English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ
 
پێشمه‌رگه‌ شایسته‌ی شانازیه‌ نه‌ك گومان
2016-10-23 [06:55 AM]

نووسینی: شهلا عبدالعزیز



ڕۆڵ وکاریگەرى پێشمەرگە بەدرێژایى شۆڕش وبزوتنەوەى ڕزگاری خوازى نەتەوەیى کورد هەمیشە یەکلایی کەرەوە بووە، لەمێژووى کورددا نەبووە شۆڕشى بێ هێزى چەکدارى توانیبێتى دەستکەوتى سیاسی بەدەست بهێنێت، لەم بەشەى وڵاتیش ڕۆڵى پێشمەرگە بەزۆر قۆناغدا تێپەڕیووە و سەرجەم شۆڕش و بزوتنەوەکانیش خەڵکانى بەئەزموون ولێهاتووی نەتەوەیی سەرکردایەتیان کردووە، کەبەشێک لەمانە خاوەن كه‌سایه‌تی کاریزماییش بوون لەنمونەى ( شێخ سەعیدى پیران، شێخ ئەحمەدی بارزانى ، شێخ محمودی نەمر ، پێشەواقازیى محمد، بارزانى نەمر)، ئەم سەرکردانە وایانکردووە پێشمەرگایەتى سه‌ره‌ڕای سیما سه‌ربازیه‌كه‌ی وەک ئەرک و پیشەیەکى جەماوەری لێبێت کە لەکاتى پێویستدا سەرجەم چین و توێژەکان خریان بەپێشمەرگە بزانن.
لێرەوە بۆمان دەرده‌کەوێت پێشمەرگە سەرەڕاى عەقیدە نەتەوەیی و شۆڕشگێڕكه‌ی کە هەیبووە و هەیەتى، وەک هەرهێزێکى ترپێویستى بەسەرکردە و ڕێبەرى خاوەن ئەزموون و لێهاتوویش هەیە بۆئەوەى بتوانێ لەگەیشتن بەئامانجەکانیدا بەرچاوڕوون ویەکگرتووبێت وله‌كاتی پێویستدا كۆمه‌كی بۆ دابین بكات و سازدانی جه‌ماوه‌ریی بۆ دروستبكات، بۆ ئه‌وه‌ی دواى سەرکەوتنەکان پارێزگارى لەدەستکەوتەکان بکات، لەهەمان کاتدا پشتیوانى جەماوەرى و هەمووەکى چین و توێژەکان بۆپێشمەرگە یارمەتیدەرێکى یەکلاکەرەوەیە بۆ ئەو هێزە، بەشێوەیەک کە پێشمەرگە لەوە دڵنیا دەبێتەوە هاونیشتمانیان وەک هێزى نیشتمانى و فریادڕەسى یەکەم و کۆتایی خۆیان لێى دەڕوانن کە ئومێدى داهاتووی نیشتمانیان بەم هێزەدا هەڵوایسیوە.
لەکاتی ئیستادا کە هێزى پێشمەرگەى کوردستان  لەجەنگێكى سه‌ختی جیهانیدایە و تەواوى جیهان بەناو وناوبانگی پێشمەرگە ئاشنایە، پێویستیەکى ئەخلاقی ونەتەوەییە کە پشتیوانى جەماوەرى خەڵک ودامودەزگا مەدەنیەکانیش بۆیان زیاتر یەکگرتوو و یەک ڕیزبێت، ئەمەش لەڕویەکەوە ئەوڕاستیە بۆ جیهان پشتڕاست دەکاتەوە کە نەتەوەی کوردیش به‌ته‌واوی ته‌یار و ڕوانگه‌ جیاوازه‌كانیه‌وه‌ وەک هەموو وڵاتێک ئامادەیە خاوەندارى لە هێزى نیشتمانى خۆى بکات، لەلایەکى تریشەوە وادەکات سەرکەوتنەکانى پێشمەرگە سەرکەوتنى هه‌موو نیشتمان بن و مۆرکى نیشتمانیان لەدەست نەدەن.
بێگومان ئەم سازوئاماده‌كاریه‌ش تەنها بە قسە ناکرێت و نایەتەدی، بەڵکو پێویستى بە هەڵمەتێکى هەمەلایەن و پرۆسەیەکى گشتگیر هەیە، کە یەکەمجار لە لایەنە سیاسیەکانەوە دەستپێبکات، بەجۆرێک هەموو لایەنەکان تەواوى ململانێ وناکۆکیە سیاسیەکانى خۆیان بخەنە لاوە لەئاستى پێشمەرگەدا، بەجۆرێک مامەڵەیان لەگەڵ پێشمەرگە نیشتمانى بێت کە پێشمەرگە هەستنەکات هێزێک یان لایەنێکى سیاسی هەیە خۆى بەخاوەنى نازانێت یاخود بەگومانە لە ئاستیاندا، چونکە خودى هێزەکانى پێشمەرگەیش بە شێوەى پراکتیکى ئەوەیان سەلماند کە دووریان لە هەموو لایەنەکانەوە وەکویەکە ئەویش کاتێک ڕوون بووه‌وه‌ پێشمەرگە نەچووە ناو هیچ ململانێیەکى سیاسی وگرژى لایەنەکانەوە، بەڵکو پێشمەرگە لەگشت هەڵبژاردنەکانیشدا ڕەنگیکی مۆزایکی هەبووە  تەنها لایەنێک نەیتوانیوە تەواوى دەنگەکانى پێشمەرگە قۆرخ بکات، گشت حیزب وکوتلە سیاسیەکان بەقەد قەبارەى خۆیان دەنگیان هێناوە لەنێو ئەم هێزە نیشتمانیەدا، هەربۆیە هەر هەوڵێک بۆ چۆڵکردنى پشتى پێشمەرگە لەڕوى جەماوەریەوە و گومان خستنە سەر دەستکەوت وتوانا ولێهاتوویەکانى ئەو هێزە نیشتمانیە دەبێتە هۆى پەراوێزبوون وبچوکبوونەوەى ئەوانەى ئەوکارە دەکەن، هەر هێزێکیش پشتیوانى لەو ڕەوت وڕەفتارانە بکات سەرەڕاى ئەوەى پێچەوانەى ئیرادەى نەتەوەیی ونیشتمانى ڕەفتار دەکات لەهەمان کاتدا خۆى بێ بەرى دەکات لەو دەستکەوت وسەروەریانەى هێزى نیشتمانى کوردستان بەدەستیان دێنێت، لە لایەکى تریشەوە نەبوونى وەفایە بۆ ئەو دەنگانەى لەناو ڕیزەکانى پێشمەرگەدا بەدەستى هێناوە لە هەڵبژاردنەکاندا، چونکە تاکەکانى هێزى پێشمەرگە سەرەڕاى ئەرکى سەربازیان مافی بەشدارى سیاسیان هەیە وەک تاکێکى کۆمەڵگا لەپرۆسەى سیاسی وڵاتدا وهەڵبژاردنیش پرۆسەیەکە و دوبارەبوونەوەى مسۆگەرە، ئیدی سەرەڕاى پێویستى پشتیوانى دەسەڵات وناوەندەکانى بڕیار لە هێزى پێشمەرگە، هەرهێزێکى سیاسیش ئەرکێکى ئەخلاقی و نەتەوەیی و تەنانەت پراگماتیشی لەئەستۆدایە بۆ ئەوەى خۆى بەخاوەن بکات لەپێشمەرگە، هەرئەمەش وادەکات ئومێدى ئەوە بکرێت یەکگرتوویی و یەک ڕیزى پۆڵاینى پێشمەرگە بگوازرێتەوە بۆ ناو لایەنە سیاسیەکان وجەماوەرى کوردستان، نەک خوانەکردە هەوڵى ترسناک بدرێت بۆ گواستنەوەى ململانێکانى شەقام بۆ ناو هێزى نیشتمانى پێشمەرگە، كه‌ زیانمه‌ندی سه‌ره‌كی له‌په‌رتكردنی ئینتیمای پێشه‌مه‌رگه‌دا ته‌واوی گه‌لی كوردستانه‌ نه‌ك ته‌نها لایه‌نێكی دیاریكراو.





ئەم هەواڵە 4822جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
به‌یه‌ك موشه‌كی تازه‌ دروستكراو، تانكێك وردوخاش ده‌كات
ته‌قینه‌وه‌ی عه‌مباری چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی
جاڵجالۆکە چۆن تەونی خۆی دروست دەکات
بارهه‌ڵگرێك به‌زمێكی سه‌یر به‌پیكه‌بێك ده‌كات
بوێری دەکەیت ئاوا خۆت ھەڵدەیت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad