English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ
 
چرویكایا.. دكتۆری نیشتمان
2016-11-02 [01:17 AM]

نووسینی: دڵشاد مستەفا وەسانی


رۆژی 30/10/2016 هەواڵی شەهیدبوونی دكتۆر سلێمان چرویكایا، خەڵكی كوردستانی هەژاند، دكتۆر چرویكایا لەگەڵ دەست پێكردنی شەڕی ئازادكردنی شنگال، وەك قارەمان و گیانفیدایەكی كورد خۆی بە خەڵكی هەرێمی كوردستان ناساند، لەو رۆژەی بریندار بوو، خەڵكی كوردستان لە خوای گەورە پاڕانەوە شیفای دكتۆر سلێمان بدات، ئەو كە لە خانەوادەیەكی تێكۆشەری باكووری كوردستان بوو، بەهۆی ئازایەتی و ئاستی بەرزی خۆشەویستیی بۆ نیشتمان، زوو جێی خۆی لە دڵی كوردستانیان كردەوە.
دكتۆر سلێمان نموونەی مرۆڤی خەباتكار و قوربانیدەر بوو، ئەمەشی بە كردەوە ئیسپات كرد، وازی لە خوێندن (لە كۆلیژی پزیشكی) هێناوە و رووی لە خەباتی چەكداری كردووە، لە ریزی پەكەكەدا وەك سەركردەیەك دەركەوتووە، دوای گرتنی ئۆجەلان، وازی هێناوە و چۆتە ئەوروپا، كاتێ هەواڵی پەلاماری داعش بۆ سەر كوردستان دەبیستێ، واز لە ژیانی ئەوروپا دێنێت و روودەكاتە بەرەكانی شەڕی دژی داعش، بەپێی ئەو ئامارانەی لەلایەن دەزگای پەیوەندیدارەوە راگەیاندراون، باس لە هەڵگرتنەوەی زیاتر لە پێنج هەزار مین، لەلایەن دكتۆر سلێمان و هەڤاڵەكانیەوە دەكەن، ئەو هەربەوەندەش نەوەستاوە، بەڵكو چەند خولێكی راهێنانیشی كردۆتەوە، بۆ ئەوەی ژمارەیەكی زۆری پێشمەرگە لەو بوارە پێبگەیەنێت.
بەڕاستی چرویكایا نموونەی پێشمەرگە و رۆڵەی بە وەفای گەل بوو، ئەو وانەیەكی گرنگ بوو كە نیشتمان لە سەرەوەی هەموو شتێكە، كاتێ هەستی كرد بەشێكی نیشتمان لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە داگیر دەكرێ و تەڕ و وشكی وڵات پێكەوە دەسوتێنێ، خۆی پێ نەگیرا و ژیانی ئەوروپای بە ژیانی نێو پێشمەرگە و سەنگەر وەك خۆبەخشێك گۆڕییەوە، دكتۆر سلێمان كە خاكی ئازادكراوی لە مین و پاشماوەی تەقەمەنی پاك دەكردەوە، ئازاری نیشتمانی كەم دەكردەوە.
حزب و گرووپی نێوخۆ هەن بە چاوێكی سووك سەیری پێشمەرگە دەكەن بە میلیشیا ناوی دەبەن، هەندێ كەس بەوەش راناوەستن، بەڵكو دەڵێن ئەوەی پێشمەرگە دەیكات جاشایەتییە، وەك ئەو كەسەی لە لەندەن لەبەردەم نەوشیروان مستەفادا گوتی، خەبات و قوربانیی چرویكایا وەڵامێكی بەهێزە بۆ ئەوانەی ئەركی ساردكردنەوەی خەڵك و پێشمەرگەیان وەئەستۆ گرتووە، هەر بۆیە راگەیاندنی ئەو حزبانە، گرنگییان بە شەهیدبوونی دكتۆر سلێمان نەدا، چونكە بڕیاریان داوە، هەرشتێك لەبەرژەوەندی حزبییاندا نەبێ، بەلای ئەوانەوە جێی بایەخ نییە، گوناهێكی گەورەیە دكتۆر سلێمان چرویكایا بە پێوەری حزبی سەیربكرێت و لەو پێگە مەزنەی خزمەتی نیشتماندا بهێنرێتە خوارەوە بۆ ئاستی حزبی، ئاخر ئەو تێڕوانینە پێیوایە تێكۆشان و قوربانیدانی چرویكایا و دەیان و سەدانی وەك ئەو، دەچێتە خانەی خزمەت بەپارتی، لەكاتێكدا پارتی لەسەر ئەو بنەمایە رێزی لە چرویكایا ناوە كە ژیانی ئەوروپای بە پێشمەرگایەتی گۆڕیوەتەوە و دواتر بوو بەو پەنجە و دەستەی شێركۆ بێكەس گوتەنی ئازاری خاك رادەژێنێ.





ئەم هەواڵە 5893جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ببینه‌ دیوارێك به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك ئۆتۆمبێل دا ده‌ڕوخێت
یه‌كه‌م بووكه‌ڵه‌ پیاسه‌ له‌ شه‌قامه‌كانی ژاپۆن ده‌كات
چه‌كدارانی داعش له‌ رۆژئاوا بۆ رۆژهه‌ڵاتی سوریا به‌ پاس ده‌گوازرێنه‌وه‌
دوای ئه‌و هێرشه‌ چی روویدا
ستونی كاره‌با زۆر به‌ توندی به‌سه‌ر ئۆتۆمبێلێك ده‌كه‌وێت و شوفێره‌كه‌ی رزگاری ده‌بێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad