English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ
 
مه‌ترسی تیرۆر كردنی پیرۆزییه‌كانی نه‌ته‌وه‌
2016-12-11 [12:14 PM]

نووسینی: نه‌زهه‌ت حالی


 
 

لەو قۆناغەدا زۆر كه‌سی نیشتمانپه‌روه‌ر کە خوازیاری ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆن له‌ نێو هه‌موو پارتە سیاسییه‌كانی كوردستانی باشور بۆ ده‌وڵه‌تسازی نه‌ك ته‌نیا كار ده‌كه‌ن و به‌ پێی توانایان و بە شیوازی جیاواز تێده‌كۆشن، به‌ڵكو زۆر له‌وانه‌ ئاماده‌ی گیان به‌خشینن له‌و پێناوه‌دا ، به‌ پێچه‌وانه‌ و به‌ داخه‌وه  زۆر كه‌سی تر بۆ تێکدانی ئەو هەرێمە کار دەکەن ، ئەو جۆرە لە زیان گەیاندن بە ئاسایشی نەتەوەیی چ بە  ئاگایی بّێت یا به‌ بێ ئاگاییەوە بێت ،دەبێتە هۆکار بۆ تێكدانی نه‌ته‌وه‌ و پارچه‌ پارچه‌ كردنی  نیشتیمان و لەبەرئەوە ئەو کەسانە بیانه‌وێت یا نه‌یانه‌وێت، به‌ ڕاسته‌وخۆ یا ناڕاسته‌وخۆ خزمه‌ت به‌ نه‌یارانی گه‌لی كوردستان ده‌كه‌ن. 
 له‌ ژێر ناوی ئازادی ڕاده‌ربڕین ، دیموكراسی ، شه‌ڕی گه‌نده‌ڵی و به‌رگری كردن له‌ قوتی خه‌ڵك، ئه‌وه‌ی خراپه‌ ده‌رحه‌ق گه‌لی كوردستان ده‌كرێت و پیرۆزییه‌كانی نه‌ته‌وه‌مان تیرۆرده‌كرێن.
زۆر به‌ داخه‌وه‌ له‌سه‌رشاشه‌ی هه‌ندێ كه‌ناڵی ته‌له‌فیزیۆنی كه‌سانێك داوا ده‌كه‌ن ولاتێكی دراوسێ بێت و ئه‌و وڵاته‌ی كه‌ به‌ خوێنی سه‌دان هه‌زار شه‌هید و بریندار ئازاد كراوه‌ و ده‌سه‌ڵاتێك كه‌ به‌رهه‌می ڕه‌نجی زۆر ژن و پیاوی ئه‌و كوردستانه‌یه‌ له‌ نێوی ببات و كه‌سانێك به‌و په‌ڕی بێ شه‌رمی بانگه‌شەی ئەوە‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئاماده‌ن به‌ پێش سوپای بێگانه‌ بكه‌ون و ده‌سه‌ڵاتی كوردی ڕابماڵن.
 سه‌د مخابن له‌سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌ كوردییه‌كان كه‌سانێك ده‌ڵێن دەسەڵاتدارانی به‌عس له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ باشتر بوون، به‌ بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌ بنه‌ماڵه‌ی شه‌هید و ئه‌نفالكراوان و قورربانیانی كیمیاباران بكه‌نه‌وه‌ و به‌های ئازادی و ده‌سه‌ڵاتی كوردی بزانن. 
گه‌ر كه‌سانێك به‌ وشه‌ به‌هاكانی ئازادی ، دیموكراسی ، ژیان و مافی خه‌لك بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان به‌ كاری بهێنن ، ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانن زۆر كه‌س له‌ كاروانی خه‌باتی كوردایه‌تی  دا تاكو ئێستاش به‌ گیان و ڕوحی خۆیان ئه‌و به‌هایانه‌یان بۆ گه‌له‌كه‌یان هه‌م ده‌سته‌به‌ر كردووه‌ و هه‌میشه‌ پاراستوویانه‌، هەم ئامادەشن بەگیان بیانپارێزن .
زۆر جنێو به‌ زۆر كه‌سایه‌تی و مرۆڤی مه‌زنی ئه‌و گه‌له‌ كه‌ هه‌ندێكیان هه‌ر له‌ ژیاندا نه‌ماون دراوه‌ ، سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانمان ڕه‌مزه‌ نه‌ته‌وه‌ی و نیشتمانییه‌كانمان ، ئاڵا ، حكومه‌ت ، پێشمه‌رگه‌ ، شه‌هید و خێزانی شه‌هید له‌و هێرشه‌ ناڕه‌وایانه‌ پاڕێزراو نه‌بوون .
ڕاسته‌ كه‌موو كوڕی و گه‌نده‌لی هه‌یه‌ كێشه‌ و گرفتمان زۆرن ، به‌ڵام هیچ كات ئه‌و پلانه‌ مه‌ترسیداره‌ی شكاندن و بێ نرخ كردنی پیرۆزییه‌كان چاره‌سه‌ر نیه‌ بۆ كێشه‌كانمان ، به‌ڵكو به‌ خۆی ده‌رد و هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی زۆر مه‌ترسیدارتره‌  بۆ سه‌ر ئاسایشی نیشتمان و ده‌بێته‌ هۆكاری لاواز كردنی هێز و توانای ڕاسته‌قینه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ و چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌ و گرفته‌كان . 
ئێمه‌ له‌ شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆریستاندا به‌ ده‌ست و بازوی پێشمه‌رگه‌ و خوێنی پیرۆزی شه‌هید و برینداره‌كانمان تاكو ئێستا سه‌ركه‌وتوو بووین ، گه‌ر یه‌كگرتوو بین له‌ شه‌ڕی دژ به‌ گه‌نده‌لی و بونیاد نانی دامه‌زراوەكانی ده‌وڵه‌تیش سه‌ركه‌وتوو ده‌بین ، به‌ڵام مه‌ترسی هه‌ره‌ گه‌وره‌ تیرۆر كردنی پیرۆزییه‌كانی گه‌لی كوردستان و پارچه‌ پارچه‌ كردن و لێكترازاندنی گه‌لی كوردستانه‌ .
 به‌ داخه‌وه‌ هێزێكی زۆر له‌ توانای گه‌لی كوردستان له‌ به‌ر خۆ په‌ره‌ستی و ڕق و كینه‌ی نێوخۆیی ته‌نیا بۆ كورد شكاندن و یه‌كتر شكاندن به‌ كار ده‌هێندرێت ، پێویسته‌ هه‌موو كوردە نیشتمانپه‌روه‌رانی كوردستان له‌ هه‌موو حزبه‌كان وریای ئه‌و مه‌ترسییه‌ بن بۆئەوەی نەبین بە‌ ئامرازی یه‌كتر شكاندن و كورد شكاندن.





ئەم هەواڵە 4147جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شا سه‌لما به‌ قاوه‌ی عه‌ره‌بی پێشوازی له‌ تره‌مپ ده‌كات
ناسا روونترین وێنه‌ی شه‌وی زه‌وی له‌ بۆشاییه‌وه‌ بڵاو ده‌كاته‌وه‌
به‌یه‌ك موشه‌كی تازه‌ دروستكراو، تانكێك وردوخاش ده‌كات
ته‌قینه‌وه‌ی عه‌مباری چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی
جاڵجالۆکە چۆن تەونی خۆی دروست دەکات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad