English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ
 
ھەرێم و ھۆڵەندا لەسەر دانانی میکانیزمێکی ھاوبەش بۆ ھەماھەنگی نێوانیان ڕێککەوتن
2017-01-10 [04:41 AM]

ZNA- هەولێر


 

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ "قوباد تاڵەبانی" جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی کرد لە وەفدێکی وڵاتی ھۆڵەندا کە پێکھاتبوون لە وەزیری پەرەپێدان و بازرگانی ھۆڵەندا "لیلیان پلۆمین" و باڵێۆز و کونسڵی گشتی ھۆڵەندا و چەند بەرپرسێکی تر.

 

لە کۆبونەوەکەدا کە وەزیری پلاندانانی حکومەتی ھەرێم و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ئامادەی بوون، باس لە پەیوەندییەکان و چۆنیەتی پتەو کردنیان لە ڕووی بازرگانی و دیبلۆماسییەوە و ھاوکارییەکانی ئەو وڵاتە بۆ ھەرێمی کوردستان کرا، ھەروەھا باس لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش و سەرکەوتنەکانی ھێزی پێشمەرگە و ڕەوشی ئاوارەکانی نیشتەجێی ھەرێمی کوردستان کرا .

 

جێگری سەرۆک وەزیران ستایشی ھەڵوێستی حکومەت و گەلی ھۆڵەندای کرد بۆ ئەو پاڵپشتییە بەردەوامەی بۆ گەلی کوردیان کردووە و ڕایگەیاند: "ھۆڵەندا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ھەمیشە ھاوکاری گەلی کورد بووە و ئێستاش لە شەڕی تیرۆریستانی داعش ڕۆڵیان ھەبووە و پاڵپشتی ئێمە بوون کە ئەمەش جێگەی پێزانین و خۆشحاڵییە".

 

ھەروەھا ئاماژەی بەو ژمارە زۆرەی ئاوارەکان کرد کە لە ھەرێمی کوردستانن و داوای لێکردن بەردەوام بن لە ھاوکاریە مرۆییەکانیان بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوامی بدەن بە خزمەتکردنیان. لەو بارەیەوە قوباد تاڵەبانی داوی کرد کە ھەرێمی کوردستان نوێنەری تایبەتی ھەبێت لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە ئاوارە و ھاوکاری کردنی ئاوارەکان بۆ ئەوەی ھەماھەنگی باشتر ھەبێت لەو ڕووەوە.

 

لە بەشێکی تری قسەکانیدا جێگری سەرۆک وەزیران بەوردی باسی لە ڕەوشی ھەرێمی کوردستان کرد و بەتایبەت ھەنگاوەکانی چاکسازی حکومەتی ھەرێم و وتی: "ھەنگاوی زۆر باشمان بڕیوە بەڕووی چاکسازییەوە،  پلانی ئەوەمان ھەیە لە کۆتاییدا ئەم قەیرانانەی بونەتە کێشە لە ئێستادا، ببنە مایەی خێر بۆ گەلەکەمان دوای جێبەجێکردنی قۆناغەکانی تری چاکسازی و دەرباز بوون لە گرفتەکان". ئاماژەی بەوەشدا کە بۆ ئەو مەبەستە ھەماھەنگییەکی باشمان لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی ھەیە بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانمان و پەرەپێدانیان.

 

وتیشی: "سەرباری ھەموو ڕەخنە و لەمپەرەکان، حکومەتی ھەرێم بەردەوام دەبێت لە چاکسازی و ڕاستکردنەوەی کەمووکورتییەکان و دڵنیاشین کە کۆتایی بەم ڕەوشە نالەبارە دێت و بەرە بەرە لە گرفتەکان دەرباز دەبین و ئومێدمان ھەیە کە بەرەو باشتر ھەنگاو بنێین".

 

لای خۆشییەوە وەزیری پلاندانانی حکومەتی ھەرێم باسی لە ژیان و گوزەرانی ئاوارەکان کرد و چۆنیەتی دابین کردنی پێداویستیەکانی ڕۆژانەیان لە لایەن حکومەتی ھەرێمەوە کە سەرباری ھەموو قەیرانەکان فشارێکی زۆری لەسەر حکومەت دروست کردووە و وتی " بۆ بەردەوامی ئەو کارە پێویستمان بە ھاوکاری وڵاتان ھەیە، بۆیە داوا دەکەین بەردەوام بن لە ھاوکارییەکان بۆ ئەوەی حکومەتی ھەرێمیش ئەرکەکانی خۆی لەو ڕووەوە جێبەجێ بکات".

 

وەزیری پەرەپێدان و بازرگانی ھۆڵەندا سوپاسی حکومەتی ھەرێمی کرد بۆ ئەو پێشوازییە و وتی " بەدڵنییایەوە ئێمە درک دەکەین بەو فشار و ڕەوشەی رووی کردۆتە ھەرێمی کوردستان و ھەموو توانایەکی خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی ھاوکاری حکومەت و گەلی ھەرێمی کوردستان بکەین".  ھەروەھا ستایشی قارەمانیەتی ھێزی پێشمەرگەی کرد لە شکست پێھێنانی داعش لە بەرەکانی شەڕ .

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وەزیری پەرەپێدان و بازرگانی ھۆڵەندا داوای لە حکومەتی ھەرێم کرد کە ئاسانکاری و زەمینەسازی بکەن بۆ وەبەر ھێنانی ھۆڵەندییەکان لە ھەرێمی کوردستان.

 

لە تەوەری کۆتایی کۆبونەوەکەش ھەردوولا ڕێککەوتن لەسەر دانانی میکانیزمێکی ھاوبەش و گونجاو بۆ ھەماھەنگی نێوان ھەرێم و ھۆڵەندا بەتایبەت لە ڕووی وەبەرھێنان و بازرگانییەوە.​





ئەم هەواڵە 3334جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
مۆبایل سەری لە قوڕێ نا
موشه‌كی رووسی له‌ ده‌ریای ناوه‌ڕاسته‌وه‌ ئاراسته‌ی داعش له‌ ته‌دمور ده‌كرێت
شا سه‌لما به‌ قاوه‌ی عه‌ره‌بی پێشوازی له‌ تره‌مپ ده‌كات
ناسا روونترین وێنه‌ی شه‌وی زه‌وی له‌ بۆشاییه‌وه‌ بڵاو ده‌كاته‌وه‌
به‌یه‌ك موشه‌كی تازه‌ دروستكراو، تانكێك وردوخاش ده‌كات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad