English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ
 
یەکەمین بەشی تەکنیکی ئۆتۆمبێل لە کوردستان کرایەوە
2017-01-11 [02:48 AM]

ZNA- هەولێر


 

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: زانکۆکان دەبێت کارامەیی پێشکەش بەخوێندکاران بکەن و، خوێندکاران بۆ بازار و گۆڕانکارییەکانی داھاتو ئامادە بکەن.

 

ئەو ڕاگەیاندنەی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەمیانەی پێشکەشکردنی وتەیەکی ھات، کە ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتی (١١/١/٢٠١٧) لە مەراسیمی کردنەوەی بەشی (تەکنیکی ئۆتۆمبێل) لە پەیمانگەی تەکنەلۆجی ھەولێر پێشکەشی کرد.

 

لەو مەراسیمەدا، کە ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆ حکومی و تایبەتەکان و پارێزگاری ھەولێر و، نوێنەری باڵێوزخانەی ئەمریکا لە ھەرێمی کوردستان و، ڕێکخراوی ئایرێکس و، ژمارەیەک لە مامۆستایان و خوێندکاران چەند وتەیەک پێشکەش کرا.

 

د.کاوە شێروانی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر لە وتەیکدا، دوای بەخێرھێنانی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و، میوانان، بەگرنگیەوە باسی لە بەشی تەکنیکی ئۆتۆمبێل لە زانکۆکەیان کرد و وتی: ئەم بەشە لەسەر ئاستی کوردستان بۆ یەکەمین جارە دەکرێتەوە، وتیشی لە کردنەوەیدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و کونسڵگەری ئەمریکا و، ڕێکخراوی ئایرێکس و ژمارەیەک لە کۆمپانیاکانی بواری ئۆتۆمبێل ھاریکار بون، بۆ ئەوەش سوپاسی سەرجەم ئەو لایەنانەی کرد.

 

لە بەشێکی دیکەی مەراسیمەکەدا، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتەیەکی پێشکەشکرد، لە وتەکەیدا د.یوسف گۆران وتی: خۆشحاڵم ئەمڕۆ لە بۆنەیەکی زانستی گرنگ ئامادە دەبم، ھەر لە وتەکەیدا باسی لە دیدگای وەزارەت بۆ داھاتو کرد و ڕایگەیاند: ئێمە لە وەزارەت خۆمان بۆ گۆڕانکارییەکان ئامادە دەکەین، ھەروەک دەبێ زانکۆکان خۆیان لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی جیھان بگونجێنن و، کارامەیی پێشکەش بەخوێندکاران بکەن و، خوێندکاران بۆ بازار و گۆڕانکارییەکانی داھاتو ئامادە بکەن.

 

سەبارەت بەگرنگی کردنەوەی بەشی (تەکنیکی ئۆتۆمبێل) وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتی: تەکنەلۆژیای ئۆتۆمبێل بەشێوەیەکی خێرا لە گەشەی بەردەوامدایە، ئەوانەی ئەمڕۆ لە بازاری کاری کوردستان کاردەکەن ناتوانن لەگەڵ ئەو گەشەکردنە بەردەوامەدا بن، بۆیە کردنەوەی بەشی تەکنیکی ئۆتۆمبێل و خوێندنی لایەنی تەکنیکی ئۆتۆمبێل دەسکەوتێکی گرنگە بۆ ئەمڕۆی ھەرێمی کوردستان، چونکە لە ئێستادا زیاتر لە یەک ملیۆن ئۆتۆمبێل لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان ھەیە، ئەم بەشەش دەبێتە بنەمایەکی گرنگ بۆ دروستکردنی توێژێکی کارا، کە ڕۆڵیان دەبێت لە پاراستنی باری ئابوری ھەرێمی کوردستان و، ڕێگردەبێت لە بەھەدەردان و چونە دەرەوەی سامانی میللەتەکەمان بۆ دەرەوەی وڵات.

 

د.یوسف گۆران ڕاشیگەیاند کردنەوەی ئەم بەشە ھاریکار دەبێت بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ گەنجانی وڵات، چونکە وەک ئەوەی لە دنیا ھەیە حکومەتەکان بەرەو بچوکبونەوە دەچن، چونکە بوارەکان ئەوەندە زۆر بون، حکومەتەکانی دنیا ناتوانن بپرژێنە سەر ھەمو بوارەکان، لەبەرئەوە ئێستا کەرتی تایبەت ڕۆڵی کارا لە بەڕێوەبردنی وڵاتانی دنیا دەبینن، ھیچ سیستمێکی حکومڕانی ناتوانێ سەرجەم خزمەتگوزارییەک پێشکەش بەھاوڵاتیەکانی بکات، لەو چوارچێوەیەشدا حکومەتی ھەرێمی کوردستان بایەخ بەوە دەدات کە زیاتر کۆمەڵگە پشت بەخۆی و کەرتی تایبەت ببەستێت و، لە ڕێگەی کەرتی تایبەتەوە دەرفەتی کار بۆ گەنجان بڕخسێ، ئەوەش تەنھا ڕەھەندێکی ئابوری نیە، بەڵکو ڕەھەندێکی سیاسیشی ھەیە، چونکە ھەر کۆمەڵگەیەک پشتی بەئابوری کۆمەڵگەو ھاوڵاتیانی خۆی بەست ئەوە دیموکراسی زیاتر تێدا بەرقەرار دەبێت و سەقامگیریشی زیاتر دەبێت و، دەبێتە خاوەن ئابورییەکی پتەویش.

 

لە بەشی کۆتایی وتارەکەشیدا، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی داوای لە کۆمپانیاکانی بواری ئۆتۆمبێل کرد پەیوەندی بەھێز لەگەڵ بەشی تەکنیکی ئۆتۆمبێل لە پەیمانگەی تەکنەلۆجی ھەولێر دروست بکەن، چونکە دواتر دەتوانن سود لە دەرچوەکانیان وەربگرن بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانیان بەشێوەیەکی پراکتیکی و ئەکادیمی.

 

ھەر لەو مەراسیمەدا چەند وتارێکی دیکە پێشکەشکرا، دوابەدوای پێشکەشکردنی وتارەکانیش، بەشی تەکنیکی ئۆتۆمبێل لەلایەن د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و، د.کاوە شێروانی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر و، خاتو لۆرا مەیسن سەرپەرشتیاری ڕێکخراوی ئایرێکس لە ھەولێر کرایەوە، دوای بەسەرکردنەوەی بەشەکانی بەشی تەکنیکی ئۆتۆمبێل، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەستخۆشی لە مامۆستایان و خوێندکاران کرد و، ھیوای خواست ببنە کادرێکی لێھاتو بۆ داھاتوی کۆمەڵگەکەمان.





ئەم هەواڵە 1804جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شا سه‌لما به‌ قاوه‌ی عه‌ره‌بی پێشوازی له‌ تره‌مپ ده‌كات
ناسا روونترین وێنه‌ی شه‌وی زه‌وی له‌ بۆشاییه‌وه‌ بڵاو ده‌كاته‌وه‌
به‌یه‌ك موشه‌كی تازه‌ دروستكراو، تانكێك وردوخاش ده‌كات
ته‌قینه‌وه‌ی عه‌مباری چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی
جاڵجالۆکە چۆن تەونی خۆی دروست دەکات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad