ZNA- هەولێر
چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شيعە داوای لە فراکسیۆنی سەدر کرد پێکەوە گەورەترین فراکسیۆن لە نێو پەرلەمانی نوێی عێراق پێکبهێنن، کە مافی پێکهێنانی حکومەتی نوێی دەبێت.
لە راگەیێندراوەکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا هاتووە: لە کۆبوونەوەکەی دوێنێ هەینی لایەنەکانی نێو چوارچێوەکەدا "پرسی پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆن و رێڕەوی یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان تاوتوێکران، چوارچێوەی هاوئاهەنگی جەختی کردەوە کە پێداگرە لەسەر پابەندبوون بە رێچکە یاسایی و دەستوورییەکان."
چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە گوتیشی: "داوا لە هەموو نوێنەرانی گەورەترین پێکهاتەی کۆمەڵایەتی دەکەین، بەتایبەت برایان لە فراکسیۆنی سەدری، گەورەترین فراکسیۆن پێکبهێنن بۆ پاراستنی ئەو شایستە دەستوورییە و سەقامگیریی پرۆسەی سیاسی".
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: "چوارچێوەی هاوئاهەنگی سوپاسی هەموو ئەو لایەنە نیشتمانییانە دەکات کە سووربوون لەسەر پاڵپشتیکردنی لێکتێگەیشتنەکان و بەشدارنەبوون لە ئاڵۆزکردنی دۆخەکە".
ئەم هەواڵە 1099جار خوێندراوەتەوە |