English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سەربەخۆیی لە نێوان ئێمە و سکوتلەندییەکاندا
2016-05-18 [10:01 AM]

نووسینی: راژان شێخ جەعفەر


لە ئەیلولی ٢٠١٤، سکۆتلەندییەکان لە ریفرانۆمدا دەنگیان بە سەربەخۆیی نەدا و، لە بەریتانیا جانەبوونەوە. ئەوان سەرباری خەباتێکی دوور و درێژ بۆ سەربەخۆیی، دواجار ھاوزمانی و بەرژەوەندیی ھاوبەش و ترس لەوەی باری ئابووری و خۆشگوزەرانی و ژیانی رۆژانەیان بشێوێت، ھانیدان لەگەڵ بەریتانییەکان بمێننەوە و بە دەسەڵات و رێزگرتنی زیاتری تایبەتمەندییەکانیان قایل بن. ھۆکارێکی دیکەی مانەوەیان، دڵنیاییان بوو لەوەی بە مانەوە لەگەڵ بەریتانیا باشتر لە ھەڕەشەی ئەو تیرۆرە دەپارێزێن کە رووبەرووی ھەموو جیھان بۆتەوە. 
ریفراندۆمی ئێمە بۆ جیابونەوەیە لە وڵاتێک، کە نەک ھەر کەمترین ئاستی پاراستن و دڵنیایی و خۆشگوزەرانیی پێنەبەخشیوین، بەڵکو بە درێژایی مێژووی پێکەوەییمان، خودی ئەو وڵاتە کە ناوی عێراقە، سەرچاوەی ھەڕەشە و جینوساید و لەنێوبردنمان بووە . کارەساتەکانی ئەنفال و کیمیاباران و راگواستن و کاولکاری و بەعەرەبکردن لەسەر دەستی حکوومەتەکانی دوێنێ و نانبڕین و دژایەتی و چاوسوورکردنەوە لە سەردەستی حکوومەتی ئێستا، مێژووی تاڵی ئێمەیە لەم وڵاتە دەسکرد و فاشل و بێ ئایندەیەدا. 
سەربەخۆیی بۆ کورد، نەک ھەر تەنیا ئامانجی باڵای سەدەیەک خەبات و قوربانیدانە، بەڵکو تاکە رێگەیەکیشە بۆ رزگاربوونی یەکجاریی لە مەترسی دوبارەبوونەوەی کارەساتەکانی رابردوو. بۆیە چاوەڕواننەدەکرا کاتێ دەرفەتی سەربەخۆیی دێتەپێش و ھەلومەرجی بۆ دەڕەخسێ، ئەوەندەی لەسەر ئاستی نێوخۆیی دژایەتی دەکرێت بەوجۆرە لەسەر ئاستی ناوچەیی و دەرەوە نەبینرێت. 
چاوەڕوان نەدەکرا لە کاتێکدا لە دەرەوە پشتیوانی دەکرێین، کەچی لەناو خۆدا چەندین قەیران بۆ رەوتی سەربەخۆیی دروست بکرێ و بە جۆرێک ھەستی نیشتمانی و نەتەوەیی لاواز بکەن کار بگاتە ئەوەی خەڵکانێک بڵێن سەربەخۆییمان ناوێت، بێ ئاگا لەوەی سەربەخۆیی مانای چییە و کورد لە چ مەرگەسات و مەترسی و نەھامەتییەک رزگار دەکات. 
بەڵام وەک چۆن چاوەڕوان نەدەکرا رەوتی سەربەخۆیی لەنێوخۆدا، ئەم ھەموو گێچەڵەی پێ بکرێ، ئەوھاش چاوەڕوان ناکرێ، گێچەڵ و قەیرانخوڵقێنی، شکست بە رەوتەکە بھێنێ و گەلی کوردستان بێبەش بکات لە مافی دیاریکردنی چارەنووس و بمانخاتەوە بەر تراژیدیای دوبارەبونەوەی مێژوو.
لە کۆتاییدا خەباتی سەد ساڵەی نەتەوەی کورد ھەر دەبێ بەو ئامانجە بگات کە لە پێناویدا ھەڵگیرسا. سەربەخۆیی ئامانجی ھەمومانە و پشتیوانییشمان بۆ سەرۆک بارزانی جگە لە پشتگیریی لە بەدیھاتنی ئاواتی شەھیدان، شتێکی دیکە نییە. 
دواجاریش ئومێد بە ئاسۆی گەشی ئایندە لە ھەموو گێچەڵ و قەیران و ناکۆکییە نێوخۆییەکان گەورەترە.





ئەم هەواڵە 11266جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
خەونی ھەمو ئافرەتێک , کەسێکی ئاوای ھەبێت
ھەڵوێستێکی جوانی محەمەد سەڵاح
خاڵ بەدەستھێنان ئاوا دەبێت
زۆر خراپ دەکەوێتە خوارەوە
لە قافا گیرا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad