ZNA- هەولێر
وەزارەتی کارو و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی عێراق رایگەیاند، ئەو بڕەپارەیەی وەک موچە دەدرێت بە چاودێرانی کۆمەڵایەتی بۆ ئەمساڵ دابینکراوە و بەردەستە و هیچ گرفتێکی نییە و پێیان دەدرێت.
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، چەندین خێزان لەناو داتا بەیسی دەستەی پاراستنی كۆمەڵایەتی تۆمار کراون.
وەزارەتی كار راشیگەیاند: نزیکەی ٣٠٠ خێزانیش رێکاری تۆمارکردنەکانیان تەواوبووە، بەڵام ٩٧ هەزار خێزانی دیکە هەن کە تا ئێستا رێکاری تۆمارکردنەکانیان تەواو نەبووە.
هەربەگوێرەی راگەیەنراوەکە، ئەو خێزانانە چەند ساڵێکە یاسای چاودێری کۆمەڵاتی گرتونەتییەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارەی تەواو نەتوانراوە کارەکانیان رایبکرێن.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو بڕە پارەیەیی پێویستە دابینبکرێت بۆ پێدانی موچەی ئەو خێزانانەش نزیکەی ترلیۆنێک و ٨٠ ملیار دینارە، هەربۆیە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی داوای لە پەرلەمانی عێراق کردووە ئەو بڕە پارەیە لەناو یاسای پشتیوانی کردنی کتوپڕ بۆ کەمکردنەوەی رێژەی هەژاری جێگیربکرێت.
لەکۆتایی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی عێراق دا هاتووە، موچەی ئەم ساڵی پشتیوانی کۆمەڵایەتی بۆ چاودێران بەردەستە و هیچ گرفتێکی تێدانییە.
ئەم هەواڵە 742جار خوێندراوەتەوە |