English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
لە چوارشەممەی سوورەوە بەرەو دەوڵەتی سەربەخۆ
2016-04-20 [12:12 PM]

نووسینی: دڵشاد مەولوود


ھەموو ساڵێک لە یەکەمین چوارشەمەی مانگی نیساندا، پەیڕەوانی ئاینی ئێزدی لەدۆڵی لالش لە باشووری کوردستان لە دەوری یەک کۆدەبنەوە و یەکێک لە مەراسیمە سەرەکییەکانی ئاینی خۆیان بەڕێوە دەبەن. بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان، ئێزدییەکان میراتی شارستانییەتی مێژوویی میزۆپۆتامیان وھەرلەو خاکەش نیشتەجێ بوونە. ئاینی ئێزدی ھەر وەک لە سەرچاوە ئێزدییەکانیشدا ئاماژەی پێکراوە، کۆنترین ئایینە لەناو گەلی کورددا و تا ئێستا بە پارێزراوی ماوەتەوە. 
من نامەوێت بچمە ناو وردەکاری ئەم ئاینەو شێوازو خواپەرستی ئەوان، تەنھا ئەوە نەبێت کە ئایینی ئێزدی یەکێکە لەکۆنترین ئاینەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و سەرەتای دەرکەوتنی دەگەڕێتەوە بۆ ٢٠٠٠ ساڵ پێش زایینی. 
وەکو لە مێژوودا تۆمار کراوە و ئێزدییەکان دەڵێن (٧٤) فەرمان و ھێرشی جینۆسایدی لە دژیان ئەنجامدراوون، لە شنگال و شێخان وباعەدرێ، لەخەتاری.. باشییک و بەحزانێ وھەموو شوێنەکانی تر. شەنگال و دەوروبەری بە شارۆچکە و گوندەکانی دەوروبەرییەوە، بە مەڵبەند و زێدی ژیان و گوزەرانی ئێزدییەکان ئەژمار دەکرێت، ئەوان لە دێر زەمانەوە لە سەر ئەم خاکە ژیاون و بە درێژایی مێژووش، زیانیان بۆ دەوروبەریان نەبووە، بەڵکو وەک سەرچاوە مێژووییەکان دەگێڕنەوە بەردەوام روو بەڕووی پەلامار و شاڵاوی کوشتن و لەناودان و کۆمەڵکوژی بوونەتەوە. 
ئاسان نیە لێرەدا ھەموو شتێک بخەینە بەرباس، بەڵام دەکرێ وەک بیرھێنانەوەش بێت دیارترین ئەو وێستگانە بیربێنینەوە کە مێژووی کۆمەڵکوژی “جینۆسایدی” ئێزدییەکان لە چەندین وێستگە و قۆناغی جیاوازدا دیاری دەکەن، ئەمەش لە یەک کاتدا یارمەتیدەرێکی باش و ئەرێنی دەبێت بۆ ئەوەی لە ناوەڕۆکی ئەم چیرۆکە دیکۆمێنتاریانە و تاوانەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام بگەین. لێرەدا تەنھا وەک نموونەیێک باسی جینۆسایدی گوندی کۆجۆ دەکەم.
کۆجۆ، یەکێکە لە گوندە جوان و ئێزدی نشینەکانی سنووری قەزای شنگال، بیست و سێ کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای شنگالەوە دوورە، و سەربە شارۆچکەی “بلیج”ی قەزای “بەعاج”ە، دانیشتوانی گوندەکە بە تەواوی ئێزدین، بە پێی کۆبوونی خۆراک “٣٤٤” خێزان و “١٦٠٣”ی کەس لێ نیشتە جێ بوونە. 
کۆجۆ لە ٣-٨-٢٠١٤ کەوتە بەردەم دڕندانەترین شاڵاوی کۆمەڵکوژی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام “داعش”، ئەو بەسەرھاتە سەخت و پڕ ئێشانە، رەنگە ھەندێ جار ئاسان نەبێت مرۆڤ لە ئاستیاندا خۆی رابگرێ، ڕەنگیشە لە کاتی خوێندنەوەیاندا، تووشی جۆرێک لە خەمۆکی و ئازارێکی لە سنوور بەدەر سەخت بێت، چونکە خودی بە سەرھاتەکە خۆی سەختە و گوێگرتن و دانیشتن بە دیارییەوە ئازارێکی بە سوێیە. 
بە پێی ئەو زانیاریانەی بەردەست کەوتوون لە چوارچێوەی ئەو شاڵاوەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام “داعش”، تەنھا لەگوندی کۆجۆ “٣٠٣” پیاو و “٢٧١” ئافرەت لە چوارچێوەی شاڵاوەکە رزگاریان بوەو “٥٢٠” پیاو لە گەڵ “٥٠٩” ئافرەت شەھیدو بێسەرو شوێنکراون.
ئەرێ لەتەمەنی ئێمە چ تراژیدیایێک لەمە بەئازارتر ھەبووە، بابیربکەینەوە کە گوندێک ئەوھندە قوربانییەی ھەبێت ئەی تەواوی ئەوناوچانەی کەوتنە ژێر دەستی داعش دەبێ ژمارەیان چەند بێت. بەڵام ئێمەی کورد ھەمیشە وەکو جەنابی رێزدار سەرۆک مەسعود بارزانی دەفەرمووێت" ئێمەی کورد توخمی پۆلاین، پۆڵاش ھەمیشە بۆحەلاندنی ئاگری بەھێزی دەوێت، بەڵام ئەوئاگرە زوو سارد دەبێتەوە بەرگەی خۆڕاگری پۆڵایەکەمان ناکات، بەومەرجەی یەکگرتووبین"، ئەم گوتارو گوتنانەی سەرۆک بارزانی و ھەروەھا رێباز و پەیڕەوی کوردایەتی فێرمان دەکەن یەک خەم بین، لەخۆشیدا لەگەڵ یەکبین، لەناخۆشیدا بۆیەک ساڕێژی برینەکان بین، ھەموومان کوردین کەواتە ئەمە ئەرکە کە موسڵمانێک لەشنگال بەرگری لە خاکەکەی بکات، چونکە بەرلەوەی ھەر یەکەمان نەتەوەیەک و ئاین وھەڵگری بیروباوەڕێک بین، لەبنەڕەتدا نەوەی ئادەم و حەواین، بۆیە ئەم چەژنە وەک خوشک و برایانی ئێزدی جەژنی ھەموومانە، پشت بەخوا لە ئایندەیەکی نزیکدا لەسایەی سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک بارزانی و ھێزو بازووی پێشمەرگە قارەمانەکانمان ئەو دڕندایەتیەی داعش لە ناودەچێت و دەگەین بەو ئامانجەی کەسەدەھای ساڵە خەون بە بەدیھاتنییەوە دەبینین.. لەسەر زەمینی نیشتیمانی خۆمان نەخشەیەکی کوردانە دەبینین و ئاڵای خۆمان ھەڵدەکەین.
 





ئەم هەواڵە 15196جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
ڤیدیۆیی .. ساتی کوشتنی تارا فارس
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad