English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ
 
دوێنێ زوو بوو، سبەی درەنگە و ئەمڕۆ كاتییەتی
2016-10-03 [11:50 AM]

نووسینی: ئازا حەسیب قەرەداخی


سەرۆک بارزانی یەکێکە لەو سەرکردە و سیاسەتمەدارانەی لە دیاریکردنی کاتی گەمەکاندا زۆر وریا و بە دیقەتە.

بۆ ھەر گەمەیەکیش دەزانێ دوێنێ زوو بووە و سبەی درەنگ و ئەمڕۆ کاتییەتی.

نەچووە بەغدا تا ئەو کاتەی ھەموو پێداویستی و مەرجەکانی ساز بوو. چەند ساڵێک لەناو کەشێکی زۆر ئاڵۆز و گەرمی پڕ ململانێ و پیلان دانان بۆ تێکدانی پەیوەندییەکانی نێوانی ھەولێر و بەغدا، بە ئارامی نەخشەیەک ئامادەکرا، بۆیە بە کورتترین ماوە و لە یەک رۆژدا لێکتێگەیشتن و رێککەوتن لەبارەی کێشە ھەڵپەسێراوەکانەوە لەسەر ئاستی رەسمی و لەنێوانی پێکھاتەی سیاسی ھەرێمی کوردستان و ھاوپەیمانێتی شیعەدا ھاتە ئاراوە. بەرەیەکی عێراقی - کوردستانیی لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا یان زیاتردا، سەرقاڵی سازکردنی مێزی گەمەی سیاسی بوو بەو جۆرە کە خۆی نەخشەی بۆ ئەنجامەکانی کێشا بوو. پێشی وابوو بە جۆرێک گەمەکەی ئامادە کردووە و سپۆنسەرەکەیشی ھێندە بەھێزە لە گەمەی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیدا، کە بردنەوە مسۆگەرە و فەشەل مەحاڵە. بەرەی بەرامبەر ھەندێ ھێڵی میدانی گەمەکەیشیان بۆ چۆڵ کردبوون تا سەرکەوتنی لاوەکی تۆمار بکەن. بەو سەرکەوتنە لاوەکییانە ھێندە شاگەشکە و مەغرور و بێ منەت بوون. ئاگایان لەوە نەبوو کە ئەو سەرکەوتنە لاوەکییانە ھەموو کارتەکانی دەستیان و پەیوەندی نێوانیانی ئاشکرا کردووە و شکاندنیان ئاسانتر بووە. ئا لەو تەوقیتەدا بوو کە سەرۆک بارزانی بە سەرکردایەتی وەفدێکی کوردستانی چوو بۆ بەغدا. عەبادی و ھاوپەیمانێتی شیعە پێشوازی شایستەیان لێ کردن و بە ژمارەیەک کۆبوونەوەی مەکووکیی گەیشتنە لێکتێگەیشتن و رێککەوتن. ئەو بەرەیە سێ کارتی سەرەکی بە پێشگری (نە) لەسەر مێزەکەی ئامادە کردبوو


: ١- موسڵ ئازاد نەکرێ و داعش کۆتایی نەیەت، چونکە بوونی داعش زەوینەی لەبارە بۆ دەستێوەردان لە کاروباری سووریا و عێراق و ناوچەکە. ھەروەھا رێ لە گۆڕانکارییەکانی پارسەنگی ھێز و جیۆپۆلیتیکی ناوچەکە دەگرێ یان دوای دەخات
٢- :حکومەتی عەبادی نەمێنێ و مالیکی بگەڕێتەوە دەسەڵات.


٣- :حکومەتی ھەرێم شکست بخوات و پارتی بخرێتە دەرەوەی بازنەی دەسەڵات و بارزانی نەتوانێ ستراتیژی گەیشتن بە سەربەخۆیی کوردستان بە دی بھێنێ. ئەم کارتانە ھێندە زیرەکانە ئامادەنەکرابوون بۆ گەمەکە کە نەتوانرێ تێکەڵ و پێکەڵ بکرێن. گەمەکەرە عێراقی و کوردستانییەکانیش ئەو گەمەکەرە زیرەک و لێھاتووانە نەبوون کە بزانن لەم گەمەیەدا سەرکەوتووبن. 

سپۆنسەرەکەیشیان ئەو ھێزە نەماوە کە بتوانێ لە کاتێکدا بارودۆخی نێوخۆی پڕاو پڕ بێ لە قەیرانی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی، لە سووریا و یەمەن و فەلەستین و لووبنان و عێراقیشدا سەرکردایەتی گەمەیەک بکات لەگەڵ زلھێزانی جیھان و بەرەی ئیقلیمی. بۆیە کۆبوونەوەکانی سەرۆک بارزانی و وەفدە کوردستانییە یاوەرەکەی لەگەڵ عەبادی و ھاوپەیمانێتی شیعە و گەیشتن بە لێکتێگەیشتن و رێککەوتن کە ئەمریکا و ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتی و ناوچەکە پشتیوانی خۆیان بۆ راگەیاندن، نەک ھەر کارتەکانی لێ تێکەڵ پێکەڵ کردن، بەڵکو مێزەکەیشی بەسەریاندا قڵپ کردەوە. رێککەوتنی نێوان بەغدا و ھەولێر دەستکەوتی بنەڕەتی ھاوبەش و جیاجیای بۆ ھەردوولا ھەیە. 

ھەردوولا لە شەڕی داعش و ئاوەدانکردنەوە و وەگەڕخستنەوەی خولی ئابووری و گەشەکردن پشتیوانی زۆرتری نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتییان مسۆگەر کرد. بۆ عێراق، ھاوپەیمانێتی بەشدارانی پرۆسەی ئازادکردنی موسڵ و کۆتاییھاتنی داعش و ئەنجامە ئیداری و سیاسییەکانی دوای ئازادکردنی موسڵ رێکخرا. ئەمەیش دەروازەیە بۆ کۆتاییھاتنی داعش لە سووریاشدا. کۆتاییھاتنی داعش واتە گۆڕینی پارسەنگی ھێز و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا. حکومەتەکەی عەبادی و یەکگرتوویی ھاوپەیمانێتی شیعە لە عێراقدا مسۆگەر کرد. واتە ھەوڵەکانی کودەتا و گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی دیکتاتۆریی و ملھوڕیی مالیکی و ھاوکوفەکانی لەناوبرد. بۆ کوردستانیش، رزگاربوون لە داعش و کۆتاییھاتنی ئەم شەڕە قورس و گرانەی لەسەر گیانی رۆڵەکانی کوردستان و توانا ئابوورییەکانی ھەرێمی کوردستان مسۆگەر کرد. ئەگەری ھەر شەڕێکی دیکەی بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان بەناوی حەشدی شەعبییەوە دوورخستەوە. شێوازی ئیداری و سیاسی موسڵ و ناوچە رزگارکراوەکانی لە دوای داعش داڕشت. بەڕە لەژێر پێی ھاوسەنگەرەکانی مالیکی دەرھێنرا و چارەسەرکردنی کێشە پەیوەندارەکان بە کەیسی نەوت و بوودجە و دەسەڵات و سەروەرییەوە خرایە سەر راستە رێ. بە گفتوگۆ و دانوستانی دۆستانە کوردستان بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدا، لەسەر بنەمای ئەوەی کە دوای سەربەخۆیی کوردستان، ھەر یەکە لە عێراق و کوردستان دوو دراوسێی باش و قووڵایی ستراتیژی یەکتر دەبن.





ئەم هەواڵە 2560جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ناسا روونترین وێنه‌ی شه‌وی زه‌وی له‌ بۆشاییه‌وه‌ بڵاو ده‌كاته‌وه‌
به‌یه‌ك موشه‌كی تازه‌ دروستكراو، تانكێك وردوخاش ده‌كات
ته‌قینه‌وه‌ی عه‌مباری چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی
جاڵجالۆکە چۆن تەونی خۆی دروست دەکات
بارهه‌ڵگرێك به‌زمێكی سه‌یر به‌پیكه‌بێك ده‌كات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad