English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
كەیس بگۆڕین یان پارێزەر؟
2016-06-05 [01:11 AM]

نووسینی: عه‌لی عه‌ونی


ئەگەر خاوەن مافێك بۆ مافەكانی خۆی پارێزەرێكی هەبێت و هەموو جارێك لە دادگا كێشەی خۆی بدۆڕێنێت، ئایا ـ راستتر ئەوەیە پارێزەرە فاشیلەكەی خۆی بگۆڕێت یان كەیس و كێشەكەی ؟ ئایا ئەمە نیشانەی ئەوە نییە سەرەڕای لەسەر حەق بوون، پارێزەرەكە یان خەمخۆر نییە، بۆیە، لە دادگا هەموو جارێك مافی لە دەستداوە.


ئەوەی كە پ.ك.ك وەك بەناو پارێزەری دۆزی كوردستان لە باكووری كوردستان و بەشەكانی دیكە دەیكات، رێك بۆخۆدزینە‌وه‌یه‌ لە دۆڕاندنەكانی لە دادگاكانی توركان، هەموو جارێك پ.ك.ك بۆ شاردنەوەی شكستەكانی هەوڵدەدات كەیس و ناوەڕۆكی داواكاری كوردستانیان بگۆڕێت. پ.ك.ك دەیەوێت وا نیشان بدات كە ئەمە بێ توانایی ئەوان نییە كە هیچی لێ سەوز نەبووە، بەڵكو داواكاری و كێشەی كوردستانە كە هەڵەیە، بۆیە ناكاتە ئەنجام!!! بۆیەشە كە پ.ك.ك داواكاری كوردستانیانی لە ئازادی هەرچوار پارچەی كوردستان گەیاندووە بە دژایەتیكردنی ئازادی هەرچوار پارچەكەی كوردستان.


هەتا پرسی گەیشتن بەسەربەخۆیی دوور بوو، هەموو حزب و لایەنە كوردستانیەكان خەریكی موزایەدەكردن بوون و، بەتایبەت پ.ك.ك. بەڵام، ئێستا كە پرسەكە نزیك و مومكین بووە هەموو ئەو لایەنانە كەوتوونەتە دژایەتیكردنی!.


ئەوە ئەوپەڕی ئیفلاسی سیاسیە كە جەمیل بایك و هاوشعورەكانی وا دەزانن توركیا، یاخود دەوڵەتێكی دیكەی داگیركەری كوردستان، یارمەتی سەربەخۆیی كوردستان دەدات. جەمیل بایك، زیاتر لە چەندین جار ئەم ئیدیعایەی كردووە. گریمان راست بێت كە ئاكپارتی و ئەردۆغان دەیانەوێت یارمەتی كوردستانی سەربەخۆ بدەن، ئەمە كوێی خراپە هەتا دژایەتی بكەین.


بەداخەوە، پ.ك.ك و حزبەكانی لەمەڕ خۆمان، چونكە پرۆسەی ـ سەربەخۆیی كوردستان بەدەستی بارزانی بەڕێوە دەچێت، دژایەتیی دەكەن. من بەشبەحاڵی خۆم هەركەس تەنانەت دوژمنی باوەكوشتەم بۆ گەلەكەم سەربەخۆیی بەدی بێنێت، سوپاسی دەكەم و لەبیری ناكەم، تەنانەت ئەگەر ئەردۆغان و خامەنەیی و ئەسەدیش بن. هەرچەندە ئەم ئیدیعایەی جەمیل بایك بۆ ئەوەیە خەڵك بڕوای بە كوردستانی سەربەخۆ نەمێنێت.


پ.ك.ك بەم شەڕانەی لە باكوور كردی، خزمەتێكی زۆری داگیركەرانی كوردستانی كرد. چەندین شاری وەك جزیر و سلۆپی و نوسێبین و قەڵای دیاربەكر و ..تاد وێران و خاپووركرد. هەروەها بووە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە نیوملیۆن كورد بۆ ناو میترۆپول و شارە ـ گەورەكانی توركیا، كە دەبێتە هۆی ئاسیملاسیون و هەروەها كەوتنە دەرۆزەكردن بۆ ژیان.


شەڕە ناو شارەكان و لێدانی خەندەق لە نێوان گەڕەكەكان، شاردنەوەی شكستی چەندین ساڵەیە كە نەیتوانیوە هیچ بەدەست بێنن. ئەوان كە دونیایان خراپ كرد لەسەر لێدانی خەندەق لە لایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە، ئێستا لە نێوان دوو گەڕەك خەنده‌قیان لێداوە!!.


ئێستا، دوای ئەم هەموو زیانەی كە پ.ك.ك لە كوردستانی دا. بەرەبەرە دەنگی ناڕەزایی خەڵك بەرز بووەتەوە و كاریگەری پ.ك.ك لە ناو خەڵك كەمتر دەبێت، دەرفەتێكی زۆر باشە هێزە نیشتمانی و تێكۆشەرەكانی دیكە، كە لەبەر زەبر و زەنگی جەندرمە ئاسای پ.ك.ك نەیانتوانیەوە چالاكی ئەنجام بدەن، بكەونە كار و رێكخستنەكانیان سازبدەن و جۆش بدەن تا ببنەوە جێگرەوەی ئەم هێزە رەفتار فاشیەی بەناو كوردستانی.


مافی خەڵكی كوردستانە كە بپرسن، ئێوە كە سەربەخۆیی كوردستانتان ناوێت، ئەدی بۆچی كوڕانی ئێمەتان بە كوشت داوە و دەیدەن. ئایا لە رۆژاوای كوردستان خەمی خەڵك هەبوونی دیكتاتۆرێكی كورد بوو یان خەمی ئازادی و سەربەرزی ؟ ئەوەی كە پ.ك.ك لە هەرچوار پارچەی كوردستان لە دژی كوردستان دەیكات، رێك خزمەتی داگیركەرانە، بەڵام بە كراسی فەلسەفی و بە زمانی نیوە توركی و نیوە كوردی!!!





ئەم هەواڵە 2809جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
زۆر خراپ دەکەوێتە خوارەوە
لە قافا گیرا
سامسۆنگ گاڵتە بە ئەپڵ دەکات
ژیانی خۆی کردە قوربانی سەرشێتیەک
خراپی لێ قەوما
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad