ZNA-هەولێر دامەزراوەی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی لەعێراق ، ئامادەیە لەرێگەی تەمویلکردنی پڕۆژەکان ، پاڵپشتی کەرتی تایبەت و گشتی لە کوردستاندا بکات و ھەوڵدەدات ئەو سێکتەرانە ببوژێنێتەوە کەبۆ ئابووری ھەرێمی کوردستان گرنگن.
د. محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان ، پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی نوێنەرانی دامەزراوەکە کردو رایگەیاند: حکومەت و دەستەی وەبەرھێنان ئامانجیانە ، سێکتەرە گرنگ و پێویستەکان پەرەپێبدەن ، ئامادەن ھاوکاری و ئاسانکاری بۆ ھەر دامەزراوەیەکی دارایی بکەن ، کە نیازی پێشخستنی ئابووری کوردستان و باشترکردنی بژێوی ژیانی خەڵکیان ھەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد ، لەم کاتەدا ئابووری کوردستان و لەسەروویانەوە کشتوکاڵ پێویستی بە فراوانکردن و پێشخستن ھەیەو حکومەتیش بۆ ئەم مەبەستە پاڵپشتە.
دامەزراوەی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی ، لە ساڵی ١٩٥٦ دامەزراوەو ئەندامە لە بانکی جیھانی ، لە ١٢٥ وڵات نوێنەرایەتی ھەیەو کار لەسەر تەمویلکردن و پەرەپێدانی کەرتی تایبەت و باشتکردنی ئابووری وڵاتانی تازەگەشەسەندوو دەکات.
راگەیاندنی دەستەی وەبەرھێنان
ئەم هەواڵە 271جار خوێندراوەتەوە |