English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
پەرستاران پێشمەرگەی ونن
2016-05-15 [12:30 PM]

نووسینی: دیلمان سەلاح


پەرستاران ئەو توێژەن کە لە سەرەتای دەرکەوتنی کاری پزیشکی بە پیشەکەیانەوە دەستیان پێکردووە، ھەست و نەست و داڵدەدانی مرۆڤی دەروونشکاو بەھۆی ناتەندروسیەوە بریتی بووە لە ئەرکی پەرستار کە ئازارەکانی لەسەر کەم بکاتەوە ئەو ئەرکەش بە ھەموو کەسێک ناکرێت مەگەر میھرەبانی پەرستار نەبێت، پەرستار بۆ ئێمەی کورد مانا و دەلالەتێکی تایبەتی ھەیە بە تایبەتی لە شۆڕشەکانی کوردا، بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد ئاشنایە بە کۆڵھەڵگرەکانی بەرەکانی جەنگ راستر بڵێین دکتۆری شۆڕش کە ئەکات وا ناوەزەد دەکران، بەھۆی کەمی پزیشک یان ھەندێک جار ھەر نەبووە بەردەوام پێشمەرگە بە تایبەتی لە شۆڕشی ئەیلول پەرستاران رۆڵی ھەم پزیشک و ھەم پەرستاری بینیووە لە شۆڕشەکان ھەمیشە بە کۆڵە پشتەکانیان کە پڕ بووە لە داودەرمان شان بە شانی پێشمەرگە کە ھەم پێشمەرگە بووە ھەم پەرستار و ھەم شۆڕشگێر لە سەنگەری خەبات لە گەرمە شەڕەکان سارێژی برینی پێشمەرگە بوون، لە نێو شاریشدا چەندین پەرستار بەھۆی ناردنی دەرمان بۆ پێشمەرگە کەوتوونەتە زیندانی بەعس و ھەندێکیشیان لە سێدارە دراون، ئەمرۆش پەرستاران ئەو رۆڵە دەگێڕن لە سەرانسەری ھێڵەکانی جەنگی دژ بە داعش کە من پێم وایە ناوی لێ بنێین جەنگی پیرۆز دژ بە دڕەندەیی داعش بەردەوام پەرستاران بە خۆیان و ئەمبۆلانسەکانیان لە بەرەکانی جەنگدان، ئەمڕۆ پێشمەرگە ئاشنایە بە دەستی میھرەبانیان لە راستیدا بوونی ئەوانیش لە بەرەکانی جەنگ دڵنیاییە بۆ پێشمەرگە بە تایبەتی کە پەرستارن و لە نێو کەسوکاری خۆیان لە میحوەرەکان.

رۆژی ١٢ی مایس کە رۆژی جیھانی پەرستارانە بۆ ئێمە گرنگترە لەوەی کە تەنھا رۆژێک بێت و تێپەڕ بێت لە راستیدا بوونی ئەو رۆژە بۆ ئێمە ھەمان رۆژە کە خاتوو (نایتینگل) بە فانۆسێکەوە بریندارانی جەنگی تیمار دەکرد، کە ئەو رۆژەش ھەر بە رۆژی لەدایکبوونی ئەو خاتوونەوە کراوە بە رۆژی جیھانیی پەرستاران، ناوبانگی ئەویش ھەر بەھۆی خزمەتی ئەو خاتوونە بە سەربازەکانی بەریتانی لە جەنگی جیھانی دووەمدا بووە کە رۆژی جیھانی پەرستارانی لێکەوتەوە، پەرستارانی کوردستان بۆ ئێمە ئەمرۆ ھەمان رۆڵی ئەو خاتوونە دەگێڕن، وەرن سەیری نەخۆشخانەکان بکەن بە تایبەتی فریاکەوتنەکان بزانن چۆن پەرستاران بەدەم ئازاری خەڵکەوە دەچن، سەیری بەرەکانی جەنگ بکەن ھەمیشە پەرستاران بونیان ھەیە لەوێ، لەو رۆژەدا دەبێت ھەڵوێستە ھەبێت لەسەر کاری پەرستاری بە تایبەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندروستیی رۆڵی پەرستاران ئەوەندە کەم نییە کە لەبەرچار نەگیرێت، ئێمە دەزانین بە کۆمەڵێک قەیران تێپەڕ دەبین بە تایبەتی قەیرانی دارایی بەڵام بە مانایە نایەت کە پەرستارن وەکو فەرمانبەرانی تر سەیر بکرێن دوای پێشمەرگە ئەوان شایەنی ژیانێکی شایستەترن لە ئێستا ھەر گۆڕانکاریەک لە سیستەمی مووچە دەبێت کارمەندانی تەندروستی و ستافی تەندروستی بە شێووەیەکی گشتی لەبەر چاو بگیرێن، پەرستاران لە ھەر دۆخێکدا بێت ئاشتی یان جەنگ مرۆڤەکان پێویستیان بە دەستی میھرەبانیان ھەیە چەندە خزمەتگوزاری پەرستاری لە ناوەندە تەندروسیەکان بەھێز بێت ئەوەندە سیستەمی تەندروستیی پێشکەوتوو و بەھێز دەبێت، پەرستاران ئەمرۆ لە رووی زانستییەوە پێشکەوتوون چەندین ناوەندی زانستی لە پەیمانگە و کۆلێژ و خوێندنی باڵا بۆ ماستەر و دکتۆرا لە بواری پەرستاری پەرە بەو زانستی پەرستاری دەدەن بەڵام پێویستیمان بە سیستەمی تەندروستی ھەیە کە کاری پەرستاری بکرێتە یەک لە کارە سەرەکیەکانی خزمەتگوزاری تەندروستی لە ناوەندە تەندروستیەکان ئەمەش دەبێت ببێتە کاری داھاتووی سەندیکاکانی تەندروستیی وەزارەتی تەندروستی، ھەرچەندە ھەوڵی زۆر لە ئاراردان بەڵام ھێشتان خزمەتگوزاری پەرستاری بە سیستماتیک نەکراوە ئەمەش کاری خزمەتگوزاریی تەندروستی تێکەڵ کردووە، بەڵام بە ھەر جۆرێک بێت پەرستاران رۆڵ خۆیان دەبینن لە نێو دەزگا تەندروستیەکان، بە بۆنەی رۆژی جیھانی پەرستاران سڵاو لە پێشمەرگە، سلاو لە کارمەندانی تەندروستی و پەرستاران بە تایبەتی ئەوانەی کە ئێستا بە خۆیان و ئەمبۆلانسەکانیان شان بە شانی پێشمەرگە لە بەرەکانی جەنگدان.





ئەم هەواڵە 3007جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
خەونی ھەمو ئافرەتێک , کەسێکی ئاوای ھەبێت
ھەڵوێستێکی جوانی محەمەد سەڵاح
خاڵ بەدەستھێنان ئاوا دەبێت
زۆر خراپ دەکەوێتە خوارەوە
لە قافا گیرا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad