English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ
 
سلێمانی دوای 25 ساڵ لامەركەزی، داوای لامەركەزی دەكات!............. ئاسۆ حاجی
2016-06-18 [08:30 AM]

ZNA - هه‌ولێر


 

لە دوای راپەڕین 1991ەوە، سلێمانی و ناوچەی گەرمیان لە (لامەركەزیی كارگێڕی)دا دەژین، لە ماوەی ئەو 25 ساڵەی حكوومەتی هەرێمدا، زیاتر لە 10 ساڵ بە سەربەخۆیی و بە حكوومەتی خۆیان ژیاون، بەڵام ئەوەی سەیرە چۆن و بۆ تا ئێستە خەڵكی ئەو دەڤەرانە هەستیان بەوە نەكردووە و تەنیا هەستێك كە زاڵ بووە بەسەر فەزای شاردا، گرێدانیانە بە هەولێر كە ئەوەشە هۆكاری هەموو بەڵا و كەمتەرخەمییەكان.

فەزای گرژیی سیاسیی زۆنی سەوز كە دەرهاوێشتەی سیاسەتی 50 ساڵەی بە شەیتانكردنی بەرامبەرە، تەنیا دەلاقەیەكیشی بۆ خەڵك نەهێشتووەتەوە كە دنیا وەك ئەوەی هەیە بیبینن، نەك وەك ئەوەی دەسەڵات و كولتووری سیاسیی زاڵ لە هزر و خەیاڵی خەڵكەكەی وێنای كردووە، كار گەیشتووەتە ئەو رادەیەی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگەكەیش خۆی لە راستییەكان نەبان بكات و بەبۆنە و بێ بۆنە و لەژێر كاریگەریی هەندێك هەرزە پەرلەمانتار كە كاریان بووەتە ژمارە لێدان و گەوجاندنی خەڵك، داوای لامەركەزیی بكات بۆ سلێمانی. هاوكات باسی داهاتی زۆری ئەو شارە بكات كە لە خەرجییەكانی زۆرترە.

بێگومان ئەوە زانیارییەكی دروستە، بەڵام ئەوەی نادروستە ئەوەیە قەت بۆ یەك رۆژیش داهاتی سلێمانی نەگەڕاوەتەوە هەولێر و نەچووەتە ناو خەزێنەی حكوومەت، بەڵكو لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو ناوچەیە گل دراوەتەوە و ئەوان دەزانن چۆن و لە چی خەرج كراوە، چونكە تەنیا سەری مانگان (تەسفیەی حیسابەكەیان) بۆ وەزارەتی دارایی رەوانە كردووە كە لە دوای 2003وە بە بەردەوامی لای یەكێتی یان بزووتنەوەی گۆڕان بووە.

بۆیە باشتر دەبوو ئەگەر سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگەی سلێمانی و هەرزە پەرلەمانتارەكان بچن بەدواداچوون بۆ ئەوە بكەن و داتاكانی بۆ خەڵكی سلێمانی و كوردستان ئاشكرا بكەن، چونكە لە سەردەمانێك كە زۆرترین گلەیی لەلایەن خەڵكی سلێمانییەوە بێگومان بە رێنوێنی حزب لە حكوومەت دەكرا لە نەبوونی خزمەتگوزاری و خراپیی باری گوزەرانی خەڵك، دواتر وەدیار كەوت پارەكە گردێكی پێ ئاوەدان كرایەوە و جەمسەرێكی تری سیاسی لەو ناوچەیە سەری هەڵدا و داوای حاكمیەتی دەكرد.

دوور نییە ئێستەیش لەپێناو نەهێشتنی ئەو فرە جەمسەرییە (كە كارێكە لە نەكردە نزیكترە) داهاتەكان بەشێوەیەكی تر لەو شارە خەرج بكرێن و لە بەرامبەردا ئەركێكی تریان بە سەرۆكی ئەنجوومەنی شارەكە سپاردبێ كە قسەكردنە بۆ میدیا و لەو رێگەیەوە خزمەت بكات، بە تەواوكردنی پەیامە سیاسییەكەی لە زیاتر پەرتكردنی كۆمەڵگەی كوردەواری و لێكدابڕانی جیۆگرافی و سیاسیی خەڵكەكەی و جاڕدان بۆ دروستبوونی دوو ئیدارەیی.

دوای 25 ساڵ لەو لامەركەزییەی بەرهەمی عینادی سیاسی بووە، كاتی ئەوە هاتووە سازشی لێ بكرێت و بیر لەوە بكرێتەوە هەرێمی كوردستان وەك نیشتمان تەماشا بكرێ و هەستی پێ بكرێ، نەك وەك دووكانی سیاسی و قازانج و بەرژەوەندی.





ئەم هەواڵە 1438جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ستونی كاره‌با زۆر به‌ توندی به‌سه‌ر ئۆتۆمبێلێك ده‌كه‌وێت و شوفێره‌كه‌ی رزگاری ده‌بێت
له‌ ئاسمانه‌وه‌ قه‌باره‌ی ئه‌و زیانه‌ی به‌ر موسڵی كۆن كه‌وتووه‌، ببینه‌
له‌ ئاسمانه‌وه‌ وێنه‌ی وێرانه‌ی مزگه‌وتی نوری و مناره‌ی حه‌دبا ببینه‌
مۆبایل سەری لە قوڕێ نا
موشه‌كی رووسی له‌ ده‌ریای ناوه‌ڕاسته‌وه‌ ئاراسته‌ی داعش له‌ ته‌دمور ده‌كرێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad