English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سه‌رکردایه‌ تی ھاوبه‌ش
2016-06-15 [08:50 AM]

سه‌لام عه‌بدوڵڵا


 

ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له‌م رێککه‌وتنه‌ی نێوان یه‌کێتی و گۆڕان په‌یداکردنی زۆرینه‌یه‌کی په‌رله‌مان بێت بۆ وه‌دیھێنانی خه‌ونی نه‌ھێشتنی رۆڵی سه‌رۆک به‌گشتی و له‌م کاته‌دا به‌تایبه‌تی سه‌رۆکی ھه‌رێم، ئه‌وا ھه‌وڵێکی شکستخواردووه‌ و سه‌رکه‌وتوو نابێت و کوردستان و ھه‌رێم  ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ بارودۆخی پێش رێککه‌وتنی ستراتیژی، چونکه‌ وه‌ک ده‌رده‌که‌وێت ئامانجی سه‌ره‌کی یان ھۆی دروستبوونی سه‌ره‌کی گۆڕان که‌ له‌سه‌ر بنه‌مای دژایه‌تی رێککه‌وتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یه‌کێتی ھه‌ڵچنرا بوو که‌ ئه‌وکات به‌ھۆی ھه‌ڵوێستی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی به‌ڕێز تاڵه‌بانی و بڕیاری بنبڕی به‌ڕێزیان سه‌رکه‌وتوو نه‌بوو، بۆیه‌ ئه‌م کادیرانه‌ خۆیان له‌یه‌کێتی سڕکردو به‌ده‌ستپێشخه‌ری جێگری سکرتێری گشتی که‌ له‌مه‌ودوا بووه‌ رێکخه‌ری گشتی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ (گۆران)یان راگه‌یاند و توانیان جه‌ماوه‌رێکی زۆر له‌ یه‌کێتی که‌ ده‌توانرێ بوترێت نیوه‌ی جه‌ماوه‌ری یه‌کێتی و بگره‌ زیاتریشیان به‌لای خۆیاندا راکێشا و به‌و پێیه‌ بوونه‌ خاوه‌ن ٢٥ کورسی له‌ ھه‌ڵبژاردنی ساڵی (٢٠٠٩) و له‌دوا ھه‌ڵبژاردنیشدا له‌ ساڵی (٢٠١٣) توانیان ٢٤ کورسی به‌ده‌ست بھێنن و یه‌کێتی که‌ حزبی دایکیش بوو ته‌نھا ١٨ کورسی به‌ده‌ستھێنا.

به‌ڵام ھه‌وڵه‌کانی گۆڕان له‌په‌رله‌ماندا بۆ گۆڕینی سیسته‌می سیاسی و ھه‌موارکردنه‌وه‌ی ده‌ستوور به‌ئاره‌زووی ئه‌وان سه‌رکه‌وتوو نه‌بوو، بۆیه‌ ئیدی  گۆڕان له‌و راستیه‌ گه‌یشت که‌ به‌ته‌نھا ناتوانێت  ئه‌وکاره‌ بکات گه‌ر به‌ته‌واوی نه‌چێته‌ ژێر چه‌تری یه‌کێتی و سیاسه‌تی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌وان یه‌ک نه‌خات. ئێستاش که‌ سه‌رکردایه‌تی ھاوبه‌ش دروستکراوه‌ بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌کرێت که‌ سیاسه‌ته‌کانیان چ له‌په‌رله‌مان و چ له‌بڕیاری سیاسیدا یه‌کده‌خه‌ن، مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی ھه‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌ده‌یانه‌وێت وه‌ک خۆیان ده‌ڵێن به‌شه‌رعی و سیاسی سیسته‌می سیاسی له‌ھه‌رێمدا بگۆڕن و پۆستی سه‌رۆکی ھه‌رێم له‌ھێزو توانا بێبه‌ش بکه‌ن و رۆڵی نه‌ھێڵن.  گۆڕان ده‌مێکه‌ گه‌یشتۆته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که‌ به‌ته‌نھا ئه‌و کاره‌ی بۆ ناچێته‌ سه‌ر و ئه‌و گۆڕانه‌ی به‌ڵێنی دابوو له‌سیسته‌می سیاسیدا بیکات، بۆی نه‌کرا، بۆیه‌ په‌نای بردۆته‌ به‌ر یه‌کێتی  به‌ڵکو به‌ھۆی کورسی ھه‌ردوو لاوه‌ له‌په‌رله‌مان که‌ ده‌کاته‌ ٤٢ کورسی ئه‌و خه‌ونه‌ به‌دی بھێنێت.

به‌ڵام ده‌بێ گۆڕان و ئێستاش یه‌کێتی ئه‌گه‌رچی ده‌یانه‌وێ و بڕیاری کاری ھاوبه‌شیان داوه‌ له‌نێوان خۆیاندا له‌و راستییه‌ بگه‌ن که‌ گۆڕینی سیسته‌می سیاسی پێویستی به‌ڕای زۆرینه‌ی تێکڕای دانیشتوانی ھه‌رێمه‌ و نابێت ئه‌و مافه‌ له‌خه‌ڵک زه‌وت بکرێت و به‌ته‌نھا چه‌ند فراکسیۆنێک له‌په‌رله‌مان بڕیاری له‌سه‌ر بدات، چونکه‌ کاری سیاسی له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا له‌سه‌ر بنه‌مای ته‌وافق به‌ڕێوه‌چووه‌ و ئه‌من و ئاسایشی ناوخۆشی دابینکردووه‌، ئه‌مه‌ش له‌خۆڕا نه‌ھاتووه‌ و له‌ئه‌نجامی ئه‌زمونێکی دوور و درێژ و له‌مه‌ودواش له‌ڕێگه‌ی رێککه‌وتننامه‌ی ستراتیژییه‌وه‌ ده‌سته‌به‌ر بووه‌ و تێکدان و شێواندنی ئه‌و ڕاستییه‌ش ئاکامه‌که‌ی مه‌ترسیدار ده‌بێت و ته‌نھا زه‌ره‌رمه‌ندیش گه‌له‌که‌مان ده‌بێت که‌ ئێستا له‌شه‌ڕێکی چاره‌نووسسازدایه‌ له‌گه‌ڵ داعش و بۆته‌ خاوه‌ن پێگه‌یه‌کی دیار له‌نێو وڵاتانی ھاوپه‌یماندا و سه‌نگ و بایه‌خی تایبه‌تی خۆی ھه‌یه‌.

رێککه‌وتنی نێوان ئه‌و دوو لایه‌نه‌و پێکھێنانی سه‌رکردایه‌تی ھاوبه‌ش ئه‌و کاره‌ی خۆیانه‌، به‌ڵام ھه‌وڵ بدرێ -وه‌ک ھه‌ستی پێ ده‌کرێت- بۆ گۆڕینی ته‌رازووی ھێزو سیسته‌می سیاسی و زه‌مینه‌سازی  بۆ دوو ئیداره‌یی بێت له‌ پشێوی و شێواندنی ژیانی دانیشتووانی و لاوازکردنی پێگه‌ی ھه‌رێم زیاتری لێ شین نابێت.





ئەم هەواڵە 2593جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ببینە ھاندەرانی بەرازیل چۆن بەرد بارانی ھەڵبژاردەکەیان دەکەن
وانەی وەرزش لە ژاپۆن
به‌ ڤيديۆ.. جيهانى ئه‌مڕۆمان چى به‌سه‌ردا هاتووه‌
سەیرترین رووداوەکانى ھاتووچۆ
كوشتنی به‌رێوه‌به‌ری پاسه‌پۆرتی پارێزگای بابل
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad