ZNA - ههولێر
وەزارەتی کشتوکاڵ وتی، ئەو بارانەی لە چەند رۆژی ڕابردوودا باریوە، سوودێکی باشی بۆ جووتیاران دەبێت و دەتوانن دەست بە چاندن بکەن، چونکە بارانی پێویست باریوە و پەڵەشی داوە.
حوسێن حەمەکەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رايگهیاند، دوای ئەو شەپۆلەی بارانبارین ھەرێمی کوردستانی گرتەوە، جووتیاران دەتوانن دەست بە چاندن بکەن و گەنم و جۆی خۆیان بچێنن، باران لە مانگی سێ و چواردا بەردەوام بێت بۆ دانەوێڵە زۆر گرنگە، بۆیە جووتیاران دەتوانن دەست بە تۆوکردن بکەن، چونکە پەڵەی داوە و بارانی باش باریوە، بەڵام بۆ مانگەکانی دیکەش پێویستمان بە بارانبارین ھەیە، چونکە ٢٠ تا ٣٠ ملم زەوی شێ وەرگرێت، بۆ تۆوکردن دەشێ .
حەمەکەریم باسی لهوهكرد، ساڵانە نزیکەی چوار ملیۆن دۆنم زەوی دەشێ بۆ چاندن ئەگەر باران ببارێت لە ھەرێمی کوردستان.
ئهوهشی خستهروو، لە ناوچەکانی مسۆگەر پێویستە باران ساڵانە لە سەرووی ٤٠٠ملم بێت و بۆ ناوچەکانی دیکەش پێویستە ٢٠٠ تا ٤٠٠ملم باران ببارێت، کە بە شێوەیەکی یەکسان باشە.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رونی كردهوه، ھەرچەندە بارانبارین ھەندێک دواکەوت و کاریگەریی لەسەر بەرھەم دەبێت، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی باشە و سوودی باشی بۆ جووتیاران دەبێت.
KDP.info
ئەم هەواڵە 1702جار خوێندراوەتەوە |