English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ژاپۆن ئامادەیی خۆی بۆ ھاوکاریی ھەرێم لە بوارەکانی پووچەڵکردنەوەی تەقەمەنی و پەرەپێدانی ئابووری و پیشەسازی و تەندروستی راگەیاند
2017-01-11 [06:05 AM]

ZNA- هەولێر


 

ئەمڕۆ لە سەلاحەدین "مەسعود بارزانی" سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە "کێنتارۆ سونۆرا" وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی ژاپۆن و شاندێکی یاوەری کرد کرد کە لە "فۆمیۆ ئاوای" باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق و "کاتسۆمی مۆریاسۆ" کونسوڵی ژاپۆن لە ھەرێمی کوردستان پێکھاتبوو.

 

لەدیدارەکەدا وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی ژاپۆن، خۆشحاڵیی خۆی بە دیدارەکە ڕاگەیاند و سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد بۆ ڕۆڵ و خەباتیان لە چەسپاندنی ئاشتی و بەرەوڕووبوونەوەی تیرۆر. ھەروەھا سوپاسگوزاریی خۆی بۆ پێشمەرگەی کوردستان ڕاگەیاند کە توانیویانە تیرۆریستان تێکبشکێنن.

 

وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی ژاپۆن ڕاشیگەیاند کە وڵاتەکەی دەیەوەێ پەیوەندییەکانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان پەرە پێ بدات و بۆ ئەو مەبەستەش ئەمڕۆ کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لەھەولێر دەکرێتەوە و کاتسۆمی مۆریاسۆی وەک کونسوڵی وڵاتەکەی لە ھەرێمی کوردستان بە سەرۆک بارزانی ناساند.

 

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی ژاپۆن ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ ھاوکاریی کردنی ھەرێمی کوردستان لە ھەموو بوارەکاندا ڕاگەیاند، بە تایبەتیش لە پووچەڵکردنەوەی تەقەمەنییەکانی پاشماوەی شەڕ و پەرەپێدانی ئابووری و پیشەسازی و تەندروستی.

 

دواتریش وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی ژاپۆن داوای لە سەرۆک بارزانی کرد سەرنج و تێڕوانینی خۆی سەبارەت بە داھاتووی تیرۆریستان بخاتەڕوو تا بەرچاوڕوونیی زیاتریان ھەبێت.

 

لە بەرانبەردا سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرھێنانی شاندی میوان، دەستخۆشی و پیرۆزبایی کردنەوەی کونسوڵخانەی ژاپۆنی لە ھەولێر ئاراستەی وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی ژاپۆن و شاندی یاوەری کرد و سوپاسی حکوومەت و گەلی ژاپۆنی کرد و کردنەوەی کونسوڵخانەی ژاپۆنی لە ھەولێر بە ھەنگاوێکی باش بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکانی ھەردوولا وەسف کرد و ئامادەیی ھەرێمی کوردستانی بۆ فراوانترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتی ژاپۆن ڕاگەیاند.

 

سەبارەت بە ئایندەی تیرۆریستان سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: پێشمەرگە توانی مەترسیدارترین و دڕندەترین ڕێکخراوی تیرۆریستی و دوژمنی مرۆڤایەتی تێکبشکێنێت کە ھەڕەشەیە بۆ سەر ھەموو جیھان. ئێستا ئەگەرچی داعش لە داڕووخان و شکستی گەورەدایە، بەڵام ئەوە مانای وانییە کە تێکشکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لەڕووی سەربازییەوە دەبێتە کوتاییھاتنی تیرۆر و توندڕۆیی، چونکە ڕەنگە بەناوی جیا و شێوازی جیاواز دەربکەونەوە. بۆیە پێویستە ھەماھەنگی و ھاوکارییەکی ھەمەلایەنە ھەبێت بۆ لەناوبردنی تیرۆر و توندڕۆیی، نەک ھەر تەنیا لە ڕووی سەربەزی بەڵکوو لە ھەموو ئاستەکاندا.

 

باسکردنی ڕەوشی سیاسی و سەربازیی ناوچەکە بەشێکی دیکەی دیدارەکە بوو.





ئەم هەواڵە 3835جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە قافا گیرا
سامسۆنگ گاڵتە بە ئەپڵ دەکات
ژیانی خۆی کردە قوربانی سەرشێتیەک
خراپی لێ قەوما
شەڕە قۆچ لەگەڵ ئۆتۆمبێل دەکات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad