English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
عێراقی مالكییەكان
2017-02-01 [11:33 AM]

نووسینی: دڵشاد مستەفا وەسانی


 گەورەترین كێشەی عێراق، شاردنەوەی واقیعی ئەو وڵاتەیە، لە لایەن ئەو حزب و گرووپانەی دەسەڵات وەردەگرن، هەر كەس و لایەنێك، لە پێناوی مانەوە لە دەسەڵاتدا، فرە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی بشارێتەوە، ملكەچی ئەجنداكانی دەرەوەش دەبێت، ئەوەی ئەمڕۆ لە عێراق دەگوزەرێ، پێچەوانەی ئەوەیە كە گەلانی عێراق لە دوای 2003 چاوەڕێیان دەكرد، چەندان ساڵە گەلانی عێراق بەدەست دەسەڵاتدارانیانەوە هیلاكن، بەتایبەتیش كورد كە پێی وابوو دوای كۆتایی هاتنی سەردەمی بەعەرەبكردن و ئەنفال و جینۆساید و وێرانكردنی كوردستان، ئیدی بیركردنەوەی دەسەڵاتدارانی عێراق گۆڕانی بەسەردا دێت، لێ كەسێكی وەك مالكی هەموو سنوورێكی تێپەڕاند، ئەو كە لە سەدەی بیست و یەكەمدا پەنا بۆ بڕینی قوتی خەڵكی كوردستان ببات، چ ئومێدێك بە عێراقی بەناو نوێ دەمێنێ.
 لە عێراقدا دەستوور نەك نەبۆتە هۆی پاراستنی مافی پێكهاتەكان، بەڵكو بە تەواوی پشتی تێدەكرێ، پاڵەوانی ئەو فەرامۆشكردنەی دەستوور و پاشەكشە لە سازان و هاوسەنگیی نێوان پێكهاتەكان مالكییە، ئەو دەرفەتی بۆ سەرهەڵدانەوەی شۆفێنییەكان پەیدا كرد، بەمەش كۆتایی بە عێراقی فرە پێكهاتە هات، هەڵەیە ئەگەر پێمان وابێت رەوتی حوكمڕانیی ئەو وڵاتە راست دەكرێتەوە، چونكە لە عێراق ژینگەی پێكەوەژیان وەلادەندرێت و قبوڵ ناكرێت، ئەم ژینگەیەش بەدەوری خۆی رێگەی بۆ دەستێوەردانی هێزە ئیقلیمییەكان خۆشكردووە، بۆیە كەپایتەختی دەوڵەتە ئیقلیمییەكان دژی خواستی كورد دەجوڵێنەوە، راستەوخۆ بەغدا دێتە سەر خەت و دژی هەرێمی كوردستان رادەوەستێ، هەفتەی رابردوو میدیای ئێران ئیشی لەسەر ئەوە كرد كە پرۆژەی سەربەخۆیی كوردستان لاوازە، چونكە چەند حزبێكی هەرێمی كوردستان بە توندی دژی راوەستاون، لەم هەفتەیەشدا، مالكی هەمان شەكری شكاند و گوتی: "كورد سەربەخۆیی ناوێ، خۆشگوزەرانی و ژیانی دەوێت و ئەوە تەنیا كەمینەیەكە ئەو داوایەی هەیە"، دیارە مالكی لە جیاتی كورد بڕیار دەدات.
 ئەو قسەیەی مالكی و میدیای ئێرانیش، لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، حزبەكانی كوردستان داوای خەڵك بە سەربەخۆییشەوە، وەك ئامرازی ناكۆكی بەكاردێنن، بۆیە هێزە ئیقلیمییەكان و بەغدا لە دەرفەتێكی وا دەگەڕێن، تا دژی ئیرادەی خەڵكی كوردستان بوەستنەوە، هەموو ئەو ئەجندایانەی دژی خواستی كوردستانن، ناكۆكیی حزبەكان، دژی هەرێمی كوردستان وەبەردەهێننەوە، بۆیە وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی كە پارتی داوای دەكات و حزبەكانی دی دژی سەربەخۆیی دەوەستنەوە، دەڵێن هەموو لایەنەكان داوای ناكەن.
 بەهۆی ناكۆكیی حزبەكان، تێڕوانینی بەغدا كە كار لەسەر پشتگوێ خستنی مافی گەلی كوردستان دەكات، بە باشی نەخوێندرایەوە، بۆیە هەقە هەموولایەك، كەمێك عێراق وەك خۆی ببینن، نەك بەچاوی حزبایەتی، بەڕاستی عێراق چیدی عێراقی پێكەوەژیان نییە، بەڵكو عێراقی مالكی و هاوشێوەكانییەتی، ئیدی حزبی كوردی چاوەڕێی چی دەكات، ئایا گوێیان لە دەنگی شۆفێنییەكانە كە لە قوڕگی مالكی دێتەدەر؟





ئەم هەواڵە 11404جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
فرۆکەوانێک بەم شێوەیە رێز لە مامۆستاکەی دەگرێت
کچێک بە موعجیزە رزگاری دەبێت
لە عێراق بەم شێوەیە ئاوی باران لادەدەن ، بە دڵنیایی دوو جار سەیری دەکەیەوە
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad