English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
دووانەی بەربەرییەت!
2016-06-13 [04:30 AM]

هاودەنگ فاروق


بەربەریەتی جیهادی ئیسلامی مێژووییەكی كۆنی هەیە و تا ئێستاش هەڵگرانی ئەو كولتوورە لە جیهانی ئیسلامیدا، لە كوێ دەستەڵاتیان بووبێت، قەتڵوعامیان كردوە و كوورەی مەرگیان بۆ مرۆڤایەتی داخستووە و بەو بانگەشەیە كە مرۆڤایەتی دەبێ بچنە بەهەشت، ژیان و دنیایان لێ كردوونەتە دۆزەخ.

ئێستا كوردستان لە بەردەم دوو دژدایە كە دوو ڕووی دووژمنی یەك دراون، ئەوەی داعش لە ناوچە بندەستەكانی خۆی دەیكاو ئەوەی حەشدی شیعی لە فەلووجە دەیكات، هیچ جیاوازییەكیان لە ڕەفتاری هاوشێوەی دڕندانەدا نییە، ئەوەی دەیكەن پەیوەندییەكی بە تۆڵەسەندنەوەوە نییە، بەڵكوو بڕووای یەكبوونیانە بە لەناوبردنی ژیان و ژیاری مرۆڤایەتی، هەردوو هێز( داعش – حەشد) جەنگی ناڕەوا دەكەن، لاقەی مرۆڤەكان دەكەن، جۆرەها ئەشكەنجەی بەربەریانەیان دەدەن و دەیانكوژن، ماڵ و موڵكی خەڵك تاڵان دەكەن..

بۆیە نابێ بەربەریەتی داعش پاساو بێت بۆ شاردنەوەو پەردەپۆشكردنی بەربەریەتی حەشدی شیعی، بەڵكو دەبێ ئەوە دەرفەت بێت بۆ ئەوانەی تا ئێستا لە مەترسیی حەشدی شیعی نەگەیەشتوون و بە هێزگەلی دۆستی دێرینی كوردو هاوسەنگەری پێشمەرگەیان لە قەڵەم دەدەن.!!

پێشمەرگە خاوەن مۆڕاڵ و شوناس و كەلتوورێكە پشت بە بەهاكانی مرۆڤدۆستی دەبەستێ و بەستوویە، نابێ هاوسەنگەری هێزێكی توندڕۆ و تۆڵەسێنی ئایینی و جیهادی بێت لە شەڕی موسڵ یا هەر ناوچەیەكی دی و رێگە خۆش بكرێ ئەوان دەستە پیسەكەی خۆیان بە داوێنی پیرۆزی پێشمەرگە بسڕنەوە.

ئیستا خەڵكی كوردستان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە چاوی خۆی پێشێلكاریی و وەحشیگەری داعش و حەشدی شیعی دەبینێ، بۆیە چیتر پێوست ناكات حەشدی شیعی بخرێتە ژێر توێكاریی و تاقیكردنەوە، چونكە ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان لە فەلوجە بەرامبەر خەڵكی سڤیلی سووننە و لە خوورماتووش بەرامبەر كورد بە تەواوی دەرخست، وەك چۆن ڕوئیاكانی كورد بەرامبەر داعش لێبڕاوانەیەو پێویستە ڕوانگاكایشمان لە بەرامبەر بوونی مەترسییەكانی ئەمڕۆ و سبەینێی حەشدی شیعی بگاتە لووتكەی یەكلابوونەوە، ئیشەكە لە سنووری پۆلینكردن دەرچوە، هەردوو هێز لە سەرچاوەی جۆگەیەكی ڕەش و تاریكخوازی و دژی مرۆڤایەتی ئاو دەخۆنەوە و دووانەیەكن لە نێو ئایدۆلۆژیایەكی ڕەگەزپەرەسیتی و فاشیبووندا.

سیاسەتی ڕاست و ڕەوانی سەرۆك بارزانی هەر لە سەرەتای دروست بوونی حەشدی بە ناو شەعبی ڕوون و ئاشكرابوو، كە ڕێگەی نەدا ئەو هێزە لە سنوورو ناوچەكانی پێشتری دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان مۆڵگەو بنەوبارەگا بخەن، مخابن هەندی كەس لە سنووری شنگالەوە ویستییان و ئێستاش دەیانەوێت جاشەحەشد دروست بكەن بەڵام ڕێگەیان پێ نەدراوە، بۆیە لە چیای شنگالەوە تا ڕۆژئاوای كەركووك ڕێگە بەم هێزە میلیشیایە نەدرا، كارێكی ڕاست بوو، ئێستا كاریگەرییە ئیجابییەكانی ڕوئیا ستراتیژییەكەی بارزانی بۆ هەمووان دەردەكەوێت كە چەندە لە خزمەت ئاسایش و سەقامگیری هەرێم و سنوورە ئازادكراوەكاندایە، بەڵام مخابن لە خورماتووە تا دیالە خەمساردی لە تەڕاتێنی حەشدی شیعی بینراو ئاكام و لێكەوتە خەراپەكەشی ئێستا دەردەكەوێت!!

لە ڕاستیدا میدیاكانی كوردستان كەمتەرخەم و بێدەنگن تا ئاستی بێ باكی و نابەرپرسیاری لە بەرامبەر تاوانە ئاشكراو شاراوەكانی حەشدی شیعی و مەترسییەانی داهاتوو بۆ سەر هەرێم. پرسیاری جیددی ئەوەی، ئایە هێزێك چۆن دەتوانێ شەڕی داعش و ڕزگاركردنی شارێكی گەورەو یەكملیۆنی وەك موسڵ بكات لە وەختێكدا بۆخۆی ڕووی دووەمی داعشێكی دیكەی پێك بێنێ و بە هەمان میتۆدی داعش ئینسان بسووتێنێ و بەهاكان وێران بكات، شارەكان كاول دەكات وەك ئەوەی ئێستا لە فەلوجە دەیبینین.





ئەم هەواڵە 2356جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
خەونی ھەمو ئافرەتێک , کەسێکی ئاوای ھەبێت
ھەڵوێستێکی جوانی محەمەد سەڵاح
خاڵ بەدەستھێنان ئاوا دەبێت
زۆر خراپ دەکەوێتە خوارەوە
لە قافا گیرا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad