English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
فراکسیۆنی بە ھیز بە رامبە ر بە کئ؟
2016-07-12 [08:30 AM]

سەلام عەبدوڵڵا


 فراکسیۆنی بەھێز، دەستەواژەیەکە ماوەیەکە سەرکردایەتی ھاوبەشی گۆڕان و یەکێتی دوای رێکەوتننامەکەیان زوو زوو بەکاری دەھێنن وەک دەستکەوتێکی مەزن بۆ گەلی کوردی حساب دەکەن. ئەمانە ژمارەی کورسییەکانیان لە ئەنجوومەنی پارێزگاکان و لە پەرلەمانی کوردستان و لە ئەنجوومەنی نیشتمانی عیراق لێکدەدەن و باسی بایەخ و گرنگی ئەو ژمارانە بۆ خەڵکی کورد و غەیرە کورد شرۆڤە دەکەن.
راستە گەر ئەو ژمارانە لێک بدرێن ژمارەی کورسییەکانیان زیاد دەبێ بەڵام پرسیار ئەوەیە بەرامبەر کێ زیاد دەبێت و کاریگەری لەسەر کێ دەبێت. گەر مەبەست پارتی بێت لە پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان، کێ دەڵێت لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا، کە ھێندەی نەماوە، ژمارەکان ھەر بەو جۆرە دەبێت، چونکە ئەوەی دیارە ئەم دوولایەنە یەک حزب بوون و لێک ترازان و لایەک وەک رەوتێکی نوێ خۆی نیشانی جەماوەر داو بانگەشەی گۆڕانکاریی ریشەیی لە سیستەمی سیاسی و ئابووری و تەنانەت کۆمەڵایەتیشیان دەکرد بەو پێیەش خەڵکانێکی زۆریان، کە تا ئەوکاتە بەلای کەسدا خۆیان ساغ نەکردبووەوە، کەوتنە ژێرکاریگەری ئەو تەوژمی راگەیاندنە کە رۆژانە گۆڕان ئاراستەی خەڵکی بەتایبەتی ناوچەی سلێمانی دەکرد و دەنگیان بەوان دا و ھەروەک توانییان خەڵکانێکی زۆریش لەخودی یەکێتی دابڕن کەبووە ھۆی دەنگ لە دەستدانی یەکێتی و لە ئەنجامدا ژمارەی کورسییەکانی کەم بوونەوە.
بەڵام ئێستا کە گۆڕان بە پەرۆشەوە دەیەوێت لەگەڵ یەکێتی دا یەک بگرێتەوە ھەر بۆیەش رۆژانە ئەم ھەنگاوانە بەناوی سەرکردایەتی ھاوبەش فراکسیۆنی ھاوبەش و کاری ھاوبەشەوە دەنێت، چونکە دوای (٧) ساڵ لەو راستییە گەیشت کە بەبێ یەکێتی ئەو کارانەی دەیەوێت بۆی ناچێتە سەر کە بە واتایەکی تر دەیانەوێت یەکێتیەکە وەک پێش لێکترازانی لێبکرێتەوە کە ئیدی بڕوا ناکرێ ئەوانەی بە ناوی گۆڕانکارییەکەوە دەنگیان بە گۆڕان دا ھەمان ھەڵوێست دووپات بکەنەوە بۆیە زۆر چاوەڕواندەکرێ کە یەکێتی و گۆڕان پێکەوە لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا وەک جارانی پێش لێکترازان دەنگ بھێننەوە نەک زیاتر.
 بەڵام بەنیسبەت فراکسیۆنی بەھێزەوە لە بەغداو لە ئەنجوومەنی نوێنەران ئەو فراکسیۆنە بەھێزە بەرامبەر بە کێ دەبێت؟ ئایا بەرامبەر کوتلە عەرەبیەکان دەبێت کە زۆرینەی رەھان و ئایا ٢٨ یان ٢٩ کورسی بە تەنھا بە فراکسیۆنێکی بەھێز بەرامبەر ٣٢٨ کورسی لە قەڵەم دەدرێت؟ یەکێتی و گۆڕان ٢١ زائید ٨ کورسین کە دەکاتە ٢٩ کورسی ئایا ئەمە فراکسیۆنی بەھێزە یان لاوازکردنی کۆدەنگی کوردە چونکە پارتی و یەکێتی بە تەنھا خاوەنی ٤٩ کورسی بوون کە ئەو کاتیش بە فراکسیۆنێکی بەھێز حساب نەدەکرا جا خێرە ئێستا بە ٢٩ کورسی یەوە دەڵێن فراکسیۆنی بەھێز؟ فراکسیۆنی بەھێز کاتێک بەھێزە کە ھەموو کوتلە کوردیەکان پێکەوەبن و یەکھەڵێویست بن.
  گەر مەبەست لە فراکسیۆنی بەھێز ژمارەی کورسی بێت لە بەغدا، بەرامبەر پارتی، ئەوە ھێز نییە، ئەوە نیشاندانی لاوازیییە بەرامبەر حکوومەتی عێراق.





ئەم هەواڵە 7366جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە قافا گیرا
سامسۆنگ گاڵتە بە ئەپڵ دەکات
ژیانی خۆی کردە قوربانی سەرشێتیەک
خراپی لێ قەوما
شەڕە قۆچ لەگەڵ ئۆتۆمبێل دەکات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad