|
ZNA – تاران
"توورەج ئەسڵانی" بەڕێوەبەریی وێنەگرتنی فیلمی سینەمایی "مالیخوولیا" خەڵاتی باشترین وێنەگریی دووهەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بۆلیوودی 2021 لە هیندستانی بەدەستهێنا.
فیلمی سینەمایی "مالیخوولیا" لە دەرهێنان و بەرهەمێهنانی "موڕتەزا ئاتەش زەمزەم"، لە وێنەگرتنی سینەماکاری کورد "حەسەن ئەسڵانی" و لە بەڕێوەبەریی وێنەگرتنی سینەماکاری ناوداری کورد "توورج ئەسڵانی" لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی دووهەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بۆلیوود" لە هیندستان پیشاندرا و خەڵاتی باشترین بەڕێوەبەریی وێنەگرتن و تابلۆی ڕێزلێنانی ئەم ڕووداوە گرینگە سینەماییە بە "توورج ئەسڵانی" سینەماکاری کورد بەخشرا.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی دووهەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بۆلیوود" بریتی بوون لە: "ئاشوک ڕێنە" دەرهێنەر و ڕخنەگری سینەما لە هیندستان ـ سەرۆکی لێژنەی دادوەران، دکتۆر "ئاشوک میشرا" سیناریۆنووس و مامۆستای زانکۆ لە هیندستان، "ئامیت ڕای" دەرهێنەر لە هیندستان، "تۆقیر ئەحمەد" ئەکتەر و دەرهێنەر لە بەنگڵادیش و "ماریان بۆرگۆ" ئەکتەر لە فەرەنسا.
دووهەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بۆلیوود" لە بەشە جۆراوجۆرەکانی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی و بە هەڵسەنگاندنی بەرهەمە سینەماییەکان، بەڵگەفیلم، کورتە فیلم، سیناریۆ، میوزیک ڤیدیۆ، فیلمە هیندییەکانی سینەماکارانی وڵاتانی جیهان، لە ڕۆژانی 12 تا 14ی دیسەمبەری لە هیندستان بەڕێوەچوو.
مەنسوور جیهانی
ئەم هەواڵە 379جار خوێندراوەتەوە |