English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ
 
كورد له‌ نێوان عیراق و فیراق دا
2016-07-25 [12:40 PM]

نووسینی: ئاراس سیسۆ ستوونی


دوور و نزیك باس باسی كورده‌، میدیا جیهانییه‌كان به‌ بایه‌خه‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ دۆزی میلله‌تی كورد، كورد ئه‌و گه‌له‌ چه‌وساوه‌ی كه‌ مه‌زنترین گەلی بێ ده‌وڵه‌ته‌،‌ له‌وه‌ته‌ی بوونی هه‌بووه‌ دووچاری ده‌رده‌سه‌ری و مه‌ینه‌تی بووه‌، له‌ رێكه‌وتننامه‌ی سایكس-بیكۆی ساڵی 1916دا كوردستان گه‌وره‌ترین زۆڵمی له‌ مێژووی خویدا تووشی بوو، كه‌ خاكه‌كه‌ی به‌سه‌ر وڵاته‌ دراوسێكانی به‌ش به‌شكرا، تاكو ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ كه‌ 2016یه‌، وا 100 ساڵی ته‌واو به‌سه‌ر ئه‌م كاره‌ساته‌ مه‌زنه‌دا تێپه‌ری،وه‌كو ئاشكراشه‌ هیچ ده‌ستێكی ده‌ره‌كی ناتوانێ ئه‌م نادادپه‌روه‌ریه‌ به‌سه‌ر هیچ میلله‌تێكدا بسه‌پێنێت مه‌گه‌ر (ناته‌بایی و نه‌بوونی یه‌كڕیزی و یه‌كگرتوویی) له‌ناو میلله‌ته‌كه‌ هه‌‌بێت، هه‌روه‌كو چۆن ده‌ڵێن: دار كرمی له‌خۆی نه‌بێت عومری هه‌زار ساڵه، هه‌ڵه‌كردن له‌ سیاسه‌ت و به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتدا ئه‌وه‌نده‌ زیانی نییه‌ مه‌گه‌ر دووباره‌كردنه‌وه‌ی نه‌بوبێت، ئه‌گه‌ر هات و سوودیش له‌ هه‌ڵه‌كان وه‌ربگیرێت و هه‌ڵه‌كان بقۆزینه‌وه‌ ئه‌مه‌یان چاكترینه‌، هیچ كاتێك ئه‌وه‌نده‌ی ئێستا بایه‌خ به‌ دۆزی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی كورد نه‌دراوه‌، بۆیه‌ ده‌بێ سوود له‌ هه‌ڵه‌كان و وانه‌ له‌ مێژو و رێز له‌ ویستی گه‌ل و خوێنی شه‌هیدان بگرین.


مه‌به‌ست له‌ ناونیشانی بابه‌ته‌كه‌ نه‌ته‌وه‌ی كورده‌ له‌ به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنی چاره‌نووسی خۆی، له‌به‌رده‌م دووڕیانی مانه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق، یاخود ده‌رچون له‌ عێراق و به‌روه‌و چاره‌ی خۆنووسین و سه‌ربه‌خۆبوون له‌ به‌ڕێوه‌بردنی خاك و نیشتمانی خۆی.


عیراق؟ فیراق و جیابوونه‌وه‌؟ عێراق ئه‌و وڵاته‌ نه‌كبه‌ته‌ی كه‌ هه‌میشه‌ به‌ده‌ست نه‌هامه‌تیه‌كه‌وه‌ ناڵاندوویه‌تی، یان حوكمی نادادپه‌روه‌ر یان ده‌سه‌ڵاتێكی دیكتاتۆر یان ته‌فره‌قه‌و ناكۆكی سیاسی ومه‌زهه‌بی، ده‌بێ كورد و سه‌ركردایه‌تیی سیاسی له‌نێوان عێراقێكی نه‌كبه‌ت و كوردستانێكی یه‌كڕیز و یه‌كگرتوودا یه‌كێكیان هەڵبژێرێت.


