English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا کۆمەڵێک بڕیاری گرنگی دەرکرد
2017-03-09 [05:19 AM]

​ZNA-هەولێر


بەڕێوەبەرایەتى ڕاگەیاندنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەسەرپەرشتى د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، بەئامادەبونى ئەندامانى ئەنجومەنى وەزارەت، کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە سێنتەرى ڕۆشنبیرى و جڤاکى زانکۆى دهۆک بەڕێوەچو.

لەو کۆبونەوەیەدا کە ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتی (٨/٣/٢٠١٧) لە بەڕێوەچو، لە چەند تەوەرێکى جیادا گفتوگۆ لەبارەى چەند بابەتێکى پەیوەست بە خوێندکاران و خوێندنى باڵا تاتوێ کران و بڕیارى پێویستیان لەبارەوە درا.

لەو چوارچێوەیەدا و، لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا، د.مسڵح دهۆکى سەرۆکى زانکۆى دهۆک لە وتەیەکیدا بەخێرهێنانى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، ئەندامانى ئەنجومەنى وەزارەت کرد بۆ شارى دهۆک و ئەنجامدانى ئەو کۆبونەوەیەى ئەنجومەنى وەزارەت لە زانکۆى دهۆک و، هیواشى خواست ئەو جۆرە کۆبونەوانە لە زانکۆ جیاکان بەردەوام بێ بۆ باشتر لە نزیکەوە ئاگاداربون لە دۆخى زانکۆکان.

پاشان د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا دواى دەستخۆشیکردن لە زانکۆى دهۆک بۆ ئەو میوانداریە، ڕایگەیاند: ئەنجامدانى ئەو کۆبونەوانەى ئەنجومەنى وەزارەت هەر جارەو لە زانکۆیەک بەشێکە لە دیدگا و ڕوانگەى وەزارەت بۆ بەسەرکردنەوەى زانکۆکان و بایەخدانى یەکسان بەزانکۆکان و، لە نزیکەوە ئاگاداربون لە کێشە و هەوڵەکانى گەشەپێدانى زانکۆکان لە بوارە جیاوازەکان، وتیشى ئەنجومەنى وەزارت کە بەرزترین ناوەندى بڕیاردانى وەزارەتەکەمان بە بەستنى ئەو کۆبونەوانەى لە زانکۆ جیاکان بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربونە لە دۆخى زانکۆکان بەتایبەت زانکۆ تازەکان، چونکە ئەو جۆرە تێکەڵى و لە نزیکەوە ئاگاداربونە لە یەکتر دەبێتە فاکتەرێکى بەهێز بۆ دروستکردنى پەیوەندى زیاتر ئەکادیمى و گەشەپێدانى زانکۆکان.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، کارنامەى کۆبونەوەکە خرایە بەر باس و، ئەندامانى ئەنجومەن گفتوگۆیان لەبارەى سەرجەم تەوەرەکان کرد و، دواى خستنەروى چەندین پێشنیاز، بڕیارى گونجاو لەسەر تەوەرەکان درا.

 ڕێنمایى تایبەت بۆ نازناوى زانستى دادەنرێ

لەو چوارچێوەیەدا و، لە تەوەرى تایبەت بەکاروبارى زانستى و خوێندنى باڵا و، لە بڕگەى تایبەت بە هەڵگرانى ماستەر و دکتۆرا ئەوانەى کە کۆنمرەى بەکالۆریۆسیان لە (٦٠%) کەمترە و، داواى نازناوى زانستى دەکەن، کۆبونەوەکە بڕیاریدا میکانزمى تایبەت بۆ ئەو کەسانە دابنرێ، بڕیارە لە داڕشتنی میکانیزمی نوێدا پشت ببەسترێت بە ئاستی بڕوانامەی ستانداردی توانستی زمانی ئینگیزی و بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی زانستی لە گۆڤاری زانستی خاوەن فاکتەری کاریگەری،  وردەکارییەکانى ئەو بڕیارەش دواتر لەلایەن لێژنەیەکى پسپۆڕوە دابڕێژێ.

 

 لێژنەیەک بۆ گۆڕینى کولێژە کشتوکاڵیەکان پێک دێ

هەر لەو کۆبونەوەیەدا و، لە بڕگەى تایبەت بە گۆڕینى ناوى کۆلیژە کشتوکاڵیەکان بۆ ئەندازیارى کشتوکاڵى، کۆبونەوەکە بڕیاریدا لێژنەیەکى تایبەت پێک بهێنرێ و، بەشێوەیەک هەر کۆلێژێکى کشتوکاڵى ناوەڕۆکى پڕۆگرامەکانى هاوشێوەى کولێژە ئەندازییە کشتوکاڵیە زانکۆ بەناوبانگەکانى لێکرد، ئەوکات بڕیار دەدرێ ناوى ئەو کولێژانە بگۆڕدرێ.

