English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ
 
ھه‌نگاوی یه‌که‌می دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردستان
2016-06-24 [04:07 AM]

نووسینی: د.چواس حسن


 

له‌وانه‌یه‌ مێژوو په‌یامه‌که‌ی دوێنێ (٢٣ حوزه‌یران ٢٠١٦)ی به‌ڕێز سه‌رۆکی ھه‌رێم مه‌سعود بارزانی، به‌یه‌که‌م ھه‌نگاوی پراکتیکی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردستان له‌قه‌ڵه‌م بدات. بارزانی له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا له‌گه‌لێک بۆنه‌دا، له‌ گه‌لێک له‌ چاوپێکه‌وتنه‌ رۆژنامه‌وانیه‌کانیدا، دڵنیام له‌گه‌لێک دیداری نھێنی ناوخۆیی و ده‌ره‌کیشدا باسی له‌مافی گه‌لی کوردستان له‌دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی خۆیدا کردووه‌، به‌ڵام بێگومان ماف ھه‌رچه‌ند سرووشتی و به‌ڵگه‌ نه‌ویست بێت، له‌خۆوه‌ ناکه‌وێته‌ بواری کارپێکردن و ده‌بێت خاوه‌ن ماف بیسه‌پێنێت و له‌چوارچێوه‌یه‌کی سیاسی و یاسایدا به‌رجه‌سته‌ی بکات، بۆیه‌ ھه‌میشه‌ قۆناغی پراکتیزه‌ کردنی ماف پێوویسته‌.

ئه‌وه‌ی له‌په‌یامه‌که‌ی به‌ڕێز سه‌رۆکی ھه‌رێمدا تێبینیم کرد و، وام لێده‌کات چاوه‌ڕوانبم ئه‌م په‌یامه‌ ببێته‌ سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی پرۆسه‌ی جاڕدانی دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تی کوردستان، ئه‌وه‌یه‌ که‌ مکوڕبوونێکی گه‌وره‌ی بارزانی بۆ گه‌یشتنی گه‌لی کوردستان به‌ مافی سه‌ربه‌خۆبوون، له‌م ساته‌ وه‌خته‌ ھه‌ستیاره‌ی عێراق و ناوچه‌ی خۆرھه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی پێدا تێپه‌ڕده‌بێت، ده‌بینرێت.

له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ بارزانی یه‌که‌م سه‌ره‌تا و ھه‌نگاوی بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردستانی له‌و په‌یامه‌دا به‌وه‌ دیاریکرد که‌به‌ڕاشکاوی ده‌ڵێت (ھه‌نگاوی یه‌که‌م ئه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا بکه‌وینه‌ گفتوگۆی ڕاشکاوانه‌ و برایانه‌) . لێره‌دا ده‌ربڕینه‌کانی (ھه‌نگاوی یه‌که‌م)، (گفتوگۆ)، (به‌غدا) به‌سه‌ریه‌که‌وه‌ له‌ په‌یامه‌که‌دا و به‌یه‌که‌وه‌ له‌یه‌ک دێڕدا، پاشان ڕاسپاردنی دیوانی سه‌رۆکایه‌تی ھه‌رێم بۆ سازدانی کۆبوونه‌وه‌یه‌کی تایبه‌ت به‌و مه‌به‌سته‌، به‌لای منه‌وه‌ دوو په‌یامی لێ ده‌خوێنرێته‌وه‌، ئه‌وانیش بریتین له‌:

په‌یامی یه‌که‌م، که‌ بۆ گه‌لی کوردستانه‌و ده‌یه‌وێت بڵێت ئه‌وه‌ ھه‌نگاوی یه‌که‌مه‌ به‌ره‌و جێبه‌جێ کردنی ئه‌و په‌یمانه‌ی پێمانداون له‌ کارکردن بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردستان. له‌ھه‌مان کاتدا ده‌یه‌وێت به‌سه‌رجه‌م ھێزه‌ سیاسیه‌کانیش بڵێت که‌ مه‌سه‌له‌ی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردستان جیدیه‌ و به‌م زووانه‌ ده‌ست پێده‌کات و کێشه‌ و گرفتی ناوخۆ نابێته‌ ڕێگر له‌به‌رده‌م ئه‌و بڕیاره‌ چاره‌نووس سازه‌دا.

په‌یامی دووه‌م، که‌ به‌ئاشکرا ڕووی له‌به‌غدا و به‌په‌نھانی ڕووی له‌ جیھانه‌، ده‌یه‌وێت بڵێت بۆ به‌دیھێنانی مافی سه‌ربه‌خۆبوونی کوردستان به‌گفتوگۆ و ئاشتیانه‌ ده‌ست پێ ده‌که‌ین، چونکه‌ ئێمه‌ ئه‌گه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی عێراقیشدا نه‌بین ئه‌وا ھه‌ر دراوسێین و گه‌لێک به‌رژه‌وه‌ندی ھاوبه‌ش به‌یه‌که‌وه‌ کۆمان ده‌کاته‌وه‌،به‌ڵام ده‌بێت بزانن که‌ گفتوگۆ تاکه‌ ڕێگه‌چاره‌ و ئه‌ڵته‌رناتیف نیه‌، به‌ڵکو ڕازینه‌بوونتان (واتا رازی نه‌بوونی به‌غدا) نابێته‌ ڕێگر له‌به‌رده‌م وویستی گه‌لی کوردستان بۆ به‌دیھێنانی سه‌ربه‌خۆیی، به‌ڵکو ئێمه‌ سوورین له‌سه‌ر ئه‌و مافه‌مان و ھه‌نگاوی دیکه‌ش ھه‌ن له‌ئه‌گه‌ری ڕازینه‌بوونتاندا، وه‌ک جاڕدانی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا. ھه‌روه‌ھا بارزانی ده‌یه‌وێت به‌جیھانیش بڵێت ئێمه‌ تا ڕێکه‌وتن و تێگه‌یشتن مومکن بێت بۆ جیابوونه‌وه‌ له‌به‌غدا ئه‌وا به‌و ئاراسته‌یه‌ کارده‌که‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ مومکن نه‌بوو، ناکرێت ده‌سته‌وسان دابنیشین و واز له‌و مافه‌مان بێنین، بۆیه‌ بڕیاری خۆمان ده‌ده‌ین و گله‌یش مه‌که‌ن و پشتیوانمان بن.

بۆیه‌ ده‌ڵێم ئه‌م په‌یامه‌ خاڵی وه‌رچه‌رخانی سه‌ره‌کی ده‌بێت له‌ یه‌کلایه‌ی کردنه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی سه‌ربه‌خۆبوونی کوردستان له‌سه‌ر ھه‌موو ئاسته‌کانی ناوخۆی کوردستان و عێراق و جیھانیش.





ئەم هەواڵە 3388جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
مۆبایل سەری لە قوڕێ نا
موشه‌كی رووسی له‌ ده‌ریای ناوه‌ڕاسته‌وه‌ ئاراسته‌ی داعش له‌ ته‌دمور ده‌كرێت
شا سه‌لما به‌ قاوه‌ی عه‌ره‌بی پێشوازی له‌ تره‌مپ ده‌كات
ناسا روونترین وێنه‌ی شه‌وی زه‌وی له‌ بۆشاییه‌وه‌ بڵاو ده‌كاته‌وه‌
به‌یه‌ك موشه‌كی تازه‌ دروستكراو، تانكێك وردوخاش ده‌كات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad