English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
چین: وڵاته‌كه‌مان لە نوێکردنەوەی چەکە ناوەکییەکانی بەردەوام دەبێت
2022-01-04 [11:16 AM]

ZNA - هه‌ولێر


 

ڕۆژێک دوای ئەوەی زلهێزەکانی جیهان بەڵێنیاندا ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی چەکی ناوەکی بگرن، چین ڕایگەیاند لە "نوێکردنەوەی" چەکە ناوەکییەکانی بەردەوام دەبێت، داوای لە ئەمەریکا و ڕوسیا کرد چەکە ناوەکیە عەمبارکراوەکانیان کەم بکەنەوە.

ئەمەریکا و ڕوسیا و چین و بەڕیتانیا و فەڕەنسا بەیاننامەیەکی هاوبەشی دەگمەنیان بڵاوکردەوە و تیایدا جەختیان لەوە کردەوە جیهانێک دروست بکەن خاڵی بێت لە چەکی ئەتۆمی و خۆیان بەدووربگرن لە شەڕی چەکی ناوەکی.

بەڵام جێبەجێکردنی ئەم بەڵێنانە لە ڕاستیدا قورس دەبێت، لەکاتێکدا گرژییەکانی نێوان ئەو وڵاتە زلهێزانە زیاتر بوون.

نیگەرانیەکان سەبارەت بە نوێکردنەوەی سوپای چین زیادبوون، ئەوەش دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو چین ڕایگەیاند پەرەی بە موشەکێکی دەنگبڕ داوە و خێراییەکەی پێنج هێندەی خێرایی دەنگە.

ڕۆژی سێشەممە چین بەرگری لە سیاسەتی چەکی ناوەکی وڵاتەکە کرد و وتی تاوەکو ئێستا ڕوسیا و ئەمەریکا زۆرترین چەکی ناوەکیان هەیە لە جیهاندا، دەبێت ئەوان سەرەتا دەست بکەن بە داماڵینی چەکە ناوەکییەکان.

بەڕێوبەری گشتی بەشی کۆنتڕۆڵکردنی چەک لە وەزارەتی دەرەوەی چین فو کۆنگ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئەمەریکا و ڕوسیا هێشتا خاوەنی لە سەدا 90 ی چەکە ناوەکییەکانن لەسەر زەوی. دەبێت بەشێوازێکی یاسایی چەکە ناوەکییەکانیان کەم بکەنەوە."

لە مانگی یانزەدا وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا لە خەمڵاندنێکدا وتی تاوەکو ساڵی 2027 چین پێدەچێت ببێتە خاوەنی 700 کڵاوەی ناوەکی و تاوەکو ساڵی 2030 پێدەچێت ئەو ژمارەیە بۆ 1000 کڵاوەی ناوەکی زیادبکات.

فو وتی " لەسەر خەمڵاندنەکەی ئەمەریکاش کە تیایدا دەڵێت چین بەشێوەیەکی بەرچاو پەرە بە توانا ناوەکییەکانی دەدات، ئەوە ڕاست نیە."

وتی " چین هەمیشە پەیڕەوی ئەو سیاسەتەی کردووە کە یەکەمجار چەکەکە بەکارنەهێنێت و توانا ناوەکییەکانیشمان لە ئاستێکی ناوەنددا دەهێڵینەوە کە پێویستە بۆ ئاسایشی نیشتیمانیمان."

وتیشی " چین بەردەوام دەبێت لە نوێکردنەوەی چەکە ناوەکییەکانی، ئەوەش بەمەبەستی پارێزراوی و پشتبەستن پێیان."

پەیوەندییەکانی نێوان چین و ئەمەریکا بەهۆی کۆمەڵێک کێشەوە گرژییان تێکەوتووە، لەوانەش نیازی چین بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی تایوانی دیموکراتخواز، وەکو چین خۆی دەڵێت " ئەگەر پێویست بێت بە بەکارهێنانی هێز."

فو گومانەکانی ڕەت کردەوە سەبارەت بە ڕەوانەکردنی چەکی ناوەکی بۆ نزیک تەنگەی تایوان. وتی " چەکی ناوەکی دوایین بژاردەیە بۆ بەربەست دانان، چەکی ناوەکی بۆ جەنگ یاخود شەڕکردن نیە."





ئەم هەواڵە 361جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad