English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
هیچ لایەنێك دژی سەربەخۆیی كوردستان نییە
2016-04-18 [12:06 PM]

ئازا حەسیب قەرەداخی


دۆخی سیاسی و پەیوەندی نێوان پێكهاتەكانی ناو عێراق و نێوانی لایەنە سیاسییەكانی شیعەیش، تا دێ خراپتر دەبێ. بەو هۆیەشەوە، كۆی پرۆسەی سیاسی و حوكمڕانی لە بوومەلەزەیەكی گەورە نزیك دەبنەوە. لە كاتێكدا، هێشتا موسڵ تا دەگاتە شاری رەققە بەدەست داعشەوەیە و سوپای عێراقیش سەركەوتنی شیاوی باسی لەشەڕی داعشدا تۆمار نەكردووە، كەچی ململانێ سیاسییەكان لە بەغدا دەكوڵێ و هەموو كارەكتەرەكان بەیەكدا دێن. كە كار گەیشتە هەڵوەشانەوەی حكوومەت و سەرۆكایەتی پەرلەمان و قسەكردن لەبارەی لابردنی سەرۆككۆماریشەوە، ئیتر ئەمریكای ناچاركرد كە بە هەڕەشەوە بێتە ناو بازنەكەوە. 
جۆن كێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، كە بەرلەماوەیەك لە بەغدا بوو، هەروەها نێردراوە تایبەتەكەی سەرۆك ئۆباما، ماككۆرك، دواجار فەرماندەی فەرماندەیی ناوینی هێزەكانی ئەمریكایش، جۆزێف فۆتێل بێ پێچ و پەنا بە سەركردە سیاسییەكانی عێراقییان راگەیاند كە سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق، بەوجۆرە كە سێكوچكەی حوكمڕانی و دەسەڵاتی هاوبەشن لە عێراقدا نەگۆڕ و ستراتیژین لە سیاسەتی ئەمریكادا و یەكێكە لە بەرژەوەندییە زیندووەكان و بۆ پاراستنی ئەمریكا بە هێزەوە دەگەڕێتەوە بۆ عێراق. 
ئێران یەكێكە لە گەمەكەرە سەرەكییەكان لە عێراقدا، بۆیە هەڵوێستی ئەویش لەم پرسە گڕگرتووانە حیساب بۆكراوە. لەوەتەی رێككەوتنی ناوكی لەگەڵ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی واژۆ كردووە، ناتوانێ لە هەموو ئەم پرسانەدا مل لەبەر ملی ئەمریكا بنێ. تەنانەت پێ دەچێ سێ كوچكەی سەرۆكایەتی عێراق بۆ ئێرانیش نەگۆڕ بێ، بەتایبەتی كە بۆی مسۆگەر بێ پۆستی سەرەكوەزیران بەشی شیعەكان دەمێنێ. لەوەلایشەوە ئەوەندەی ئێران سەرقاڵی گەیشتنە بە جۆرێك لە رێككەوتن لەگەڵ ئەمریكا لەبارەی سووریاوە، كەمتر لە خەمی عێراقدایە. بۆیە ئەمریكا دەتوانێ ئاسانتر لە عێراقدا بجووڵێ و هەڕەشە بكات و كارەكتەرەكان بخاتەوە جێی شایستەی خۆیان لە گەمەكەدا. 
سەركردایەتی سیاسی كوردستان لە گەمەكەدا كارامەیە و نەیهێشتووە تۆپەكە بكەوێتە ساحەی كوردستانییەوە. ئەوانی دیكە ئەگەر عێراقیان لەبەر یەكهەڵوەشاند، یان گەڕانەوە بۆ دەستوور و شەراكەت، ئەوا كوردستان بۆ هەردوو ئەگەرەكە ئامادەیە. راگەیەنراوی دوا كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی، هەروەها هاوهەڵوێستی فراكسیۆنە كوردییەكان لە پەرلەمانی عێراقدا، بەڵگەی ئەم كارامەییەن. سەركردایەتی سیاسی كوردستان سیاسەتی خۆی لەسەر ئەو پێدراوە سیاسییە دامەزراندووە كە هەموو شێوازەكانی پێشووی پێكەوەبوون لە عێراقدا، بە فیدراڵیشەوە شكستیان هێناو نەیانتوانی عێراق بكەنە دەوڵەتی شەراكەتی هەمووان. بۆیە ئێستا كاتییەتی كە لەپێناوی دیاریكردنی شێوازێكی نوێ گفتوگۆ بكرێ. ئەمڕۆش ئەو گفتوگۆیە بكرێ باشترە لە سبەینێ، چونكە نازانرێ رووداوەكان چییان لێ دەكەوێتەوە و سەركردایەتی سیاسی كوردستانیش هیواخوازە كە بە شێوەیەكی ئاشتییانە لەگەڵ بەغدا بنەماكانی كار و بەرژەوەندی هاوبەشی نێوان دوو دراوسێی باش دامەزرێنێ. لەم پرسە چارەنووسسازەدا سەركردایەتی سیاسی كوردستان وەكو كارەكتەرێكی پشت ئەستوور بە ئیرادەی گەلی كوردستان گفتوگۆ دەكات و، ریفراندۆمیش میكانیزمی بەشداری راستەوخۆی گەلی كوردستانە لەو گفتوگۆیەدا. 
