English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ
 
نێچیرڤان بارزانی: نەورۆز جەژنی بووژانەوەی گیانی نیشتمانپەروەرییە
2017-03-20 [05:30 AM]

ZNA- هەولێر


 

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی تازەی کوردییەوە، لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە بنەماڵەی شەھیدان و گەلی کوردستان دەکات و دەڵێ: نەورۆز جەژنی بووژانەوە و بەھێزبوونی گیانی نیشتمانیی نەتەوەی کورد و ھەموو گەلی کوردستانە.

 

ئەمەش دەقی پەیامەکەیە:

 

بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی تازەی کوردییەوە، پیرۆزبایی لە یەکە بە یەکەی خێزانی سەربەرزی شەھیدانی کوردستان دەکەم کە بە خوێن و قارەمانێتیی ئەو شەھیدانە، ئێستا کوردستان جەژنی سەرکەوتن و تێکشکاندنی داعش دەگێڕێت. پیرۆزبایی لە پێشمەرگە قارەمانەکان، لە ئاسایش و ھێزەکانی ناوخۆ و خۆبەخشان دەکەم کە سەقامگیریی کوردستانیان پاراستووە. پیرۆزبایی لە فەرمانبەرانی کوردستان دەکەم کە بە خۆڕاگریی خۆیان، ھێزیان دایە گەل و حکوومەتی کوردستان.

 

جەژنی نەورۆز لە نەتەوەی کورد و ھەموو گەلی کوردستان پیرۆز دەکەم، ئەو جەژنەی بە ‌درێژاییی مێژووی کوردستان، ھاوکات لەگەڵ نوێبوونەوەی سروشتدا، ڕۆژی نوێبوونەوەی گیانی نیشتمانپەروەریی کورد بووە، بۆیەش بە ‌ڕاستی نەورۆز بۆ کورد و کوردستان جەژنی نوێبوونەوەیە. پیرۆزبایی لە ھەموو ئەو گەلانەی ناوچەکە دەکەم کە جەژنی نەورۆز دەگێڕن، ھیوادارم جەژنی پێشکەوتن و ئارامیی زیاتر بێت بۆ ھەموومان.

 

لە نەورۆزی ئەمساڵدا ڕاستە ھێشتا زۆر لە خەڵکی خۆشەویستی ناوچەی شنگال لەبەر دەستی داعشدا ماون، تا ئێستاش قورساییی شەڕ و لێکەوتەکانی شەڕی داعش بەسەر گەلی کوردستاندا ماون، ھێشتا قورساییی قەیرانی ئابووری بەسەر کوردستاندا ماوە، بەڵام بە ھەوڵی بێوچان، بەردەوام خوشک و برا ئێزدییەکانمان لە دەستی داعش ڕزگار دەکرێن، سەرکەوتنی پێشمەرگە،‌ گەلی کوردستانی وەک میللەتێکی پارێزەری ئازادی و بەھا مرۆڤایەتییەکان بە ھەموو جیھان ناساندووە، ئیرادەی خەڵکی کوردستان و کارکردنی بەردەوامی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەپێناو چاکسازی و ڕێکخستنەوەی کاروباری حکوومەت و ھاوبەشیکردن لەگەڵ دەزگا نێودەوڵەتییەکاندا لەوبارەیەوە، ھیوایەکی بەھێزی کۆتاییھێنان بە ھەموو قەیران و کێشەکان دەبەخشن.

 

لە نەورۆزدا، لە پیرۆزترین ڕۆژی کوردستاندا، داوا لە ھەموو لایەنەکانی کوردستان دەکەم لەپێناو پاراستنی ھەموو دەستکەوت و پێشکەوتنەکانی ھەرێمی کوردستان، دەنگیان بکەنە یەک بۆ ئەوەی بتوانین بە شێوەی لێکتێگەیشتن و ئاشتیانە، ھەموو کێشە و ناکۆکییە ناوخۆییەکان، فرەھێزی و گوێنەدانە سەروەریی خاک و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کۆتایی پێبینین.

 

ھیوادارم بە دڵێکی پڕ لە خۆشی و گەشبینییەوە جەژنی نەورۆز لەگەڵ خێزان و ئازیزانتاندا پیرۆز بکەن و بە پاراستنی ژینگە و سروشتی کوردستان، دۆستایەتی و خۆشەویستیی خۆتان لەگەڵ سروشتی جوانی کوردستاندا نیشان بدەن.





ئەم هەواڵە 277جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ته‌قینه‌وه‌ی عه‌مباری چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی
جاڵجالۆکە چۆن تەونی خۆی دروست دەکات
بارهه‌ڵگرێك به‌زمێكی سه‌یر به‌پیكه‌بێك ده‌كات
بوێری دەکەیت ئاوا خۆت ھەڵدەیت
چین...تووشی رووداوێكی ترسناك بوو، به‌ڵام رزگاری بوو
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad