ZNA – هەولێر وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، تاوەکو ئێستا سێ هەزار و ٨١٧ کۆچبەری نایاسایی لەسەر سنووری بێلاڕووس لە رێگەی ١٠ گەشتی ئاسمانی لە ماوەی مانگێکدا گەڕێندراونەتەوە وڵات.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەحمەد سەحاف لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە و گوتی: "لە ماوەی یەک مانگدا سەرکەوتووبووین لە رێکخستنی ١٠ گەشتی ئاسمانی بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی کۆچبەران".
سەحاف گوتیشی: ئەمڕۆ ٢٥٨ کۆچبەری دیکە بەشێوەی ئارەزوومەندانە دەگەڕێنەوە، بەمەش ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە بە ئارەزوومەندانە گەڕێندراونەتەوە وڵات دەگاتە سێ هەزار و ٨١٧ کەس.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق راشیگەیاند، تاوەکو ئێستا ٥١٨ پاسپۆرتی پەڕینەوەیان داوە بەو کۆچبەرانەی پاسپۆرتەکانیان لەدەستداوە و بۆ پێشکەشکردنی یارمەتی مرۆیی لەگەڵ بێلاڕووس و لیتوانیا ولاتیڤیا هەماهەنگیی دەکەن.
ئەحمەد سەحاف ئاماژەی بەوەشکرد کە لە رێگەی باڵیۆزخانەکانی عێراق لە مۆسکۆ و وارشۆ بەردەوامن لە تۆمارکردنی ناوی ئەو کۆچبەرانەی کە ئارەزوومەندانە خواستی گەڕانەوەیان هەیە بۆ عێراق.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق گوتیشی: "بەهەماهەنگیی لەگەڵ حکوومەتی بێلاڕووس توانیمان لێخۆشبوون بۆ ئەو پێبژاردنە داراییە دەربکرێت بۆ نشینگەی ئەو کۆچبەرانەی کە ئارەزوومەندانە گەڕێندراونەتەوە کە بڕەکەی زیاترە لە ٧٧٠ هەزار دۆلار".
لە مانگی تشرینی دووەمی رابردووەوە ژمارەیەک کۆچبەر بە مەبەستی گەیشتن بە وڵاتانی ئەورووپا لەسەر سنووری نێوان بێلاڕوو و پۆڵەندا گیریان خواردووە و لەلایەن پۆلیسی پۆڵەنداوە رێگەی چوون بەرەو ئەورووپایان لێ گیراوە.
ئەم هەواڵە 883جار خوێندراوەتەوە |