ZNA - ههولێر
رێکخراوی تەندروستیی جیھانی (WHO)، ئەوەی راگەیاند کە پێشکەوتنی بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن کە كاريگەريى ڤاکسینەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە بەرامبەر نەخۆشیە قورسەکان و مردن تۆزێك كەمبووەتەوە و لە بەرامبەر نەخۆشییە سووکەکان (مامناوەندەکان) یان خۆپاراستن لە گواستنەوە كەمبوونەوەيەكى تەواو هەيە.
بەڕێوەبەری گشتیی WHO، تیدۆرس ئادناھۆم گیبریسوس، لە میانی کۆنگریەکی رۆژنامەوانیدا کە لە ناوەندی رێکخراوەکە لە شاری جنێڤ بەڕێوەچوو، گوتی: "لە ئێستادا لە ٧٧ وڵاتدا حاڵەتی تووشبوون بە جۆری ئۆمیکرۆن تۆمارکراوە و راستیەکەش ئەوەیە کە ئەگەر تاکو ئێستا دەستنیشانیش نەکرابێت ئەوە ئەگەری ھەیە ئۆمیکرۆن لە زۆربەی وڵاتەکاندا ھەبێت".
گیبریسوس، گوتیشی: "ئۆمیکرۆن، بەشێوەیەک بڵاودەبێتەوە کە پێشتر لە ھیچ جۆرێکدا نەمانبینیوە". و جەختی لەوەش کردەوە کە مەترسیان لەوە ھەیە کە کەسەکان ئۆمیکرۆن بە "جۆرێکی سووک" سەیر بکەن.
گیبریسوس، بانگەوازی وڵاتانی کرد کە بەو رێکارانەی کە ئێستا گرتوویانەتەبەر رێگە لە بڵاوبوونەوەی ئۆمیکرۆن بگرن و گوتی: "دەبێت زۆر روونبم؛ ڤاکسینەکان بەتەنھا ھیچ وڵاتێک لەم قەیرانە رزگار ناکات".
گیبریسوس، باسی لە کاریگەریی ڤاکسینەکانی کۆرۆناشی کرد و گوتی:" پێشکەوتنی بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن کە كاريگەريى ڤاکسینەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە بەرامبەر نەخۆشیە قورسەکان و مردن تۆزێك كەمبووەتەوە و لە بەرامبەر نەخۆشییە سووکەکان (مامناوەندەکان) یان خۆپاراستن لە گواستنەوە كەمبوونەوەيەكى تەواو هەيە."
AA
ئەم هەواڵە 571جار خوێندراوەتەوە |