ZNA- هەولێر
وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سێرگی شۆیگۆ، وەزیری بەرگریی رووسیا قسەی کردووە و داوای لێکردووە بە زووترین کات لە ئۆکراینا ئاگربەست رابگەیێنن.
رۆژی هەینی 13-5-2022، پێنتاگۆن بڵاویکردەوە: "لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمەریكا داوای لەهاوتا رووسیەكەی كردووە دەستبەجێ ئاگربەست لە ئۆکراینارابگەیێنێت، هاوکات جەختیشی لە هێشتنەوەی کەناڵی پەیوەندی لە نێوان مۆسکۆ و واشنتن کردۆتەوە".
پەیوەندیی تەلەفۆنی نێوان وەزیرانی بەرگریی ئەمریکا و رووسیا لە کاتێکدایە، ئێستا جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا لە بەشی رۆژهەڵات و باشووری ئۆکراینا چڕبووەتەوە و سوپای هەردوو وڵات رووبەڕووی یەکتری بوونەتەوە.
پێنتاگۆن بانگەشە بۆ ئەوە دەکات رووسیا تووشی شکستهاتووە لە بەدەستهێنانی ئەو ئامانجانەی لە پلانی جەنگەکەیدا داینابوو.
ئەمە یەکەم پەیوەندیی تەلەفۆنیە لەنێوان وەزیرانی بەرگریی ئەمەریكا و رووسیا، لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا.
ئەم هەواڵە 133جار خوێندراوەتەوە |