ئێستادا زۆربه‌ی لایه‌نه‌كان و سه‌ركرده‌كانی پارته و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان هاو ڕان له‌وه‌ی كه‌ ده‌بێ راپرسی بۆ مافی چاره‌ی خۆنووسین بكرێت و راپرسی له‌ كاره‌ هه‌ره‌ پێشینه‌كان بێت و نابێ به‌هۆی ناكۆكیه‌ ناوخۆیه‌كانه‌وه‌ ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ مێژووییه‌ دوابخرێت، له‌كاتێكدا به‌شێكیان پێیان وایه‌ ده‌بێ راپرسییه‌كه‌ بۆ دوای رێكخستنی ناوماڵی كورد بێت.


ئه‌گه‌ر به‌ ووردی له‌ پرسه‌كه‌ بڕوانین ده‌بینین ده‌ستێكی ده‌ره‌كی هه‌میشه‌ كاریگه‌ری له‌ پرسه‌ چاره‌نووسازه‌كانی ناوخۆی میلله‌ته‌كه‌مانه‌وه‌ هه‌بووه‌، ئێمه‌ی كوردیش له‌وه‌ته‌ی هه‌ین به‌ سوزداریه‌وه‌ له‌ پرسه‌كان ده‌نێرین، بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌ داهاتووی خاك و نیشتمان و لاپه‌ڕه‌كانی مێژوو بكه‌ینه‌وه‌ه.


ناكرێ لایه‌نیك تاوانباربكرێت، به‌ڵام هه‌ركات كورد ده‌رفه‌تێكی هه‌بووه‌ ده‌ستی ده‌ره‌كی له‌ رێگه‌ی لایه‌نه‌ -یاخیبووه‌كانی- ناوخۆ هه‌وڵیان داوه‌ ئه‌م ده‌رفه‌تانه‌ له‌بار ببه‌ن و له‌ گشتیشیان سه‌ركه‌وتوو بوون، ئێستا ئێمه‌ی كورد له‌به‌رده‌م ده‌رفه‌تێكی مێژووین و خه‌ریكه‌ ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ش به‌ده‌ردی ده‌رفه‌ته‌كانی تر بچیێت یاخود بیبه‌ن، ئه‌م ده‌سته‌ ده‌ره‌كییه‌ كێیه‌؟ چی ده‌وێت؟ كێ مه‌رامه‌كانی هه‌ڵگرتوون...؟
له‌م ساته‌وه‌خته‌ مێژووییه‌ هه‌ر لایه‌نێك - به‌هه‌ر بیانۆیه‌ك- ته‌گه‌ره‌ بخاته‌ به‌رده‌م پڕۆسه‌ی راپرسی بێگومان ئه‌مه‌یان به‌ كه‌مته‌رخه‌م داده‌نرێت له‌به‌رده‌م خاك و نیشتمانی خۆی، چونكه‌ راسته یه‌كڕیزی نیشتمانی كارێكی گه‌وره‌وه‌ پیرۆزه‌ به‌ڵام مافی چاره‌ی خۆنووسین پیرۆزترو گه‌وره‌تره‌، وه‌ ئه‌وانه‌ی داوای راپرسی ده‌كه‌ن ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ یه‌كڕیزی نیشتمانین نه‌وه‌ك دژی بن، به‌ڵام یه‌كڕیزی نیشتمانی نه‌كرێته‌ خاڵێك بۆ دواخستنی پرۆسه‌كه‌، به‌هیوای ئه‌وه‌ی گشت لایه‌نه‌كان به‌ به‌رپرسانه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ رووداوه‌كانی ئه‌مڕودا بكه‌ن چونكه ‌ئه‌م رووداوانه‌ ده‌بنه دیرۆك بۆ سبه‌ینێ.





ئەم هەواڵە 1297جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شا سه‌لما به‌ قاوه‌ی عه‌ره‌بی پێشوازی له‌ تره‌مپ ده‌كات
ناسا روونترین وێنه‌ی شه‌وی زه‌وی له‌ بۆشاییه‌وه‌ بڵاو ده‌كاته‌وه‌
به‌یه‌ك موشه‌كی تازه‌ دروستكراو، تانكێك وردوخاش ده‌كات
ته‌قینه‌وه‌ی عه‌مباری چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی
جاڵجالۆکە چۆن تەونی خۆی دروست دەکات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad