English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ
 
رێگه‌چاره‌كانی كۆتاییهێنان به‌كێشه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.........شاخه‌وان خالید
2016-11-21 [07:23 AM]

ZNA - هه‌ولێر


"به‌داخه‌وه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان رۆلی ته‌ماشاكردن ده‌بینن و هیچ كاریگه‌رییان نیه‌ له‌چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان"

"بنیاتنانی پرده‌كانی متمانه‌ی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و جه‌ماوه‌ر، رێگه‌ی دروستی بنیاتنانی كوردستانێكی دیموكراسییه‌"

"ریفراندۆم هه‌نگاوێكی گرنگه‌‌ و په‌یوه‌ندیی به‌چاره‌نووسی ‌گه‌لی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه، بۆیه‌ پێویسته‌ كار بۆ ئه‌نجامدانی بكه‌ین"

 

هه‌رێمی‌ كوردستان زیاتر له‌ساڵێكه‌ به‌قه‌یرانێكی سیاسی‌ و دارایی قوڵدا تێده‌په‌ڕێت، به‌هۆی ‌گرژی ‌په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان لایه‌نه‌كان‌ كه ‌په‌كخستنی په‌رله‌مانی كوردستانی لێكه‌وته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ قوڵه‌ی باری ئابووری باشووری كوردستانی زیاتر ئاڵۆزكردووه‌،‌ سه‌ره‌ڕای چه‌ندین نێوه‌ندگیری ‌‌و هه‌وڵی‌ ده‌ستپێشخه‌ری ناوخۆ و نێوده‌وڵه‌تی‌ تائێستا نه‌توانراوه‌‌ چاره‌سه‌ر‌ بكرێن.

ئاڕاسته‌ی كێشه‌كان به‌ره‌و كوێ؟

ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێده‌كرێ ئاسۆی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ناڕوونه بۆیه‌ به‌هه‌ڵپه‌سێردراوی ماونه‌ته‌وه‌‌ و هه‌نگاوی بۆ نانرێ، هه‌ندێ لایه‌ن به‌بیانووی جۆراوجۆر خۆی له‌چاره‌سه‌ركردنیان ده‌دزێته‌وه‌، ئه‌مانه‌ هه‌مووی كێشه‌ی هه‌نووكه‌یین كه‌ده‌بنه‌ ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م هاوبه‌شی نیشتمانی و پڕۆسه‌ی دیموكراتی له ‌كوردستان و ئه‌م چه‌مگانه‌ بێ به‌ها ده‌كات و ژیانی تاكه‌كان به‌ره‌ و نه‌هامه‌تی زیاتر ده‌بات.

ئه‌ركی لایه‌نه‌كان چاره‌سه‌ركردنه‌ نه‌ك ته‌ماشاكردن

ئه‌وه‌ی ده‌بینین كێشه‌كانی نێوان گۆڕان و یه‌كێتی، پارتی و گۆڕان، كێشه‌كانی ناوه‌ندی بڕیار و مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی و چه‌ندین كێشه‌ی تر چاره‌سه‌رنه‌كراون، به‌داخه‌وه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی دیكه‌ رۆلی ته‌ماشاكردن ده‌بینن و هیچ كاریگه‌رییان نیه‌ له‌چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و هیچ شێوازێك بۆ نزیكبوونه‌وه‌‌و پته‌وبوونی په‌یوه‌ندییه‌كان داناڕێژن‌و هه‌ماهه‌نگی‌ و تێڕوانینی هاوبه‌شیان بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌‌و قه‌یرانه‌كانی نیه‌.

بۆیه‌ پێویسته‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان به‌شداریكردنێكی كارایان له‌چاره‌سه‌ری كێشه‌‌و قه‌یرانه‌ سیاسی و ئابووری‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی و خزمه‌تگوزاری‌و په‌روه‌رده‌ییه‌كانی باشووری كوردستان هه‌بێ‌.

پێشمه‌رگه‌ دووربێ له‌كێشه‌كان

هێزی پێشمه‌رگه‌ رۆڵی كاریگه‌ره‌ و  به‌رامبه‌ر به‌و قاره‌مانێتییه‌ی، كه‌ دژی تیرۆریستانی داعش نواندوویانه‌و هه‌موو لایه‌ك له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكن كه ‌پێشمه‌رگه‌ ئه‌‌فسانه‌ی داعشیان ته‌فروتوناكردوو به‌ره‌و له‌ناوچوونیان بردن. بۆیه‌ به‌هیچ جۆرێك نابێ پێشمه‌رگه‌ بخرێته‌ ناو ململانێی لایه‌نه‌كان و مه‌ترسیداره‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بۆ بادانی ده‌ستی یه‌كتر ناوی پێشمه‌رگه‌ به‌میلیشیای سه‌ر به‌حیزبه‌كان ناوببه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ پیرۆزه‌ و به‌رگریی له‌ كوردستان ده‌كات و گه‌وره‌ترین و نیشتمانپه‌روه‌رانه‌ترین ئه‌ركی له‌سه‌رشانه‌.

رێگه‌چاره‌ خۆمانین نه‌وه‌ك به‌غدا

نابێ ئێمه‌ له‌جیاتی عێراق، هه‌رێمی كوردستان پارچه‌ بكه‌ین، ئه‌و لایه‌نانه‌ی ئێستا باسی پارچه‌بوونی كوردستان ده‌كه‌ن، پێشتر ئه‌وان هه‌ڵگری مافی چاره‌ی خۆنووسین و جیابوونه‌وه‌ی كوردستان بوون، ئێمه‌ ئومێدی ئه‌وه‌مان ده‌كرد، عێراق ببێته‌ سێ پارچه‌ و كوردستان له‌ عێراق جیابێته‌وه‌، ئێستا كارێكی نه‌نگه‌ هه‌ندێ لایه‌ن كار بۆ جیابوونه‌وه‌ی پارێزگاكان له‌ كوردستان ده‌كه‌ن.

دیالۆگ‌ باشترین نه‌خشه‌ڕێگایه‌

دانیشتن و‌ دیالۆگ‌ باشترین نه‌خشه‌ڕێگایه‌ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه ‌‌و گرفته‌كان، ئه‌وه‌ش به‌رپرسیارێتیی مێژوویی ‌و نیشتمانیی‌ و نه‌ته‌وه‌ییه و‌ هه‌موو لایه‌كمان به‌رپرسین و ئه‌ركه‌ له‌سه‌رشانمان كار بۆ چاره‌سه‌كردن كێشه‌كان به‌رێگه‌ی گفتوگۆ بكه‌ین و سازش بۆ یه‌كتری بكه‌ین، لایه‌نه‌كانی‌ تریش ده‌بێت هه‌ندێك سازش بكه‌ن و سازش بۆ یه‌كتری عه‌یبه‌ نیه، به‌ڵكو بۆ به‌رژه‌وه‌ندی باڵای نیشتمانیمانه‌.

له‌هه‌مان كاتدا جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ بنه‌ماكانی كاری هاوبه‌ش و گیانی برایه‌تی و بنیاتنانی پرده‌كانی متمانه‌ی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و جه‌ماوه‌ر، رێگه‌ی دروستی بنیاتنانی كوردستانێكی دیموكراسییه‌.

رێكه‌وتن و رێگه‌چاره‌كان

یه‌كه‌م: رێككه‌وتنی لایه‌نه‌كان و بوونی په‌یمانی شه‌ره‌ف و پابه‌ندبوون به‌رێككه‌وتنه‌كه‌ بكرێ، تا هیچ لایه‌نێك پێچه‌وانه‌ی رێكه‌وتنه‌كان‌ هه‌ڵسوكه‌وت نه‌كات.

دووه‌م: كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و كاركردنی تا هه‌لبژاردنی داهاتوو.

سێیه‌م: بڕیاردان له‌سه‌ر ته‌واوكردنی رێكاره‌كانی ته‌واوكردنی ره‌شنووسی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵكی كوردستان ده‌نگی بۆ بدات.

چواره‌م: هه‌موو داهاتی كوردستان شه‌فافانه‌ دابه‌شی سه‌ر واره‌كان بكرێ و چاو به‌هه‌موو ئه‌و خه‌رجیه‌ زۆرانه‌ بكرێته‌وه‌ كه‌سامانی گشتی به‌هه‌ده‌رده‌دات.

پێنجه‌م: چاكسازی بنه‌ڕه‌تی له‌ده‌زگاكان بكرێ و پۆسته‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای بڕوانامه‌ و لێهاتوویی و تاقیكردنه‌وه‌ی شایسته‌یی‌ دابه‌ش بكرێ.

شه‌شه‌م: ئاشته‌وایی نێوان لایه‌نه‌كان بكرێ و له‌م قۆناغه‌ هه‌موو لایه‌كمان كار بۆ پاراستنی كوردستان بكه‌ین.

حه‌وته‌م: قوڵكردنه‌وه‌ی گیانی برایه‌تی و پێكه‌وه‌ژیانی سه‌رجه‌م لایه‌ن و پێكهاته‌ و ئایین و نه‌ته‌وه‌كان زامنی سه‌رخستنی كوردستانن.

هه‌شته‌م: ریفراندۆم هه‌نگاوێكی گرنگه‌‌ و په‌یوه‌ندیی به‌چاره‌نووسی ‌سه‌رجه‌م گه‌لی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه، بۆیه‌ پێویسته‌ كار بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بكرێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ش وه‌كو هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆمان بین.

 

شاخه‌وان خالید، سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی میدیا





ئەم هەواڵە 1828جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
مۆبایل سەری لە قوڕێ نا
موشه‌كی رووسی له‌ ده‌ریای ناوه‌ڕاسته‌وه‌ ئاراسته‌ی داعش له‌ ته‌دمور ده‌كرێت
شا سه‌لما به‌ قاوه‌ی عه‌ره‌بی پێشوازی له‌ تره‌مپ ده‌كات
ناسا روونترین وێنه‌ی شه‌وی زه‌وی له‌ بۆشاییه‌وه‌ بڵاو ده‌كاته‌وه‌
به‌یه‌ك موشه‌كی تازه‌ دروستكراو، تانكێك وردوخاش ده‌كات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad