ZNA - ههولێر
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لە بوارى زانستى و ئەکادیمى و پەرەپێدانى تواناکان و خوێندنى باڵا، نزیکەى (٥٠) پڕۆژەى زانستى هاوبەشمان لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوە زانستییەکانى وڵاتى بەریتانیا هەیە.
ئەم لێدوانەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەمڕۆ سێشەمە ڕێکەوتى ١٧ى ئایارى ٢٠٢٢ لەمیانى پێشوازیکردنى هات لە دەیڤید هەنت، کونسوڵى گشتى بەریتانیا لەهەرێمى کوردستان. لە دیدارێکدا کە بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى ئامادەیبون، جەختکرایەوە لەسەر بەردەوامی و پەرەپێدانى پەیوەندییە زانستی و ئەکادیمییەکانی نێوان هەردولا.
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا باسى لە پەیوەندییەکانى حکومەت و گەلى کوردستان لەگەڵ وڵاتى بەریتانیا کرد، بۆ ئەمەش وتى: لەقۆناغى داهاتو دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان بۆ ئاستێکى فراوانتر پەرەپێبدەین، بەو پێیەى وەزارەتەکەمان نزیکەى (٥٠) پڕۆژەى هاوبەشى لەبوارى زانستى لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوەکانى بەریتانیا هەیە، داواشى کرد ئاستى ئەو پەیوەندییانە لەبوارى توێژینەوەو پەرەپێدانى تواناکان و ڕاهێنان و ئاڵوگۆڕى زانستى زیاتر فراوان بکەین، چونکە سیستمى خوێندنى بەرتانیا بۆ ئێمە گرنگى زۆرى هەیە و پێویستمان بە شارەزایى و پسیۆڕى ئەو وڵاتەیە.
لەلایەن خۆشیەوە کونسوڵى گشتى بەریتانیا، دڵخۆشى خۆى نیشاندا بەبونى هەماهەنگى و هاوکارى تەواو لەنێوان دامەزراوە زانستیەکان و زانکۆکانى کوردستان و بەریتانیا و پشتیوانی خۆی بۆ ڕوئیاکانی بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵا دەربڕی، بۆ ئەمەش هیواى خواست پرۆژە زانستى و ئەکادیمییەکانى نێوان هەردولا زیاتر بێت و ئاستى پەیوەندییەکانیش بەهێزتر بکرێن.
هەر لەو کۆبونەوەیەدا کونسوڵی گشتی بەریتانیا خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بە بەشداریکردنی شاندێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە کۆڕبەندی پەروەردەی جیهانی کە بڕیارە لە داهاتویەکى نزیکدا لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا ئەنجام بدرێت، لەو چوارچێوەیەشدا کونسوڵی گشتی بەریتانیا هاوکار دەبێت بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوەی لوتکە نێوان (وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان) و (وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی زانست و زانکۆکانی بەریتانیا) و ژمارەیەک لە زانکۆ ئاستبەرزەکانی ئەو وڵاتە.
ئەم هەواڵە 313جار خوێندراوەتەوە |