لەم پرسەدا هەندێك لە دۆستان و هەموو نەیارانمان دەڵێن ئێستا كاتی جیابوونەوە و سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردستان نییە. سەرۆك بارزانیش وەڵامی داونەتەوە كە ئەگەر كاتی سەربەخۆیی نەبێ، ئەوا كاتی ژێردەستەییش نییە. هەرچەندە هەرگیز بیر لەوە نەكراوەتەوە كە گەلی كوردستان چەك لە دژی بەغدا بەرزبكاتەوە، بەڵام مەعلومە ئەگەر بە زۆر نەهێڵرێ گەلی كوردستان سەربەخۆ بێ، ئەوا ناچار دەكرێ بە زۆر سەربەخۆیی وەربگرێ ، چونكە گەلی كوردستان چیتر ناگەڕێتەوە بۆ چوارگۆشەی حوكمڕانێتی نەتەوە یان مەزهەبی باڵادەست. نابێ چیتر عێراق دەوڵەتی بەشداری پێكردنی كوردبێ لە هەیكەلەی حوكمڕانیدا، بەڵكو دەبێ دەوڵەتی شەراكەت و هاوبەشیی بێ یان دەبێ هەڵوەشێتەوە. هەروەها پرسی سەربەخۆییش پرسێك نییە پەیوەنددار بێ بە كێشەكانی ئەمڕۆ و ئەو بومەلەرزەیەوە كە لە عێراقی داوە. بەڵكو پرسێكە لە سەروەختی دروستكردنی ئەم دەوڵەتە فاشیلە فاشییەوە هاتۆتە ئاراوە. بۆیە، ئەمڕۆ یان سبەی بەم هۆیە یان هەر هۆیەكی ترەوە گەلی كوردستان دەستبەرداری ئەم مافە بنەڕەتییەی نابێ. لە راستیدا كێشەی گەلی كوردستان نییە كە هەندێ لە دۆستانمان و هەموو نەیارانمان لەم راستییە تێناگەن، ئەوە كێشەی خۆیانە و پێویستە لەبارەی دەوڵەتی كوردستانەوە زیاتر وردبین و ئایندەبین بن و بەلۆژیك لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی خۆیانی گرێ بدەن، هەرهیچ نەبێ دۆستانمان دەوڵەتی كوردستان بەراورد بكەن بەو دەوڵەتانەوە كە سەد ساڵە دروستیان كردوون و داكۆكی لە مانەوەیان دەكەن. هەر یەكێك لەوانەیش كارگەیەكی بە پیتە لە بەرهەمهێنانی تیرۆر و تیرۆریستان و كێشەی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی. بەپێچەوانەی ئەوانیشەوە كوردستان بە كردەنی سەلماندوویەتی ئێستا و لە ئایندەشدا بۆ ئارامی ناوچەكە خاوەن پێگەیەكی زۆر گرنگە و دەتوانێ رۆڵێكی زۆر گەورە بگێڕێت لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەكە و جیهان و كۆڵەگەیەكی پتەوە بۆ سەقامگیری. لەسەر بنەمای ئەم لۆژیكە هەڵوێستی خۆیان دیاری بكەن.
لەمبارەیەوە سەرۆك بارزانی خەڵكی كوردستانی دڵنیا كردەوە و پەیامەكەیشی گەیشت بە هەمووان كە ئەمریكا و خۆرئاوا لە واقیعەكە تێدەگەن بەڵام بۆچوونی جیاوازیان لەبارەی كاتی سەربەخۆییەوە هەیە، ئەگینا هیچ لایەنێكی دەرەكی دژی سەربەخۆیی كوردستان نییە.





ئەم هەواڵە 13222جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
مارێک ئافرەتێک قووت دەدات , تکایە سەرووی ١٨ ساڵ
یەکەم جارە ماسی لەم شێوەیە ببیندرێت
خۆی فڕێدەداتە بەردەم بارھەڵگرێک، بزانە چی لێدێت
پێکدادانی دوو فرۆکە
بوونەوەرێکی نامۆ لە فلپین دەردەکەوێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad