووە، "لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دووپاتدەکەنەوە لە بەردەوامبوون لە هەنگاوە یاسایی و جەماوەرییەکان کە پەیوەندییان بە بەدواداچوونی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانەوە هەیە".zna
ئەم هەواڵە 997جار خوێندراوەتەوە |