ZNA:هەولێر لە ئەمریکا رێژەی تووشبوون و خەواندنی منداڵان بە ڤایرۆسی ئۆمیکرۆن زیادیکردووە و لەگەڵ زیادبوونی تووشبووان رێژەکە بەرزدەبێتەوە.
بەگوێرەی داتاکانی سەنتەری کۆنتڕۆڵکردن و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا لەنێو 100 هەزار کەس کە تووشی کۆرۆنا و ئۆمیکرۆن بوونە و لە نەخۆشخانە خەوێندراون، نزیکەی 5 منداڵ هەن، لەکاتێكدا پێش هەفتەیەک ژمارەی منداڵانی تووشبووی ڤایرۆسەکە لەنێو 100 هەزار کەس نیوە بوو.
داتاکانی سەنتەری کۆنتڕۆڵکردن و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا دەریانخستووە تەنیا لەماوەی هەفتەیەکدا لەگەڵ بڵاوبوونەوەی زیاتری ئۆمیکرۆن، رێژەی تووشبوونی منداڵان نزیکەی 48٪ زیادبووە.
د. رۆشێل والنسکی، بەڕێوەبەری سەنتەری کۆنتڕۆڵکردن و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا دەڵێت زۆر پێویستە کەسانی دەوری ئەو منداڵانەی نەکوتراون خۆیان بکوتن، بۆ ئەوەی کە منداڵانیش نەکوترابن گەورەکان ڤاکسینیان وەرگرتبێت؛ بەمەش رێژەی تووشبوونی منداڵەکان کەمتردەبێتەوە.
بەگوێرەی نوێترین داتاکانی سەنتەری کۆنتڕۆڵکردن و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا تاوەکو ئێستا زیاتر لە 82 هەزار منداڵی تووشبووی کۆرۆنا و ئۆمیکرۆن لە نەخۆشخانە خەوێندراون.
ئەم هەواڵە 820جار خوێندراوەتەوە |