|
هەولێر—ZNA رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیێنێت، کە گۆڕاوی ئۆمیکرۆن لە 57 وڵات بڵاوبووەتەوە و داوا لە وڵاتانیش دەکات هەوڵی رێگری لە بڵاوبوونەوەی گۆڕاوەکە بدەن. رۆژی چوارشەممە 8-12-2021 تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی جیهانی لە ژنێف رایگەیاند گرنگە چاودێری بارودۆخەکە بکرێت بۆ ئەوەی بزانن، کە ئایا ئۆمیکرۆن لە دەلتا بەهێزترە یان نا. تێدرۆس ئەدهانۆم گوتی: "زانیارییەکان لە ئەفریقای باشوور وا نیشانیدەدەن کە مەترسی دووبارە تووشبوون بە ئۆمیکرۆن هەیە، بەڵام زانیاری زیاترمان پێویستە بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجامی کۆنکرێتی. چەند بەڵگەیەکیش هەن کە ئۆمیکرۆن لە دەلتا لاوازترە، بەڵام دووبارە دەیڵێمەوە، هێشتا زۆر زووە بۆ گەیشتن بە ئەنجامی یەکلاکەرەوە. هەر خۆقایلکردنێکیش دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی چەندین کەس". ئەوەش لەکاتێکدایە کە پێشتر دکتۆر ئەنتۆنی فاوچی، سەرۆکی راوێژکاری پزیشکیی سەرۆکی ئەمریکا بە میدیاکانی راگەیاند، گۆڕاوی ئۆمیکرۆن تەنانەت هێندەی گۆڕاوی دەلتاش مەترسیدار نییە، کە ئێستا 99.9٪ی تووشبووانی کۆرۆنا لە ئەمریکا هەڵگری گۆڕاوی دەلتان. هاوکات، رۆژی چوارشەممە کۆمپانیای فایزەری دروستکەری ڤاکسینی کۆرۆنا رایگەیاند کە ڤاکسینە بەهێزکەرەکەیان دەتوانێت بەرگری لە دژی گۆڕاوی ئۆمیکرۆن دروستبکات، هەرچەندە دوو قورچکی یەکەمی ڤاکسینەکە کاریگەری کەمتریان هەبێت. کۆمپانیای مۆدێرنا و کۆمپانیاکانی دیکەی بەرهەمهێنەری ڤاکسینیش کار لەسەر ئەوە دەکەن، تا چ ئاستێک ڤاکسینەکان دەتوانن بەرگری لە دژی ئۆمیکرۆن درووستبکەن. زانایانی بواری ڤایرۆسناسیش لە نزیکەوە چاودێری بەڵگەی بەرجەستە دەکەن لەبارەی چۆنیەتی بڵاوبوونەوەی ئۆمیکرۆن لەو وڵاتانەی رێژەیەکی زۆری هاوڵاتیانی ڤاکسینیان وەرگرتووە.
ئەم هەواڵە 1945جار خوێندراوەتەوە |