English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
دوای دوو ساڵ لە داگیرکردنی مووسڵ جیھان چاوی لەسەر بارزانییە!؟
2016-06-09 [01:16 AM]

نووسینی: دلشاد مە ولود


دوو ساڵ بەر لە ئێستا و لە گەرمەی ناکۆکییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا لە بارەی پرسە چارەسەر نەکراوەکانەوە، زۆرێک ئەو ھۆشدارییانەی سەرۆک بارزانیان بە ھەند وەرنەگرت، کە لە بارەی مەترسییەکانی سەر پرۆسەی سیاسی و چارەنووسی عێراق و ناوچەکە و دەرکەوتنی تیرۆر بەو قورساییە زۆرەوە ئاراستەی بەغدای کردبوون. سەرەنجام ئەوەی روویدا نەک بووە شۆکێک بۆ ھەمووان بەڵکو بە کردەوە مەترسی لەسەر کۆی ھەموو ئەو ھەوڵانە درووستکرد، کە لە دوای ٢٠٠٣ەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە عێراقدا خستبوویانەگەڕ.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەروبەندی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا تێبینی ئەوە دەکەین لەو کاتەدا تەنیا دەنگێک کە دوورتر دەیڕوانی و خەمی چارەنووسی ناوچەکە و پێکھاتەکانی عێراقی بوو، سەرۆک بارزانی بوو، کە پێچەوانەی سیاسەتی ئێران و مەرجەعییەتەکانی شیعە بڕوای وابوو کشانەوەی سوپای ئەمریکا لە ٢٠١١دا کارەسات بەدوای خۆیدا دەھێنێت و چارەنووسی پێکھاتە ئاینییەکانی عێراق دەخاتە مەترسییەوە چونکە ئەوان لەپێشەوەی ئەو ئامانجانە بوون کە تیرۆر لە ھەمووان زیاتر مەترسی لەسەریان درووستکردبوو.
کشانەوەی سوپای ئەمریکا بۆشاییەکی گەورەی ئەمنیی درووستکرد، کە لە توانای سوپای عێراقدا نەبوو پڕی بکاتەوە. ئەمەش یەکەم ھۆکاری دەرکەوتنی مەترسییەکانی دەوڵەتی تیرۆر بوو لە ناوچەکەدا کە گرووپ و رێکخراوە تیرۆریستییەکان خەونیان پێوە دەبینی.
وەک لە بەڵگەنامە و راگەیەندراوەکانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستاندا دەردەکەوێت، پێش داگیرکرانی مووسڵ لە لایەن داعشەوە، سەرۆک بارزانی ھۆشداری دابوویە مالکی و مەترسی دەرکەوتنی تیرۆری لە مووسڵ خستبووە بەرچاو، بەڵام سەرەڕۆییەکانی مالکی رێگر بوون لەوەی گوێی بکاتەوە و لە کاکڵە و ناوەڕۆکی ئەو پەیامەی سەرۆک بارزانی تێبگات.
سەرەنجام لە ٩ی حوزەیرانی ٢٠١٤دا داعش لە ماوەیەکی زۆر کورتدا لە سوریاوە پەڕییەوە عێراق و توانی مووسڵ داگیر بکات.
بە گوێرەی راپۆرتەکانی لیژنەی بەدواداچوونی راستییەکانی کەوتنی موسڵ، تەنیا لەو شارەدا، چەندین یەکەی سەربازی و ئەمنیی عێراق ھەبوون، لەوانە: فەرماندەیی پرۆسە سەربازییەکانی مووسڵ، فیرقەی دووی سوپای عێراق، فیرقەی سێی پۆلیسی ئیتیحادی، بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی مووسڵ کە ١٢ فەوجی فریاکەوتنی ھەبوو، ھێزەکانی دژە تیرۆر، یەکەکانی ھەواڵگری سوپا و چەندین یەکە و پێکھاتەی دیکەی سەربازی کە ژمارەی سەرجەمیان دەگەیشتە شەست ھەزار کەس. پرسیاری بێ وەڵام تا ئێستاش ئەوەیە چۆن ئەو ھەموو یەکە سەربازی و ئەمنییانە وێڕای ھەبوونی پێشکەوتووترین چەکی سەربازی سوپای ئەمریکا لە بەرامەر پەلاماری چەند سەد کەسێکی چەکداری داعش توانەوە و چۆکیان دادا و شارەکەیان رادەستی داعش کرد، کە بە ھۆیەوە وێڕای تاوانەکانی کۆمەڵکوژی دژ بە کریستیان و ئێزدی و تورکمانە شیعەکان و شەبەک و کاکەیی ماوەی دوو ساڵە سەرجەم دانیشتوانی شارەکەیان کردووەتە یەخسیری ژێر دەست تاوانەکانی داعش.
لە ئێستاشدا سەرەڕای ھەوڵە نێودەوڵەتییەکان، ئەوەی بووەتە جێی ئومێد و دەتوانرێت لە رێگەیەوە خەون بە رزگاری مووسڵەوە ببینرێت، ھەبوونی ھێزی پێشمەرگەیە کە راستەوخۆ بە فەرماندەیی سەرۆک بارزانی لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا توانیویەتی ئەفسانەی داعش تێکبشکێنێت و ئومێدێک بۆ جیھان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی درووستبکات کە تەنیا لایەنێک بتوانێت کۆتایی بە مەترسییەکانی داعش بھێنێت و ژیان و ئارامی بۆ پێکھاتەکانی مووسڵ دابین بکات پێشمەرگە و رێبەرایەتییەکەیەتی کە راستەوخۆ سەرۆک بارزانی لە ئاستیی مەیدانی و سیاسی لە ھەوڵدایە بۆ ھەرچی زیاتر بەدیھێنانی ئەو ئامانجە مرۆڤایەتییانە.





ئەم هەواڵە 9679جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
زۆر خراپ دەکەوێتە خوارەوە
لە قافا گیرا
سامسۆنگ گاڵتە بە ئەپڵ دەکات
ژیانی خۆی کردە قوربانی سەرشێتیەک
خراپی لێ قەوما
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad