ZNA - ههولێر
وهزارهتی دهرهوهی ئیسپانیا ئاشكرای كرد، نزیكهی 25 دیپلۆماتكاری روسی لهوهڵاتهكهی دهردهكات، لهمبارهیهوه سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی لەمیانەی وتارێكیدا بۆ پەرلەمانی ئیسپانیا داوای لە سەرجەم کۆمپانیا ئیسپانییەکان کرد بەتەواوەتی کارەکانیان لەگەڵ ڕووسیادا ڕابگرن و هەروەها داوای سزای توندتری ڕۆژئاوای کرد دژی مۆسکۆ، لەوانەش قەدەغەکردنی هاوردەکردنی گاز و نەوتی ڕووسی.
وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا خۆسێ مانوێل ئالبارێس ڕایگەیاند ئیسپانیا نزیکەی 25 دیبلۆماتکاری ڕووسی و کارمەندانی باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە مەدرید دەردەکات، بەمەش وڵاتەکە چووە پاڵ وڵاتانی دیکەی یەکێتی ئەوروپاوە لە دەرکردنی دبیبلۆماتکارە ڕووسیەکان، وەکو وەڵامێک بۆ ئەو هەواڵانەی کە دەڵێن گوایە هێزەکانی ڕووسیا تاوانی جەنگییان لە ئۆکرانیا ئەنجامداوە.
زێلێنسکی کە لەڕێی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییەوە وتارێکی پێشکەشی پەرلەمانی ئیسپانیا کرد، سەرکۆنەی کارە دڕندانەکانی ڕووسیای کرد دژی هاوڵاتیانی مەدەنی لە شارەکانی ئۆکرانیا، وتی ئەفسەرانی ڕووسیا بەو تاوانانەی ئەنجامییان داوە دەبێت بچنە بەردەم دادگای نێودەڵەتی.
زێلێنسکی وتی " سزاکان دەبێت بەهێز بن."
وتی " چۆن دەبێت ڕێگە بە بانکەکانی ڕووسیا بدرێت داهاتییان دەستبکەوێت لەکاتێکدا سوپای ڕووسیا ئەشکەنجەی هاوڵاتیانی مەدەنی شارەکانی ئۆکرانیا دەدات تاوەکو دەمرن، چۆن کۆمپانیا ئەوروپییەکان دەتوانن بازرگانی لەگەڵ وڵاتێکدا بکەن کە بە دەستی ئەنقەست خەڵکەکەمان لەناودەبات؟ "
لەمیانەی وتارەکەیدا، زێلێنسکی هێرشەکانی ڕووسیای لە ئۆکرانیا بەراورد کرد بە هێرشی نازییەکان لەمیانەی شەڕی ناوخۆی ئیسپانیادا بۆ سەر شارۆچکەی گوێرنیکای هەرێمی باسکی ئیسپانیا لە ساڵی 1937 دا کە تیایدا فڕۆکەکانی نازییەکان بۆردومانی شارۆچکەکەیان کرد.
زێلێنسکی وتی " چارەنووسی سەرانسەری پڕۆژەی یەکێتی ئەوروپا، ئەو بەهایانەی کە هەموومان بەیەکەوە گرێ دەدات " لە ئۆکرانیا بڕیاری لەسەر دەدرێت، هەروەها داوای لە یاسادانەرانی ئیسپانیا کرد " کاری زیاتر بکەن بۆ ناچارکردنی ڕووسیا بۆ دەستکردن بە گەڕان بەدوای ئاشتی و ڕێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا."
وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا خۆسێ مانوێل ئالبارێس وتی " بڕیارمانداوە دیبلۆماتکاران و کارمەندانی ڕووسیا لە باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە ئیسپانیا دەربکەین، کە هەڕەشەیان لەسەر بەرژەوەندی و ئاسایشی وڵاتەکەمان دروست کردووە."
وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا ئاماژەشی بەوەدا دەرکردنەکان وەڵامێکن بۆ " ئەو کارە خراپانەی کە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا لە ئۆکرانیا و بەتایبەتی لە بوچا و ئەوانەی ئەمڕۆش کە لە ماریوپۆڵ ئەنجامدراون." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ دۆزینەوەی گۆڕی بە کۆمەڵ و کوشتارییەکان لە شارۆچکەی بوچای ئۆکرانیا.
وتی " تاوانەکان نابێت بەبێ سزا بمێننەوە."
VOA
ئەم هەواڵە 937جار خوێندراوەتەوە |