 ببەنێودەوڵەتیکردنى زمان و ئەدەبى کوردى

لە تەوەرێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بە پڕۆژەى (Kurdish steady) کرد، کە لە دواین کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەت پەسندکرا و، تایبەت بەدابینکردنى زەمالەى زمان و ئەدەبى کوردى بۆ خوێندکارانى بیانى، لەو چوارچێوەیەشدا د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: لە ئێستادا سەرقاڵى وردەکارییەکانى ئەو پڕۆژەیەن بۆ ئەوەى لە داهاتودا ژمارەیەک کورسى خوێندن ڕابگەێنین، بۆ ئەوەش چەند پێشنیازێک گەڵاڵە کران بۆ چۆنیەتى ڕاگەیاندن و بەڕێوەبردنى ئەو پڕۆژەی، وەک لە کۆبونەوەکەدا باس کرا، پڕۆژەکە بە پڕۆژەیەکى نەتەوەیى وەزارەتە بۆ دابینکردنى زەمالەى خوێندنى کوردى بۆ خەڵکى بیانى بۆ ئەوەى بتوانن لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بخوێنن، بۆ ئەوەش د.یوسف ڕایگەیاند: لە ئێستادا بایەخدانێکى تایبەت بەناوچەکە هەیە، بۆیە ئەم پڕۆژەیە بۆ ئێستا زۆر گرنگە بەتایبەت بۆ ئێمە، ئاشکراشیکرد پڕۆسەکە بریتیە لە دابینکردنى ژمارەیەک کورسى ساڵانەى خوێندن بۆ خوێندنى بەرایى بۆ زمان و ئەدەبى کوردى لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان.

 

 ئەژمارکردنى تاقیکردنەوە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بۆ وەرگرتن لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کورردستان

هەر لەو کۆبونەوەیەدا، بڕیاردرا  لێژنەیەک لە وەزارەت پێک بێ، بۆ دانانى میکانزمی گونجاو بۆ ڕەچاوکردنی تاقیکردنەوە نێودەوڵەتییەکانی ئاستی دوازدەی ئامادەیی بۆ مەبەستی پێشکەشکردن بۆ زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەت تاقیکردنەوەکانی (SAT1 and SAT2) (A Level exam)، لە ساڵانى ڕابردوا بەهۆى ئەوەى وەرگرتن ناوەندى بو، ئەو تاقیکردنەوانە ئەژمار نەدەکران، بۆیە کۆبونەوەکە بڕیاریدا دواى ئەوەى لێژنەک میکانزمەکان دادەڕێژێ، ئەو خوێندکارانەى کە خاوەنى ئەو تاقیکردنەوانە بن دەتوانن داواکاری بۆ زانکۆ حکومییەکان پێشکەش بکەن.

 ئەژمارکردنى نمرەى وانەکانی زمانی کوردى و عەرەبى ئارەزومەندانە دەبێت

لە بەشى کۆتایى کۆبونەوەکەشدا، بڕیاردرا لەمساڵەوە ئەژمارکردنی نمرەی وانەکانی (زمانی کوردى و عەرەبى) بۆ دەرچوانى پۆلى دوانزە لە کاتی پێشکەشکردن بۆ کۆلێژە پزشکى و ئەندازیارى و زانستیەکان ئارەزومەندانە دەبێت.

واتا دەرچوانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی کاتێک داواکاری پێشکەش دەکەن بۆ کۆلێژە پزشکى و ئەندازیارى و زانستیەکان سەرپشک دەکرێن لەوەی کە ئایا دەیانەوێت نمرەی تاقیکردنەوەکانی زمانی کوردی و عەرەبیان بۆ ئەژمار بکرێت، بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا دەبێت بەشداری تاقیکردنەوەی هەردوو وانەی زمانی کوردی و عەرەبیان کردبێت و لە تاقیکردنەوەکە دەرچووبن، جێگەی ئاماژە پێکردنە کە ئەم بڕیارە لەمساڵەوە جێبەجێ دەکرێت.

 ساڵى داهاتو خوێندکاران بە دو قۆناغ لە زانکۆکان وەردەگیرێن

لە بەشێکى دیکەى ئەو کۆبونەوەیەدا تاوتوێی چۆنیەتى بەرەوپێشبردنى وەرگرتنى خوێندکاران بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٧/ ٢٠١٨) لە زانکۆکان کرا، لەو چوارچێوەیەشدا دواى ڕاگۆڕینەوەو گەڵاڵەکردنى چەند پێشنیازێک کۆبونەوەکە بڕیاریدا بەدو قۆناخ دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى لە زانکۆکان بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٧-٢٠١٨)وەربگرێ، بەشێوەیەک لە قۆناخى یەکەمدا بۆ دەرچوانى خولى یەکەم (٥٥%) خوێندکاران وەربگیرێت و، لە قۆناغى دوەم و بۆ دەرچوانى خولى دوەم ڕێژەى (٤٥%) وەربگیرێت.





ئەم هەواڵە 101917جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
ڤیدیۆیی .. ساتی کوشتنی تارا فارس
ھەڵۆیەک ھەوڵی رفاندنی منداڵێک دەدات
چەند دیمەنێکی سامناکی زریان و گەردەلوولەکەی ئەمریکا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad